میسی بەتەنیا بەرامبەر سەرجەم یاریزانانی ریال مەدریدە

:: PM:01:21:21/09/2017 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یارییەكانی سەرەتای وەرزی نوێی خولی ئیسپانیادا تا ئێستا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە و 5 سەركەوتنی لەسەریەكی پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە كردووە.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: بەو 4 گۆڵەی (سوپەری هاتریك) میسی لە یارییەكەی پێرێ سێشەم بەرامبەر یانەی ئیبار لە گەڕی 5ی خولی ئیسپانیا تۆماری كرد، كۆی گۆڵەكانی لەم وەرزەدا كردە 9 گۆڵ.

لەلایەكی ترەوە یانەی ریال مەدرید شەوی رابردوو لە هەمان هەفتەی خولی ئیسپانیادا بەرامبەر یانەی ریال بیتیس لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ نەیتوانی هیچ گۆڵێك تۆمار بكات و یارییەكەشی بە گۆڵێكی بێ وەڵام دۆڕاند.

یاریزانانی یانەی ریال مەدرید تا ئێستا لە هەر 5 یاریی رابردووی خولی ئیسپانیادا بەهەموویان تەنیا 9 گۆڵی تۆمار كردووە، واتە سەرجەم یاریزانەكانی یانەی شاهانە بەقەدەر تەنیا یەك یاریزانی یانەی بەرشەلۆنە گۆڵیان تۆمار كردووە كە میسییە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە شارەزایانی وەرزشی پێیانوابوو یانەی بەرشەلۆنە دوای رۆیشتنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بۆ یانەی پاریس سان جێرمان، لەم وەرزەدا تووشی شكستێكی گەورە دەبێت و ناتوانێ ركابەری بەرزی ئاستی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م