خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.. ئەمڕۆ ریال مەدرید و بڕووسیا دۆرتمۆند یاریی دەكەن

:: AM:09:47:26/09/2017 ‌

ئەمشەو گەڕی دووەمی یارییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بۆ وەرزی 2017-2018 دەست پێ دەكات و تێیدا گرینگترین یاریش لەنێوان ریال مەدریدی ئیسپانی و بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەبێت.

سەرجەم یارییەكان سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان بەڕێوە دەچن، یارییەكانیش برێتین لە: لە كۆمەڵەی پێنجەم سپارتاك مۆسكۆی رووسی – لێڤەرپوولی ئینگلیزی، سڤیلییەی ئیسپانی – ماریبۆری سلۆڤینی.

لە كۆمەڵەی شەشەم/ مانچستەر سیتیی ئینگلیزی – شاختار دۆنیتیسكی ئۆكڕانی، ناپۆلی ئیتاڵی – فینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی، لە كۆمەڵەی حەوتەم / بێشكتاشی توركی – لایپزیگی ئەڵمانی، مۆناكۆی فڕەنسی – پۆرتۆی پورتوگالی، لە كۆمەڵەی هەشتەمیش / ئەپۆیل نیكۆسیای قوبڕسی – تۆتنهامی ئینگلیزی، ریال مەدریدی ئیسپانی – بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی.

لەنێوان سەرجەم یارییەكاندا زیاتر جەخت لەسەر یارییەكەی كۆتایی دەكەینەوە كە بەهێزترین یاریی ئەمشەو دەبێت و یارییەكەش لەنێو یاریگەی سیگنال ئەیدۆنا پاڕك لە شاری دۆرتمۆند دەبێت.

هەردوو یانەكە تا ئێستا 12 جار رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە، سەركەوتنی زیاتریش بۆ یانەی ریال مەدرید بووە كە 4 سەركەوتن بووە بەرامبەر 3 دۆڕان بۆ یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند، هەروەها هەردوو یانەكەش لە 5 رووبەڕووبوونەوەدا تا ئێستا یەكسان بوونە.

ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەوەیە كە یانەی ریال تا ئێستا هیچ یارییەكی لەنێو یاریگەی سیگناڵ لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند نەبردووەتەوە و تێیدا 6 یاریی بەڕێوە چووە و لە 3 یاریی دۆڕاوە و لە 3 یاری تریشدا یەكسان بووە.

هەرچەندە یانەی ریال مەدرید ئەمساڵ لە خولی پلە یەكی ئیسپانیادا ئاستی وەك پێویست نییە، بەڵام لە یاریی یەكەمی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بە 3 گۆڵی بێ وەڵام لە یانەی ئەپۆیڵ نیكۆسیای بردبووەوە، لەبەرامبەریشدا یانەی دۆرتمۆند لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی تۆتنهام دۆڕا بوو.

ئێستا ریزبەندی یانەكانی كۆمەڵەی هەشتەم بەمشێوەی خوارەیەوە:

1-    ریال مەدرید 3 خاڵ

2-    تۆتنهام 3 خاڵ (بەجیاوازی گۆڵ)

3-    بڕووسیا دۆرتمۆند 0 خاڵ

4-    ئەپۆیڵ نیكۆسیا 0 خاڵ




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م