كوردانی سوید ئاهەنگ بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن

:: AM:09:11:22/09/2017 ‌

لە شاری یوتۆبۆی وڵاتی سوید كوردانی ئەو وڵاتە ئاهەنگێكی جەماوەری ساز دەكەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دووپات دەكەنەوە و بە دروشمی كیمیاباران و ئەنفال و كوشتار و جینۆساید خوشك و برایانی ئێزیزدی نەی توانی پێش بە ئیرادەی گەل بگرێت ئاهەنگەكە دەست پێ‌ دەكات.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لە ئاگەدارییەكی كوردانی وڵاتی سوید هاتووە، دیارە رۆژە گەشەكە و مێژووییەكەی كە سەدان ساڵە چاوەڕێی دەكەین لە پێشمانەو نزیكە. كاتی هاتووە كە بەری ئەو خەباتە خوێناوی و پڕ لە قوربانیدانەی چوار پارچەی كوردستان ببینین.

لەبەشێكی ئاگەدارییەكە هاتووە، بەدروشمی سەدان هەزار شەهید هەر لە كیمیاباران و ئەنفال و كوشتار و جینوساید كردنی خوشك و برا ئیزیدییەكان نەیتوانی پێش بە ئیرادەی گەلی كورد بگرێت بۆ گەیشتن بە ئاواتی لەمێژینەمان كە بریتیە لە سەربەخۆیی كوردستانی ئازیز بۆیە بە ئاهەنگ و كەیف و شایی ئەبێ پیشوازی لەو ڕۆژە مێژووییە بكەین و بیكەین بە كەرنەڤاڵێكی نیشتمانی و نەتەوەیی.

لەكۆتایی ئاگەدارییەكە هاتووە، كۆمەڵێك گەنج فێستیڤاڵێكیان لە شاری یوتۆبۆی وڵاتی سوید ڕێكخستوە بۆ پێشوازی كردن لەو رۆژە مێژووییە كە ڕۆژ هەینی ڕێكەوتی 22ـی ئەیلوول دەبێت 

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد