نیمار داوای لە سەرۆكی پاریس سان جێرمان كردووە كاڤانی دەربكەن

:: AM:08:58:20/09/2017 ‌

دیارە تا ئێستا كێشەكانی نێوان هەردوو ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی نیمار دا سیلڤا و ئەینسۆن كاڤانی تەواو نەبووە كە بەم دواییە بەهۆی ئەنجامدانی لێدانی سزاوە سەری هەڵداوە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: نیمار داوای لە ناسڕ خەلیفی خاوەنی یانەی پاریس سان جێرمان كردووە كاڤانی لە یانەكەدا دەربكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە كاڤانی دوێنێ سێشەم ئاماژەی بەوەدابوو كە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ نیمار نییە و ئەوە دەزگاكانی راگەیاندنن ئەو جۆرە چیرۆكانە بەرهەم دێنن.

لای خۆشییەوە نیمار تا ئێستا هیچ قسەیەكی لەسەر ئەم بابەتە نەكردووە تەنیا ئەوە نەبێت دوای رووداوەكە هاوڕێیەتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) لەگەڵ كاڤانی سڕیبووەوە.

جێی باسە سەرەتای كێشەكەی نێوان نیمار و كاڤانی لە یارییەكەی ئەم هەفتەیەی یانەی پاریس سان جێرمان لە خولی فڕەنسا بەرامبەر یانەی لیۆن سەری هەڵدابوو دوای ئەوەی هەردوو ئەستێرەكە لەسەر ئەنجامدانی لێدانێكی سزا ناكۆكی كەوتبووە نێوانیان.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م