سەرۆكی لیژنەی فتوا: كۆمەڵ و عەلی باپیر و داعش یەك ئامانجیان هەیە

:: AM:09:53:05/11/2016 ‌

مامۆستا مەلا خدر مستەفا یوونس سەرۆكی لیژنەی فتوای سۆرانی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان لە دیدارێكی "وشە"دا بە وردی دۆخی ئاینی لە كوردستان و چالاكی حزبە ئیسلامییەكان روون دەكاتەوە. رای دەگەیەنێت كە لە سنوورەكەیدا حزبە ئیسلامییەكان وەك پێویست كۆنترۆڵ ناكرێن و بە ئارەزووی خۆیان كاری رێكخستنی دەكەن، بە تایبەت كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بۆ ئێستە و ئایندەی كوردستان بە "مەترسییەكی یەكجار گەورەیە" و ئامانجیان لەگەڵ تیرۆرستانی داعش یەكە.

مەلا خدر كە پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی غەزاڵی شارەدێی خەلیفانیشە، لە بەشێكی تری وەڵامەكانیدا دووپاتی دەكاتەوە "كە پێڕەو و پرۆگرامی كۆمەڵ و داعش یەكن و تاكە جیاوازیان لەوەدا دەبینی "داعش لە مووسڵ دەژین و كۆمەڵ و عەلی باپیر لە كوردستان". بەپێویستیشی دەزانێ كە وەزارەتی ئەوقاف وتاری هەینی كەم بكاتەوە و ئەو زۆری و بۆرییە رێك بخاتەوە و رێگە نەدات هەموو كەس وتاری هەینی بدات.

لیژنەی فتوا لە سۆران بۆچی دامەزرا، فتوا مەگەر یەك دەربڕینی یەكگرتوو نییە لەسەر پرسێكی ناڕوون؟
لیژنەی فتوای سۆران كاریگەریی زۆری هەبوو لە دەڤەرەكە بەشێوەیەكی گشتی و خەڵك ئەو شاهیدییەمان بۆ دەدات، لە چارەسەركردنی كێشەكانی جیابوونەوە و رێكخستنەوەی هاوسەران، كێشەی موڵكداری و زەویوزار و میرات. 

یانی بێلایەنانە بڕیارتان داوە لە كێشەكاندا؟
جیاوازیمان نەكردووە ئەو كەسەی كێشەی هەیە سەر بە چ لایەنێكە، ئێمە بە حزبی كار ناكەین، گرنگ چارەسەركردنی كێشە و یەكلاكردنەوەیە لەلای ئێمە، لە هەموو بوارەكان كێشەمان چارەسەر كردووە بە هەزاران كێشە لە فتوای سۆران چارەسەر كراوە. 

كە فتوا دەدەن لەسەر كێشەیەك یان ناڕوونییەك تەنیا پشت بە مەزەوی شافیعی دەبەستن؟ 
نەخێر، پشت بە مەزەوی حەنەفی و ئیمام مالیكیش دەبەستین، ناكرێت تەنیا پشت بە مەزەوی شافیعی ببەستین، مەحاكیمەكانی عێراق و كوردستان حەنەفین، ئێمە وەك لیژنەی فتوای سۆران بە تایبەت لە كێشەی جیابوونەوەی هاوسەران مەزەوی حەنەفی بەكار دێنین و ئەو مەزەوە فراونترە لە شافیعی.
 


كەواتە رۆڵی یەكێتیی زانایان و لیژنەی فتوا لە سۆران چییە؟ 
رەوشی ئاینی لە دەڤەری سۆران بەشێوەیەكی گشتی زۆر باشە و مامۆستایانی ئاینی و یەكێتیی زانایانی ئاینی كوردستان لە سۆران كاریگەریی باشیان هەیە لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە و ئەو بارودۆخە هەستیارانەی ئێستە هەیە، بەرامبەر بە دینیش هیچ دەوڵەتێكی تری ئیسلامی وەك كورد دینی ئیسلامییان بە راستەقینە وەرنەرگرتووە و كورد مسوڵمانی راستەقینەیە، بەڵام رەوشی ئاینی جیاوازی زۆر هەیە لەگەڵ ساڵانی رابردوو، ئەویش بەهۆی پەیدابوونی حزبە ئیسلامییەكان كە وەك پێویست كۆنترۆڵ ناكرێن و بە ئارەزووی خۆیانن بوونیان لە ناوچەكەدا هەیە و كاری رێكخستنی سیاسیی دەكەن، ئەو حزبانە كاریگەری زۆر خراپیان هەیە و لە ئایندەش دەبێت،  پێویستە حكوومەت زۆر بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكان بكات.

كەواتە پێوەندیتان چۆنە لەگەڵ حزبەكان بە تایبەت ئیسلامییەكان؟
پێوەندیمان لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان زۆر باشە، بەڵام لەگەڵ حزبە ئیسلامییە سیاسییەكانی كوردستان زۆر خراپە.  

