هۆزی گل بە بەڵێ پشتگیری لە ریفراندۆم دەكات

:: PM:09:03:19/09/2017 ‌

بازنەی پشتگیری بە دەنگی "بەڵێ" بۆ پڕۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان تا دێت فرەوانتر دەبێت و هۆزەكانی كوردستانیش بە سەربەرزییەوە پشتگیری لە سەربەخۆبوونی كوردستان دەكەن، لەو چوارچێوەدا هۆزی (گل) لە سنووری گەرمیان و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای سەڵاحەدین، بە دەنگی بەڵێ پشتگیری لە ریفراندۆم دەكەن.

شێخ عادل عوسمان ناسراو بە (عادل گل)ی، سەرۆك هۆزی گل بە "وشە"ی راگەیاند، ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان پرسێكی نیشتمانی و نەتەوەییە و دەبێ بە هەموو شێوەیەك كار بۆ سەرخستنی بكەین بەدەنگی بەڵێ، بۆیە وەك هۆزی (گل)، پشتگیری لەو پرسە نیشتمانییە دەكەین و بە "بەڵێ" دەنگ بۆ سەربەخۆبوونی كوردستان دەدەین.

زیاتر گوتی، كوردیش وەك گەلانی جیهان مافی خۆیەتی كە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، بۆ دروستكردنی دەوڵەتیش ئەم دەرفەتە بە مێژووی دەزانین. ئەو داوای كرد كە بۆ رۆژی 25ی ئەم مانگە، هاووڵاتییانی كوردستان بێ دوودڵی و بۆئەوەی خەبات و ئاواتی شەهیدان بێتە دی، بە دەنگی بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.

هۆزی "گل" هۆزێكی گەورەن لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و دووزخورماتوو و كەركووك و خانەقین گیرساونەتەوە، لەگەڵ بناری گل كە نۆ گوند لەخۆ دەگرێت لە سنووری شارۆكەی چەمچەماڵ.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی








وشە - مه‌حموود ئیسماعیل