بارزانی: چیتر باوەڕ بە بەڵێنی زارەكی و نامەی مەتاتی ناكەین" />

"ڕیفراندۆم مەحاڵە دوا بخرێت"
بارزانی: چیتر باوەڕ بە بەڵێنی زارەكی و نامەی مەتاتی ناكەین

:: PM:05:33:19/09/2017 ‌
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، كە ڕیفراندۆم بڕیارێكی ڕژدە و جێبەجێ‌ دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ی ئەیلوول كەرنەڤاڵی جەماوەری بۆ پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان لە شارۆكەی سۆران بەڕێوە چوو، لە كەرنەڤاڵەكەدا مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانی گوتارێكدا  ڕای گەیاند، داوا لە دراوسێكانمان دەكەین كە زمانی هەڕەشە بەكار نەهێنن.

بارزانی زیاتر گوتی، بەپێی دەستووری عێراق كوردستان مافی خۆی هەیە ڕیفراندۆم بكات و ئەگەر ئەوان شەراكەت قبووڵ ناكەن، ئێمەش خزمەتكاری قبووڵ ناكەین.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە قسەكانیدا دووپاتی كردەوە كە ڕیفراندۆم بڕیارێكی ڕژدە و جێبەجێ‌ دەكرێت، بۆیە ڕیفراندۆم مەحاڵە دوا بخرێت.

ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو هەوڵێك  دراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەر و چەند ساڵێك پێش ئێستە لەگەڵ هەموو لایەنەكان باسی ریفراندۆم كراوە و لە ساڵی 2015، بابەتی ریفراندۆم لەگەڵ باراك ئۆبامای، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا لە وایت هاوس باس كراوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان گوتی، ئێمەیان ناچار كرد بەرەو ئەو بڕیارە بچین و هەندێكجار باس لەوەش دەكەن كە دەبێت كورد بگەڕێتەوە "هێڵی سەوز"، بێگومان ئەوەمان قبووڵ نییە و ئەو هێلە نابێتە سنووری دەوڵەتی كوردستان.

بارزانی ڕوونی كردەوە، ئەوانەی دژی ریفراندۆمن، دڵیان بەوە خۆشبوو كە كورد یەكگرتوو نەبووە و ناتوانن ئەو پرسە بەجێ بگەیەنن، دووپاتی كردەوە كە لە دەستكەوتەكانی ریفراندۆم بۆ دنیا دەركەوت كە بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری تاكە كەسێك نییە.

بارزانی دەڵێ، مافی خۆمانە گەرەنتی كۆنكرێتی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان هەبێت، چونكە ساڵانی رابردوو ئەزموونێكی تاڵمان چەشتووە و چیتر باوەڕ بە بەڵێنی زارەكی و نامەی "مەتاتی" ناكەین، دەبێت بەڵێنەكان بە شێوەیەك نووسرابن، نەتوانرێت لێی رابكەن.

"بڕیارەكانی دادگەی ئیتیحادی دژی كوردن، هەرچەندە بڕیارەكانیان ناگەنە كوردستان و جێبەجێ ناكرێن، بەڵام دەرخەری نیەتی راستەقینەی ئەوانە"، بارزانی وا دەڵێ‌.

ڕۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم