بارزانی بۆ دەڤەری سۆران:
دەڤەرەكەتان لە سەنگەری پێشەوەی ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیركاری و ژێردەستییە

:: PM:04:37:21/09/2017 ‌
مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسنامەیەكی ئاراستەی هاووڵاتییانی سنووری شارۆكەی سۆران كرد و ڕای گەیاند، سەلماندتان كە دەڤەرەكەتان، وەك جاران مەكۆی شۆڕش و سەنگەری پێشەوەی ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیركاری و ژێردەستییە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی ئەیلوول، مەسعوود بارزارنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسنامەیەكی ئاراستەی خەڵكی سنووری شارۆكەی سۆران و چۆمان و مێرگەسوور و ڕەواندز كرد و ڕای گەیاند، بۆ ئەو بەشدارییە فراوان و پڕ جۆش و خرۆشەتان لە كۆبوونەوەی جەماوەریی ڕۆژی سێشەم 19ی ئەیلوول ئێوە بەو حەماسەت و ئامادییە فراوانەتان، ڕیفراندۆمی خۆتان ئەنجام دا و بە هەموو دنیاتان ڕاگەیاند كە سەربەخۆییتان دەوێت.

بارزانی بە خەڵكی ئەو سنوورە دەڵێت، ئێوە سەلماندتان كە دەڤەرەكەتان، وەك جاران مەكۆی شۆڕش و سەنگەری پێشەوەی ڕەتكردنەوەی زوڵم و داگیركاری و ژێردەستییە، بۆیە دەبێ ئەو هەستی ئازادیخوازییەتان بگاتە دنیای ئازاد، لە ڕۆژی 25ی ئەیلوولدا و دەنگتان دەبێتە زەنگی هۆشیاری و لە دەرگەی ویژدانی دنیا دەدات.

"بە پێویستی دەزانم سوپاسی هێزی پێشمەرگە و سەرجەم دەزگە ئیداری و تەناهییەكان و پۆلیسی هاتوچۆ بكەم بۆ هاوكارییان لە پاراستنی ئاسایشی خەڵك و باشتر بەڕێوەچوونی ئەو كۆبوونەوە جەماوەریانە" بارزانی وادەڵێ‌.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم