دێمبێلێ بە یاریی كلاسیكۆ راناگات

:: AM:11:28:23/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی بەرشەلۆنە بەهۆی ئەو نەشتەرگەرییەی هەفتەی رابردوو بۆی ئەنجامدراوە، ناتوانێ بەشداریی لە یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بكات.

دێمبێلێ هەفتەی رابردوو لە یارییەكی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی خیتافی تووشی پێكان هات و بەهۆیەوە چوارشەمی رابردوو لە وڵاتی فینلەندا نەشتەرگەری بۆ رانی ئەنجام درا.

دێمبێلێ دوای گەڕانەوەی بۆ شاری بەرشەلۆنە، رایگەیاندبوو كە دوای دوو مانگی تر دەست بە یاریكردن لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە دەكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە كە پێشتر رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەدابوو كە ئەو نەشتەرگەرییە پێویستی بە 3 تا 4 مانگ پشوو هەیە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: دێمبێلێ لەلایەن پزیشكەكانەوە هەواڵێكی ناخۆشی پێ گەیشتووە و پێیان گوتووە بۆ یاریی كلاسیكۆ ئامادەی یاریكردن نابێت.

رۆژنامەكە بڵاوی كردەوە: دێمبێلێ دوای هاتنەدەرەوەی لە ژووی نەشتەرگەری بە پزیشكەكانی گوتووە بۆ یاریی كلاسیكۆ ئامادەی یاریكردن دەبێت كە بڕیارە لە 20ی كانوونی یەكەم (مانگی 12) بێتە ئەنجامدان، پزیشكەكانیش راستەوخۆ بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە.

وەڵامی پزیشكەكان ئەوە روون دەكاتەوە كە دێمبێلێ ناتوانێ بە دوو مانگی تر بگەڕێتەوە نێو یاریگە كە وەك خۆی رایگەیاندووە و بەمەش 3 بۆ 4 مانگی دەوێت بۆ چاكبوونەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م