بۆچی؟ كێشەی ئاینی هەیە لە نێوانتاندا؟ 
حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان مەترسین، هەموویان بە ناوی دین سیاسەت دەكەن و هیچیان مەبەستیان خزمەتكردنی ئاینی ئیسلام نییە، زۆریش دوورن لە ئیسلام و پێوەندییان پێوەی نییە، ئەمەش مەترسییە بۆ كوردستان و ئاین، هەموو حزبە ئیسلامییەكان مەبەستیان گەیشتنە بە كورسی و دەسەڵات و جێگیركردنی كورسی، ئەگەر سیاسەتكردن نەبێت، حزبە ئیسلامییەكان ناچن لەگەڵ خراپترین حزب و تەنانەت حزبە چەپەكان رێكەوتن بكەن بۆ پڕۆژەی هاوبەش.

كوردستان فرەحزبییە و رەنگە ئاسایی بێت حزبی ئیسلامیش هەبێت، بەڵام ترس هەیە بۆ ئەوەی توندڕۆیی بەرهەم بێت لەو حزبانە؟
 بێگومان، كۆمەڵی ئیسلامی لە كوردستان بە رابەرایەتی عەلی باپیر ئاخر دەرەجە توندڕۆن و مەترسین بۆ سەر ئاسایشی كوردستان و هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ "داعش" ئامانجییان لەگەڵ داعش یەك ئامانجە.

چۆن جیاوازییان نییە؟
تەنیا جیاوازییەكیان هەیە ئەویش تیرۆرستانی داعش لە لای مووسڵ و شارەكانی تری عێراق نیشتەجێن، كۆمەڵی ئیسلامی و ئەمیرەكەیان و هاوبیرانی لە كوردستان دەژین، گومانی تێدا نییە كۆمەڵی ئیسلامی مەترسییەكی یەكجار گەورەیە بۆ ئێستە و ئایندەی كوردستان، حزبێكی شەڕانگێزە و دووڕووە و هەمیشە حەز لە دروستبوونی كێشە و ململانێ و ئاژاوەگێڕی دەكات و هیچ مەبەستیان خزمەتكردنی كوردستان و یەكڕیزی گەلی كورد نییە و دوورن لە ئاینی ئیسلام، بەناوی ئیسلام و ئاین و ئاڵاكەیان فێڵ لە خەڵك دەكەن كە ئەمەش زۆر مەترسیدارە و لە هەمان كاتدا فێڵكردنیشە لە ئاین و خودا.

بەڵگەت چییە بۆ ئەو قسانە؟ كەسی كۆمەڵ چووەتە ناو داعش یان بە هاندانی ئەوان چووبێت بۆ ناو تیرۆرستان؟
بەڵێ بێگومان، ئەوانەی لە كوردستان پێوەندییان بە داعشەوە كردووە بەشێكیان ئەندامی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بوونە، عەلی باپیر زۆر خەڵكی لەسەر رێگە لا برد، زۆر مەلای باش و چاكی لە رێگەی راست لادا، بە داخەوەم بۆ ئەو مەلا چاكانەی بە دوای عەلی باپیر و  پێڕەو و پڕۆگرامەكەی دەكەون، لەسەر دەستی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان چەندان گەنج لە كوردستان پێوەندییان بە داعش كردووە و ئێستە لە دژی پێشمەرگە شەڕ دەكەن و خەڵكی كوردستان شەهید دەكەن، تا ئێستە بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیر دەمی ناگرێت بەو پێشمەرگەی لە بەرگری خاك و شەرەفدا دەكوژرێت بڵێت "شەهید"، هەروەها نەمانبینیوە دوعایەك بۆ پێشمەرگە بكەن، هیچ كات نزیكی بەرەكانی جەنگ نەبوونەتەوە و سەردانی پیشمەرگە و ماڵی پێشمەرگە و پرسەی پێشمەرگەیان نەكردووە، لە كاتێكدا سەركردەی هەموو حزبەكانی كوردستان و وڵاتانی دنیا بە مسوڵمان و لادینەوە روویان لە بەرەكانی جەنگ كردووە و پشتگیرییان بۆ پێشمەرگە دەربڕیوە. 

ئەی لە پێڕەو بەرنامەدا هیچ لێكچوونێك دەبینی لە نێوان كۆمەڵ و داعش؟
هیچ گومانی تێدا نییە پێڕەو و پڕۆگرامی كۆمەڵی ئیسلامی هەمان پێڕەو و پڕۆگرامی داعشە و ئەمیری خۆیشیان هەیە بەناوی "عەلی باپیر"، ئەو حزبە و ئەمیرەكەیان هەمیشە مەترسین بۆ سەر ئێستە و ئایندەی كوردستان .

لە وڵاتێكدا هەست بە مەترسی توندڕۆیی بكرێ بە یاسا سنووری بۆ دادەنرێ، لە كوردستان ئەمە كراوە؟
ئەگەر سنوور لە كوردستان دژی توندڕۆیی داندرابایە، وتارخوێندنەوە بە مامۆستایانی سەر بە حزبە ئیسلامییەكان قەدەغە دەكرا، چونكە لەسەر مینبەر و لە وتاری هەینی خەڵكی كافر دەكەن و ناویشی دێنن لە كاتێكدا پێغەمبەرمان دەفەرموێت "هەر كەسێك شەهادەی هێنا و بەرامبەر بە قیبلە راوەستا، دروست نییە پێی بگوترێت "كافر"، كافر بوون لە فزێكی زۆر گەورەیە، كەسێكی موسڵمانی خواناسی نوێژكەر و رۆژووگر چۆن دەكرێت لەسەر مینبەر ناوی بهێنرێت و پێی بگوترێت كافر؟، بۆیە داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین، بە وردی و هەستیاری مامەڵە لەگەڵ وتارخوێن و مامۆستایانی ئاینی و لایەنگرانی حزبە ئیسلامییەكان بكات.

وەزارەتی ئەوقاف بە نیازە لە ئایندەدا كۆنفراسێك بۆ رێكخستنەوەی وتاری هەینی و كەمكردنەوەی رێك بخات، پێتان چۆنە؟
ئەو كارە زۆر باش و پیرۆزە ئەگەر بیكات، چونكە لەم كۆنفڕانسەدا شێوازی كەمكردنەوەی وتاری هەینی و سوودەكانی دەخرێتە ڕٍوو، هەروەها هەر مەلایەك بە كەڵكی وتاردان نەهات دوور بخرێتەوە، كەمكردنەوەی وتاری هەینی لە قازانجی كوردستانە و زیانی حزبە ئیسلامییەكان، رێژەی مزگەوتەكان زۆرن و هیچ پێویست نییە ئەوەندە وتار لە رۆژانی هەینی بدرێت، شارەدێ هەیە پێویستی بە یەك مزگەوتە كەچی لە سەنتەری شارەدێیەكە سێ مزگەوت وتار و نوێژی هەینییان تیادا دەكرێ، لە كاتێكدا هەر سێ مزگەوتەكەش نوێژخوێنی پێویستی تێدایە نییە كە لە رووی شەرعیش دروست نییە تا مزگەوتێك پڕ نەبێت، لە مزگەوتێكی نزیك وتاری هەینی و نوێژی لێ بكرێت . 

ئایا زۆری و بۆری و بێ ئاستی لە وتارخوێنیدا هەیە؟
ئەمە كێشەیەكی گەورەیە رووبەڕووی وەزارەتی ئەوقاف بووەتەوە، لە زۆر شوێن موئەزین، خزمەتكار مزگەوت، كەسێكی بێ بڕوانامە و بێ ئەزموون و ناشارەزا، فەقێی خوار 18 ساڵ لەسەر مینبەر وتاری دەخوێننەوە، ئەمە كێشەیەكی زۆر گەورە و مەترسیدارە لە كوردستان بە گشتی، بێ ئاست و بێ ئەزموونی ئەو مامۆستایانە كێشە بۆ مامۆستا و وتارخوێنەكانی تریش دروست دەكات، لە بەرامبەردا بانگخوازە ئیسلامییەكان ئەم هەلە دەقۆزنەوە و بەناوبانگ دەبن، هۆكارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی وەزارەتی ئەوقاف، بۆ رێگریكردن لەو جۆرە كەسانە پێویستە بڕیار بدات ئەوەی شیاو نەبێت و ئەزموونی وتاردانی نەبێت نەكرێتە وتارخوێن، نەبوونی لێیپێچینەوەیەك وای كردووە وتارخوێنی حزبە ئیسلامییەكان بە حەزی خۆیان وتار بخوێننەوە و توندڕۆیی لەسەر مینەبەر  بڵاو بكەنەوە، حكوومەت بەرپرسیاری یەكەمە لەم دۆخە.

بۆچی لە دەركردنی فتوا بۆچوونی جیاوازتان هەیە لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكان، مەگەر ئاینی ئیسلام یەك نییە؟  
ئەو حزبە ئیسلامییانە تەنیا مەرامیان گەیشتنە بە كورسی و دەسەڵات، ئاینی ئیسلام بۆ خۆیان بەكار دێنن و قوربانی پێڕەو و پڕۆگرامی حزبەكانیانی دەكەن، خەڵك سەرلێشێواو دەكەن، چۆن داعش دوژمنی دینە، حزبە ئیسلامییەكانیش دوژمنیان دینە و كاركردنیان دوورە لە دینداری.

دەمەوێ ئەو وەڵامە وەربگرم بۆچی لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكان كۆك نین؟
بەشێوەیەكی گشتی حزبە ئیسلامییەكان دووبەرەكی لەناو خەڵك دروست دەكەن، هەمیشە لەسەر ئایەت و فەرموودە گومان بۆ خەڵك دروست دەكەن، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین لە رووی توندڕۆیی هەندێ حزبی ئیسلامی لە هەندێكیان نەرمترە، بۆ نموونە یەكگرتووی ئیسلامی حزبێكی ئیسلامیی هێمنە، بەپێچەوانەوە كۆمەڵی ئیسلامی حزبێكی توندڕۆی هاوشێوەی داعشە، دووبەرەكی و كێشە و ئاژاوەی زۆری لەناو خەڵك و ماڵان دروست كردووە.

سۆران- مورشید برادۆستی


وشە - تایبه‌ت