سۆران كادێر سه‌رۆكی رێكخراوی ئهتایستانی بێ سنوور، له دایكبووی شاری سلێمانی و دانیشتووی ئه‌ڵمانیا، له‌م دیداره‌دا باس له هۆی بێ ئاینی خۆی و بانگه‌وازی بێ ئاینی ده‌كات، هاوكات نایشارێته‌وه كه چه‌ندان مه‌لای ئاینی له پێوهندییاندا سوپاسیان كردوون بۆ راستگۆیییان و له‌وانه "مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵی". كادێر داوا ده‌كات له كوردستان مۆڵه‌ت به رێكخراوێكی ئه‌تایستی بدرێت بۆ ئه‌نجامدانی چالاكی و ده‌ڵێ، "ده‌سه‌ڵاتی كوردستان به‌رده‌وام دووپات له ئازادی و پێكه‌وه‌ژیان و فره‌یی ده‌كات، بۆیه داوای مۆڵه‌تمان كردووه بزانین ئه‌وه دروشمه یان راستی".
پێناسه‌ی ئه‌تێست یا ئه‌تایست چییه؟
كه‌سێكه خاوه‌ن ویژدانه و حه‌زی له ئازاردان و خوێنڕشتن نییه و بێ لایه‌نه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، ڕه‌خنه له شتی نالۆجیكی ده‌گرێت و بڕوای به عه‌قڵ و لۆجیك هه‌یه، واته ئه‌و شتانه‌ی زانست باسی ده‌كات و شی ده‌كاته‌وه، بڕوای به خورافیات و میتافیزیك و شتی بێ به‌ڵگه و ئاینه‌كان نییه.
ئامانجی ئه‌تایست چییه؟
ئامانجمان به‌دیهێنانی كومه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و مۆدێرنه به قبووڵكردنی یه‌كتر به‌بێ جیاوازی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌نگ و بیروبۆچوون، ده‌مانه‌وێت مرۆڤ ئازاد بن له ده‌ربڕیندا، بۆیه هه‌ر ئاین و بیروباوه‌ڕێك ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه كه ببێته هۆی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كهمایهتییهكان و توندوتیژی به‌رامبه‌ریان له‌ژێر ناوی هه‌ر باوه‌ڕێكدا بێت. بۆیه ئهتایستان ئه‌م شێوازه په‌روه‌رده و بیركردنه‌وه‌یه به بنیاتنان و بناغه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز ده‌بینن و تاك هان ده‌ده‌ن ڕوو له زانست و داهێنان بكه‌ن، نه‌ك توندوتیژی و حه‌ڵاڵكردنی خوێنی مرۆڤی تر به‌بیانووی ئاین په‌رستییه‌وه.
سه‌ره‌تا چی وای كرد واز له ئاینی باوباپیرت كه ئیسلامه بهێنیت؟
ئیسلام ئاینی باوباپیرانمان نییه، به‌ڵكو ئاینێكی داسه‌پێنراوه به‌سه‌رماندا، چونكه كورد پێش ئیسلام هه‌بووه و خاوه‌نی كولتوور و فه‌رهه‌نگی خۆی بووه، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ئاینی باوباپیرانمان هه‌ڵبژێرین، ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ پێش ئیسلام كورد چی ئاینێكی هه‌بووه، ئه‌ویش زه‌رده‌شتی بووه.
كاتێك وازت له ئاینی ئیسلام هێنا، دژایه‌تیكردنت وه‌ك مسوڵمانان ناویان ناوه و ئێوه‌ش ده‌ڵێن هوشیاركردنه‌وه، دژایه‌تی بۆچی؟
ئێمه دژایه‌تی ئه‌و ئاینه ناكه‌ین، به پێچه‌وانه‌وه، ده‌مانه‌وێت كۆمه‌ڵگه بیر له زانست و داهێنان بكاته‌وه، نه‌ك به وههم و خورافات بێنه ترساندن و بیر له توندوتیژی بكاته‌وه به‌رامبه‌ر به مرۆڤایه‌تی له‌پێناو ده‌ستكه‌وتی خه‌یاڵی، ده‌ستكه‌وتی ئێمه ئه‌وه‌یه ئێسته تاكی كۆمه‌ڵگه گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی به عه‌قڵ بیر ده‌كاته‌وه نه‌ك به دڵ.
ده‌بیستین پێوه‌ندی به مه‌لاكانه‌وه ده‌كه‌یت و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت، تا ئێسته هیچ مه‌لایه‌ك قسه و بۆچوونه‌كانی ئێوه‌ی سه‌لماندووه؟
به دڵنیایییه‌وه پێوه‌ندیم پێوه كراوه و كردوویشمه، ده‌ستخۆشییان لێ كردووین، هه‌ندێك له‌و مه‌لا ئاینییانه ئه‌وه‌یان نه‌شاردووه‌ته‌وه كه ناتوانن راستییه‌كان بڵێن، ئه‌ویش له‌به‌ر ته‌ناهیی ژیانیان، بۆ نموونه مه‌لا سامان چه‌مچه‌ماڵی كه ده‌ستخۆشی له ئێمه‌ی ئه‌تایست كردووه كه ئه‌وه‌ی ده‌یڵێین و گوتوومانه راستن، دواتریش به ئاشكرا هێرش كرایه سه‌ری، ده‌بێ بزانین كه سێ جۆر مه‌لای ئاینیمان هه‌یه، به‌شێكیان په‌نجه ده‌خه‌نه سه‌ر باش و خراپه‌كانی ئاینی ئیسلام و ده‌یانه‌وێت چاكسازی بكرێت، تا له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌ی سه‌رده‌مییانه بیگونجێنن. به‌شێكی تری زۆر ڕاستگۆن له‌گه‌ڵ ئاینه‌كه‌یان و فكری توندڕۆیی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌نجامه‌كه‌ی هاوشێوه‌ی داعشمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. به‌شێكی تری راستگۆ نین، نه له‌گه‌ڵ ئاینه‌كه‌یان و نه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه، ته‌نیا خه‌ریكی پینه‌كردن و چه‌واشه‌كاری و شاردنه‌وه‌ی راستییهكانن له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا.
ئێسته چه‌ندان په‌یج له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك و چه‌ند ماڵپه‌ڕێكی ئهتایستهكان هه‌ن، پێتان وایه تا چه‌ند كاریگه‌ریتان هه‌بووه، له كاتێكدا مسوڵمانان ده‌ڵێن ئیسلام له زیادبووندایه و له ئاینه‌كانی تره‌وه خه‌ڵك دێنه ناوی؟
كاریگه‌رییه‌كان ده‌بینرێن، كاتێك هه‌بوو كه‌س نه‌یده‌وێرا له ماڵه‌كه‌ی خۆیشیدا باسێك دژ به ئاینی ئیسلام بكاته‌وه و راستییه‌كانی بخاته روو، به‌ڵام ئێسته تاكی كورد بوێرانه و چاونه‌ترسانه رووبه‌ڕووی هه‌ر ده‌قێك ده‌بنه‌وه كه له‌گه‌ڵ بیر و فكری مرۆڤدۆستیدا ناگونجێت، زیادبوونی ئیسلام، یا له ئاینه‌كانی تره‌وه دێنه ناو ئیسلام، ئێمه پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بینین، ئێسته له كوردستان رێژه‌ی بێ ئاینی كه باوه‌ڕیان به ئاینه‌كان نییه له زیادبووندایه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئاینی زه‌رده‌شتی كه ئاینی باوباپیرمانن روو له زیادبوونه و خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆی و به ئاینی كوردی ده‌زانن.
بۆچی زیاتر ئهتایستهكان دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی كوردستانن، ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه بوێر نین له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام، وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن جیا له خورافات شتێكی تر نییه؟
زۆرینه‌ی تاكی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی ئاینی ئیسلامه، بۆیه ئه‌م شۆڕشی فكرییه نامۆیه به كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، نه‌ك ئه‌وه‌ی بوێر نه‌بین، به پێچه‌وانه‌وه ئێمه ئاشتیخوازین نه‌ك شه‌ڕخواز، هه‌ر كاتێك فكری ئیسلامی ده‌ستیان هه‌ڵگرت و په‌نایان نه‌برد بۆ قورئان و فه‌رمووده‌كان بۆ كوشتن و سه‌ربڕین، ئه‌ویش به بیانووی ده‌رچوون له ئاین (مورته‌د)، ئه‌وكاته ده‌توانین بڵێین ئیسلام ئاینی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه.
ئه‌گه‌ر ئاینی ئیسلام خورافاته، به دیلی ئێوه بۆ جێگره‌وه‌ی ئاین چییه؟
به دیلی ئێمه مرۆڤایه‌تییه، رێزگرتن له بیروباوه‌ڕی یه‌كتر، خۆشویستن و یه‌كتر قبووڵكردن، پێكه‌وه‌ژیان، ده‌ستهه‌ڵگرتن له كوشتن و خوێنڕشتن و حه‌ڵاڵكردنی سه‌روماڵی كه‌سانی تر به ناوی ئاینه‌وه، بنیاتنانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیكۆلار كه سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان به‌بێ جیاوازی بیر و باوه‌ڕی ئاینی له خۆ بگرێت.
وه‌ك ده‌زانین نیازی دامه‌زراندنی رێكخراوێكی ئهتایستیتان هه‌یه و له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان كار بكه‌ن، هیچ هه‌نگاوێكتان بۆ ناوه؟
به دڵنیایییه‌وه ده‌توانم بڵێم 70%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه، بۆ ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانیش له رێی پارێزه‌ره‌وه هه‌نگاومان ناوه، لایه‌نی پێوهندیداریشمان ئاگادار كردووه‌ته‌وه و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامین، تا بزانین له‌و فره ئاینی و فره حزبی و ئازادی بیروڕایه‌ی كوردستان جێ‌مان ده‌بێته‌وه یان ئه‌مه ته‌نیا دروشمه.
خۆت پێت وایه حكوومه‌تی هه‌رێم رێ به رێكخراوێكی وا بدات له كوردستان كار بكات؟
بۆ نا؟ كاتێك ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه دووپات له ئازادی ده‌ربڕین و دیموكراتی بۆ هه‌مووان ده‌كاته‌وه، ده‌بێت ئه‌مه به كردار بسه‌لمێنێت نه‌ك ته‌نیا قسه بێت، ئه‌گه‌ر نا فشاره‌كانمان توندتر ده‌كه‌ین و به دنیای ده‌ره‌وه‌ی راده‌گه‌یه‌نین كه پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه ته‌نیا بۆ ئاینه‌كانه نه‌ك بێ ئاینه‌كان و ئه‌وانه‌ی ئاین ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه، له كاتێكدا هه‌ر وڵاتێكی پێشكه‌وتووی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و ئوسترالیا و كه‌نه‌دا ده‌بینیت، ٦٩%یان بێ ئاینن.
ئه‌ی هه‌ست ناكه‌ن به‌و كاره له كوردستاندا له‌لایه‌ن ئیسلامییه توندڕۆكانه‌وه ژیانتان بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه؟
گومان له‌وه‌دا نییه، به‌ڵام مرۆڤ نابێت سڵ بكاته‌وه له‌و كۆسپ و رێگرییانه‌ی دێته پێشی، گه‌یشتن به ئامانج قوربانیدانی ده‌وێت، ئێسته‌یش هه‌موو هاوبیرانمان قوربانیمان داوه، مه‌رج نییه قوربانیدان ته‌نیا به خوێن بێت، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه به‌رچاومان روونه كه كۆمه‌ڵگه به‌ره‌و هوشیاری و رووناكی هه‌نگاو ده‌نێت.