كورد و هەوڵەكانی بەدەوڵەتبوون لە مێژووی نزیكدا

:: PM:09:21:17/09/2017 ‌

كورد بەدرێژایی مێژووەكەی لە هەوڵەكانی بۆ چارەی خۆنووسین نەوەستاوە و بەوەش نەوەستاوە كە سەربەخۆیی تەنیا وەك خەونێكی خۆش ببینێت و چاوەڕوانی بكات، ئەو چەندان هەوڵی داوە كە ئێستەش دووبارەی دەكاتەوە، بەڵام هاوكات بەربەستەكانی كە لە مێژوودا رووبەڕووی ئەو خواستە رەوایەی كورد دەبوونەوە، ئێستەش بە شێوازی تر و بە هەمان مەبەست لێی دووبارە دەبنەوە، بەڵام ئاخۆ ئەوجارەیان كوردی عێراق دەگەنە دەوڵەتی خۆیان؟

كورد نزیكەی 15 بۆ 20%ی دانیشتوانی عێراق پێك دێنن و لە رووی مێژووییشەوە كوردی عێراق چەند مافێكی مەدەنیان هەبووە بە بەراورد بە كوردانی وڵاتانی تری دراوسێی عێراق، ئەگەرچی ئەوان رووبەڕووی سەركوتكارییەكی زۆر بوونەتەوە.

كورد لە باكوری عێراق لە دژی فەرمانڕەوایەتی بەریتانیا لە سەردەمی ئینتدیاب شۆڕشیان كرد، بەڵام ئەوان سەركوت كران، لە ساڵی 1946 مەلا مستەفای بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دامەزراند بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لە هەرێمی كوردستان.

لە دوای شۆرششی 1958 دەستووری كاتی عێراق دانی بە كورد دانا وەك دووەم نەتەوەی سەرەكی لە عێراق و كوردی بە هاوبەش لە وڵات ناوبرد لەگەڵ عەرەب و نەتەوزەكانی تردا، بەڵام بارزانی لە 1961 دووبارە جەنگی راگەیاندەوە.

لە ساڵی 1970 حكوومەتی عێراق كە حزبی بەعس سەركردایەتی دەكرد، پێدانی ئۆتۆنۆمی بە كورد لە بەرامبەر وەستانی جەنگ خستە روو، بەڵام رێككەوتننەكە هەرەسی هێنا و جەنگ لە 1974 دەستی پێ كردەوە. دوای ساڵێك لەوە جەلال تاڵەبانی لە پارتی جیابووەوەو یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی دامەزراند.

لە كۆتای ساڵانی حەفتاكانی سەتەی رابردوو حكوومەتی عێراق دەستی كرد بە نیشتەجێكردنی عەرەب لە ناوچە كوردییەكان بە مەبەستی گۆڕینی پێكهاتەی دیمۆگرافی ئەو ناوچانە بەتایبەتی لە كەركووك كە بە نەوت دەوڵەمەندە، هەروەها هەستا بە نیشتەجێكردنی بەزۆری كورد لە چەند ناوچەیەكی تر.

لە ساڵی 1988 و بەر لە ماوەیەكی كەم لە كۆتاهاتنی جەنگی عێراق – ئێران، شاری هەڵەبجە كەوتە بەر هێرشی گازی كیمیایی عێراق و سەدام حوسێن هەڵمەتێكی تۆڵەسەندنەوەی لەدژی كورد دەست پێ كرد و ناوی نا كردەوەگەلی "ئەنفال".

لە دوای دۆڕانی عێراق لە جەنگی كەنداو لە 1991، راپەڕینێكی فرەوان لە ناوچەكانی باشووری عێراق و هەرێمی كوردستان بەرپا بوو و بەهۆی توندی سەركوتكردنەوەی دەسەڵاتی عێراق بۆ ئەو راپەڕینە، ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ناوچەیەكی دژەفڕینیان لە لە باكوری عێراق سەپاند كە ئەوەش بواری بە كورد دا بۆ خۆبەڕێوەبردن، هاوكات هەردوو حزبی گەورەی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات لە نێوانیاندا رێككەوتن، ئەگەرچی لە 1994دا ململانێ پەرەی سەند و بۆ ماوەی چوار ساڵ جەنگی یەكتریان كرد.

دوای ئەوە هەردوو پارتی سەرەكیی كوردی هاوكار بوون لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكا لەكاتی هاتنی هاوپەیمانان بۆ عێراق لە 2003دا كە سەدام حوسێن رووخێندرا و ئەوان بەشداریان لە هەموو حكوومەتەكانی عێراق و پەرلەمانەكانی كرد كە لە دوای ئەو بەروارەدا هاتە دامەزراندن، تەنانەت تا ئێستە دوو سیاسەتوانی كورد پۆستی سەركۆماری عێراقیان وەرگرتووە، هاوكات ئەو دوو پارتە هاوبەشن لە پێكهێنانی دامەزراوەكانی فەرمانڕەوا لە هەرێمی كوردستان كە هەرسێ پارێزگای دهۆك و هەولێر و و سلێمانی دەگرێتەوە. 

لەدوای هێرشەكەی رێكخراوی داعشیش لە حوزەیرانی 2014، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هێزی پێشمەرگەی بۆ بەشداریكردن لە رووبەڕووبوونەوەی پێشڕەوی ئەو رێكخراوە رەوانە كرد و توانی بە پاڵپشتیی فڕۆكە سەربازییەكانی ئەمەریكا رووبەڕێكی فرەوان ئازاد بكاتەوە.

مێژووی هەوڵەكانی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی:

سەتەی بیستەم چەند هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بەخۆیەوە بینی كە هەموویان سەركەوتوو نەبوون وە لە خوارەوە باس كراوە:

*مەملەكەتی كوردستان، لە شاری سلێمانی و دەورووبەری لە ساڵی 1922 بە سەركردایەتی شێخ مەحموودی حەفید هاتە دامەزراندن و دوو ساڵ بەردەوام بوو، تا كاتی لەلایەن هێزەكانی عێراق بە پاڵپشتیی ئاسمانی و زەوینی ئیستیعماری بەریتانیا لەناو برا كە هێرشی راستەوخۆیان بۆسەر سلێمانی كرد.

*كوردستانی سوور، بوونی كورد لە سێگۆشەی ئەرمینیا و رووسیا و ئازەربایجان هێزێك نەبوو كە بتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت، بەڵام ئەو سێ دەوڵەتە كارتی كوردیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار هێنا و ئازەرییەكان پاڵیان بە كوردەوە نا بۆ راگەیاندنی كۆماری كوردستانی سوور كە لە 1923ەوە تا 1929 لە ناوچەی ناگۆڕنۆ كاراباخ بەردەوام بوو، كە ناوچەیەكی گرنگە لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان.

*كۆماری ئارارات، كورد زنجیرەیەك رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ توركیا ئەنجام دا كە بە شۆرشێك لە ناوچەی بەرزاییەكانی ئارارات بەناوی "شۆڕشی ئاگری" لە 1930 بە سەركردایەتی ئیحسان نووری پاشا (1896-1976)، كە شۆرشێكی گەورەی لە بەرامبەر دەوڵەتی توركیا راگەیاند و ناوچەكانی چیای ئاراراتی وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی راگەیاند و بەوەش جەنگێی سەرانسەری لەگەڵ توركیا دەست پێ كرد و بە رووخانی كۆمارەكە كۆتایی هات.

*كۆماری مهاباد، لە دوای كۆتاهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی كوردی ئێران كۆماری مهابادیان لە 1946 راگەیاند كە بەهۆی لاوازی پاڵپشتیی هۆزەكان و نەیاری دەرەبەگان بۆ ئەو كۆمارە بەخێرایی لەناو چوو.

*كۆماری لاجین، هەوڵەكانی كورد بۆ بەدەوڵەتبوون لە ناوچەی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا نەوەستا و لە 1992 دووبارە لەدایكبوونی كۆماری لاجین بە سەرۆكایەتی وەكیل مستەفاییڤ لەدایك بوو، بەڵام سەرنەكەوت و زوو رووخا و مستەفاییڤیش پەنای بۆ ئیتاڵیا برد.

سەرچاوە: بی بی سی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل