ئامانجی سەرەكی ریال مەدرید دەیلی ئالی دەبێت

:: AM:10:25:26/09/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پلانی داڕشتووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا چەند گۆڕانكارییەك لە پێكهاتەی یانەكەیاندا بكات بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی ئەم دواییەیان لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا.

رۆژنامەی (دۆن باڵۆن) بڵاوی كردەوە: یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی یانەی شاهانە و پێرێزی سەرۆك لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەستێرەی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی دەیلی ئالییە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە یانەی ریال مەدرید پلانی داڕشتووە بە گۆڕینەوەی یاریزانان یانەی تۆتنهام رازی بكات بۆ دەستبەرداربوون لە ئالی، یەكێك لە بژاردەكانیش پێشكەشكردنی ماتیۆ كۆڤاسیچی ئەستێرەی كڕواتییە لەگەڵ بڕێك پارەی تر.

ئالی /21 ساڵ/ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی تۆتنهام تا پێنج ساڵی تر درێژە هەیە، بەڵام ئەوە رێگر نابێت لە فرۆشتنی ئەگەر یانەكەی دەستەوارەیەكی گرانبەهای ئاراستە بكرێ.

جێی باسە یانەی ریال مەدرید لە یارییەكانی ئەم دواییەی خولی ئیسپانیادا ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەست نەهێناوە و ئێستا بەكۆكردنەوەی 11 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەم دێت و 7 خاڵ لە دواوەی یانەكەی یەكەمە كە یانەی بەرشەلۆنەی ركابەرییەتی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م