ئەمڕۆ لە هەولێر سەرجەم شەقامەكان پڕ دەبێت لە "بەڵێ‌" بۆ سەربەخۆیی

:: AM:10:55:22/09/2017 ‌

سەرجەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵێ‌ مەدەنی و ژنان و كەم ئەندامان و چالاكوانان و بەرپرسانی هەولێر ئەمڕۆ بە ڕێپێوان بۆ یاریگەی فەڕەنسۆ هەریری بەدروشمی بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی بەڕێدەكەون.

ئەمڕۆ هەمەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، كاروان كاكە نەبی بەر پرسی ڕێكخستنی ڕێكخراوەكانی كەم ئەندامان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ هەولێر مێژوو تۆمار دەكاتەوە دوای سەتان ساڵ هەموو چین و توێژەكان بەیەك دەنگ دەڵێن بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان.


كاروانی كەخۆی كەم ئەندامە دەڵێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر ڕوودەدات مێژوو تۆماری دەكات مافی میلەتێك داوا دەكرێت كە چەندین ساڵە ماف خوراو كراوە.

پێشتر نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە وەكالەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 50 هەزار ئاڵای كوردستان ئامادە كراوە بۆ ئاهەنگی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان.

زیاتر گوتی، لەلایەن قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر بە هاوكاری چەند كەسایەتییەكی شاری هەولێر، ئاڵاكان بۆ رۆژی ئاهەنگی كەرنەڤاڵە گەورەكەی هەولێر ئامادە كراوە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد