سەرۆكی بەرشەلۆنە: گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێكی تر ناكەین

:: AM:09:09:20/09/2017 ‌

جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یانەكەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ هیچ یاریزانێكی تر نادات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە سەرەتای ئەم هەفتەیە یەكێك لە هێرشبەرە سەرەكییەكانی بەهۆی پێكانەوە لەدەستدا ئەویش عوسمان دێمبێلێی فڕەنسی بوو و بەگوێرەی راگەیەنراوەكانیش چاوەڕوان دەكرێ ماوەی 3 تا 4 مانگ لە یاریكردن دوور بكەوێتەوە.

بارتومیۆ بۆ تەلەفزیۆنی (TVE) ئیسپانی گوتی: یاریزانی زۆر باشمان هەیە دەتوانن شوێنی دێمبێلێ پڕ بكەنەوە و باشترین ئاستیش پێشكەش بكەن، لەبەر ئەمە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ هیچ هێرشبەرێكی نوێ نادەین.

زیاتر گوتی: بڕوای تەواومان بە دێمبێلێ هەیە لە ماوەیەكی نزیكدا دەگەڕێتەوە و باشترین ئاستیش پێكەش دەكاتەوە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە دوێنێ سێشەم لە گەڕی پێنجی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ئیبار، جگە لە دێمبێلێ لە هێڵی هێرشبەردا یاریی بە لویس سوارێزیش نەكرد و سەرەڕای ئەمەش توانی ئاستێكی ناوازە پێشكەش بكات و بە ئەنجامی 6-1 گۆڵ یارییەكە بباتەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م