بارزانی بۆچی سووربوو لەسەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی؟

:: PM:04:31:25/09/2017 ‌

كەس گومانی لە ستملێكراوی مێژوویی كورد لە ناوچەكەدا نییە، ئەوان بە درێژایی دەیان ساڵ و لە هەرچوار وڵاتی تیایدا دەژین، لە توركیا و ئێران و سووریا و عێراق لە زۆرێك لە مافەكانیان بێبەش كراون، بۆیە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی هەمیشە خەونێكی كورد بووە.

كورد بە درێژایی مێژوو چەندان جار هەوڵیان دا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان و دیارترین هەوڵیشیان راگەیاندنی كۆماری مهاباد بوو لە ئێران كە بە كارەسات كۆتایی هات، كەچی كوردی عێراق شانسیان لەو بارەوە باشتر بوو و ئەوان بۆ گەیشتن بەو مەبەستە سوودیان لە هەردوو جەنگی كەنداو و داگیركاردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكا وەرگرتن و زەوینەی گونجاوی دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان بنیات نا، ئەگەرچی لە 2005 دەستووری عێراق باسی لە سیستەمی فیدراڵی كردەوە.

بەڵام چی وای لە مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە سووربێت لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم لە وادەی دیاریكراوی خۆی؟، ئەوەش سەرەڕای ئەو هەموو پاڵەپەستۆیەی كە كرایە سەری، كە گرنگترینیان وەك ئەوانەی خوارەوەیە:

یەكەم/ پەرەسەندنەكانی دوایی ناوچەكە، بەتایبەتی لە دۆخی سووریا و عێراق، كە هەلێكی مێژوویی بۆ كورد رەخساند و وای كرد ئەوان ببنە یاریكەرێكی گرنگ لە ناوچەكە، كە لەلایەن ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتی دەكرێن، ئەوەش رێگەی بۆ دابەشكردن فیدرالیەت خۆش كرد، بۆیە بارزانی ویستی ریفراندۆمەكە بەر لە كۆتاهاتنی هەوڵەكانی نەهێشتنی داعش بێت، كە رەنگە دوای ئەوە كارتەكانی بەهێزی كورد و گرنگی پێدانیان لاوازتر بێتەوە.

زیاتر لەوەش بوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بڵاوبوونەوەیان لە ناوچە كێشەلەسەرەكان لەگەڵ بەغدا و لە پێشەوەیان كەركووك، ئەوەش دوای ئەوەی داعش لە 2014 مووسڵی داگیر كرد، بۆیە كورد ویستیان ریفراندۆم لەو ناوچانە بكرێت و بیخەنەوە سەر هەرێمەكەیان، یان بەهێزتركردنی پێگەیان لەو بارەوە لە دوای ریفراندۆم.

هۆكارێكی تر بوونی چەند تەنگژەیەكی ئابووری و سیاسییە لە هەرێمی كوردستان كە رەنگە هۆكارەكەی بۆ بەغدا بگەڕێتەوە، لەوانە، خراپیی پێوەندی لەگەڵ بەغدا بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم لە 2014ەوە كە ئەوانەش وایان لە بارزانی كرد كە ئەو هەنگاوە باوێت.

فاكتەرێكی تریش كە ناكرێت باس نەكرێت ئەوەیە كە بارزانی دەیەوێت دوای ئەو هەموو ساڵەی خەباتی، ناوی بچێتە مێژوو بەوەی ئەو سەركردە كوردە بوو كە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام دا و یەكەم هەنگاوی بۆ سەربەخۆیی هاوێشت.

سەرچاوە: ئەلجەزیرە



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل