ئەمڕۆ هەولێر بە گەورەترین كەرنەڤاڵ پاڵپشتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكات

:: PM:03:10:22/09/2017 ‌

بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە هاووڵاتیانی شاری هەولێر كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێ‌ كرد.

ئەمڕۆ هەینی 22ـی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە خەڵكی شاری هەولێر ئاهەنگێكی جەماوەری لە یاریگەی نێودەوڵەتی فەڕەنسۆ هەریری دەستی پێ‌ كرد و لە نیوەڕۆوە خەڵكی ڕوویان لە یاریگە كردووە و مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی دەبێت لەو كەرنەڤاڵە.

پێشتر نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە وەكالەت بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 50 هەزار ئاڵای كوردستان ئامادە كراوە بۆ ئاهەنگی كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی كوردستان.

زیاتر گوتی، لەلایەن قایمقامیەتی ناوەندی هەولێر بە هاوكاری چەند كەسایەتییەكی شاری هەولێر، ئاڵاكان بۆ رۆژی ئاهەنگی كەرنەڤاڵە گەورەكەی هەولێر ئامادە كراوە.

حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری وەك ڕۆژی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بە جۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.











وشە - رامیار جەواد