ریال مەدرید هەتا ئێستا نەیتوانیوە لەم یانانە بباتەوە

:: AM:10:13:26/09/2017 ‌

ئەمڕۆ سێشەم یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی ئەنجام دەدات.

یانەی ریال مەدرید لە مێژوودا تا ئێستا نەیتوانیوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە چەند یانەیەكی ئەوروپایی بباتەوە، یەكێك لەو یانانەش یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندە.

هەردوو یانەكە لەنێو یاریگەی سیگنال ئەیدۆنا پاڕك تا ئێستا 6 جار رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە، یانەی دۆرتمۆند 3 یاریی بردووەتەوە و هەردوو یانەكەش لە 3 یاریی تردا یەكسان بوونە.

بەشێوەیەكی گشتی یانەی ریال مەدرید لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا جگە لە یانەی دۆرتمۆند بەرامبەر چەند یانەیەكی تریش تا ئێستا نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەست بێنێ.

لێرەدا بۆ خوێنەرانی وشە ئەو یانانە دەخەینەڕوو كە تا ئێستا یانەی شاهانە نەیتوانیوە لەنێو یاریگەكانیان سەركەوتن بەدەست بێنێ:-

1-    بڕووسیا دۆرتمۆند

هەروەك گوتمان هەردوو یانەكە تا ئێستا 6 جار لەنێو یاریگەی سیگنال ئەیدۆنا پاڕك رووبەڕووبوونەتەوە، دۆرتمۆنت 3 یاریی بردووەتەوە و لە 3 یاریشدا یەكسان بووە.

2-    یۆڤانتۆس

ریال مەدرید تا ئێستا ل خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا هیچ یارییەكی لەنێو یاریگەی یۆڤانتۆس نەبردووەتەوە، 5 یاری دۆڕاندووە و لە یارییەكی تریشدا یەكسان بووە، بەمەش ئەو یانە ئیتاڵییە تا ئێستا گەورەترین گورجی لە یانەی شاهانە داوە.

3-    ئۆڵەمپیاكۆس

یانەی ریال مەدرید تا ئێستا 4 جار بووەتە مێوانی یانەی ئۆڵەمپیاكۆسی یۆنانی، هەرچەندە لەنێوان هەردوو یانەكەدا جیاوازییەكی گەورە لە ئاستی یاریكردندا هەیە، بەڵام یانەی شاهانە نەیتوانیوە هیچ یارییەك لەنێو یاریگەی ئۆڵەمپیاكۆس بباتەوە و لە 3 یارییدا یەكسان بووە لەگەڵیدا و یارییەكیشی بەرامبەر دۆڕاندووە.

4-    ئەی سی میلان

یانەی ریال مەدرید تا ئێستا لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا نەیتوانیوە تەنیا جارێكیش لەنێو یاریگەی سان سێرۆ بەرامبەر یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی سەركەوتن بەدەست بێنێ، هەردوو یانەكە لە 2 یارییدا یەكسان بوونە و یانەی شاهانەش یارییەكی دۆڕاندووە.

5-    سپارتاك مۆسكۆ

یانەی شاهانە تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ یارییەك لە یانەی سپارتاك لە شاری مۆسكۆ لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بباتەوە، یانەكە لە 2 رووبەڕووبوونەوەدا بەرامبەر ئەو یانە رووسییە دۆڕاوە.

6-    ئەتلەتیكۆ مەدرید

یانەی شاهانە ئەنجامێكی خراپی لەنێو یاریگەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپادا هەیە، تا ئێستا 2 جار بووەتە مێوان و یارییەكی دۆڕاندووە و یارییەكی تریشی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ دۆڕاندووە.

7-    لاتسیۆ

یانەی ریال مەدرید بەگشتی بەرامبەر یانەی ئیتاڵییەكان ئەنجامێكی باشی نییە و ئەمجارەشیان بەرامبەر یانەی لاتسیۆیە، یانەكە دووجار لە شاری رۆمای پایەتەخت بووەتە مێوان و یارییەكی دۆڕاندووە و لە یارییەكەی تریشدا یەكسان بووە، واتە نەیتوانیوە لەنێو شاری رۆما سەركەوتن بەسەر یانەی لاتسیۆ بەدەست بێنێ.

8-    مانچستەر سیتی

ریال مەدرید بەهەمانشێوە تا ئێستا نەیتوانیوە لە شاری مانچستەر لە یانەی سیتی بباتەوە، تا ئێستا دوو جار بووەتە مێوانیان و لە هەردوو یارییەكەشدا یەكسان بووە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م