سەعاتەكانی دەنگدان دیاری كرا

:: AM:09:26:22/09/2017 ‌

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان سەعاتەكانی دەنگدان و كاتی دەنگدان بۆ هێزە ئەمنییەكانی ناو بنكەكان و كارمەندانی كۆمسیۆن و هاووڵاتیان دیاری دەكات.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەگوێرەی نووسراوێكی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان كە سەرۆكی كارگێڕی هەڵبژاردنەكان واژووی كردووە تیایدا هاتووە، ئاگەدارتان دەكەینەوە لەبارەی كردنەوەی ناوەندەكانی دەنگدان لەڕۆژی دەنگدان بۆ ڕاپڕسی بەڕووی دەنگدەران.

لەبەشێكی نووسراوەكە هاتووە، لەسەعات حەوتی بەیانی بۆ سەعات هەشتی بەیانی هەر كارمەندێك ناوی لە بنكەی دەنگدان نیە لە وێستگەی ژمارە یەك دەنگ دەدەن لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس كە پارێزگاری لەو بنكەیە دەكەن.

كۆمسیۆنی باڵا هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان سەعاتەكانی دەنگدانی دیاری كردووە بۆ هاووڵاتیان كە لە سەعات هەشتی بەیانی دەرگەی دەنگدان بەڕووی دەنگدەران دەكرێتەوە تاوەكو سەعات شەشی ئێوارە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.





وشە - رامیار جەواد