مانچستەر یونایتد دەستەوارەیەكی خەیالی بۆ دیبالا ئامادە دەكات
رۆژنامە ئینگلیزییەكان جەختیان كردەوە كە یانەی مانچستەر یونایتد نیازی گرێبەستكردنی لەگەڵ پاولۆ دیبالای هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی هەیە.
دیبالا لە وەرزی نوێدا تا ئێستا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردووە و لە كۆی 8 یارییدا توانیویەتی 12 گۆڵ تۆمار بكات.
دیبالا ماوەیەكی زۆرە لەلایەن یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوا دەكرێ بەتایبەتیش كە بەشێك لە رۆژنامەوان و شارەزایانی وەرزشی پێیانوایە جێگرەوەی شەرعی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییە، بەڵام یانە كەتەلۆنییەكە تا ئێستا بەفەرمی هیچ دەستەوارەیەكی پێشكەش بەو یاریزانە نەكردووە.
رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد ئێستا رژدن لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ دیبالا و ئامادەكاری دەكەن بۆ ئامادەكردنی دەستەوارەیەك بەبەهای 155 ملیۆن پاوەن لە وەرزی داهاتوودا.
ئێد ودوارد بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یانەی مانچستەر یونایتد پەیوەندییەكی بەتینی لەگەڵ پیپی مارۆتای بەڕێوبەری یانەی یۆڤانتۆس هەیە و یانەكەش دەیەوێ ئەمە بكاتە هەلێك بۆ نزیكبوونەوە لە دیبالا.
رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی مانچستەر یونایتد بەفەرمی بە یانەی یۆڤانتۆسی گوتووە لە داهاتوویەكی نزیكدا نیازی گرێبەستكردنیان لەگەڵ دیبالا هەیە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم