خاتوونه شانۆكار فرمێسك مسته‌فا له شانۆی كوردى ناوێكى دیاره و خاوه‌ن چه‌ندان به‌رهه‌مى شانۆیییه له كوردستان و وڵاتانى دنیا، ئێسته له ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ گرووپێكى شانۆیى هه‌مان وڵات به زمانی ئه‌ڵمانی كار ده‌كات. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر خوێندن و كار و به‌رهه‌مه‌كانى.
له شارى سلێمانى له دایك بوویت، شوێنى له‌دایكبوون كاریگه‌ریى له‌سه‌ر كارى هونه‌ریی هه‌یه؟
شوێنی جیۆگرافى ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌واى داهێنانى له‌بار بێت، بێگومان به‌هره‌مه‌نده‌كانى به‌ئاسانى نه‌شونما ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌و ڕووه‌كه‌ى له خاكێكى له‌بار و كه‌شوهه‌وایه‌كى گونجاو‌دا ده‌ڕوێ، به‌ڵام په‌روه‌رده و به‌خێوكردن و گرنگیپێدانیش رۆڵی خۆى ده‌بینێت، به‌هره و توانا ئه‌سپێكن له‌هه‌ر گالیسكه‌یه‌كى بنێیت به‌ره‌و شوێنى مه‌به‌ستت ده‌بات، به‌ڵام ده‌بێت سوارچاكێكى لێزانیش بیت.
تۆ كۆلێژى هونه‌ره جوانه‌كانت له به‌غدا ته‌واو كردووه، بۆ ئه‌وكات ئه‌سته‌م نه‌بوو كچێكى كورد له به‌غدا و له بوارى هونه‌ردا بخوێنێت؟
ئێمه كۆمه‌ڵه كچێكى كورد بووین كه له هه‌مان ساڵدا چووینه كۆلێژى هونه‌ره جوانه‌كانى به‌غدا، به گڕوتینێكى زۆر و ئاره‌زوویه‌كى بێ سنوور ئه‌گه‌ر زه‌حمه‌تیش بووبێت، ئه‌و گڕوتینه هه‌موو ئه‌و زه‌حمه‌تییه‌ى سووتاندووه و ئێمه ئامانجى خۆمان پێكا، كۆسپێكى زۆرمان هاته به‌رده‌م، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ڕێزێكى زۆر له توانا‌مان ده‌گیرا و ئێمه‌یان له عه‌ره‌به‌كان زیاتر گرنگى پێ ده‌دا، مامۆستاكانمان ده‌یانزانى ئێمه بۆ شانۆ خوێندن هاتووین و ده‌مانه‌وێت ببین به شانۆكار، ئه‌وه‌ش له‌وكاته‌دا ده‌گمه‌ن بوو له ده‌ره‌وه‌ى به‌غدا كۆمه‌ڵێك به‌هره‌مه‌ند بێت و بیانه‌وێت شانۆكار بن نه‌ك ته‌نیا قوتابی بۆ بڕوانامه.
كێ هاوكارت بوو له‌و ساڵانه‌ى له به‌غدا قوتابی بوویت؟
كه چوومه به‌غدا باوكم سه‌رچاوه‌ى هاوكارى داراییم بوو، به‌ڵام هاوینێكیان خۆم كارم كرد و توانیم هه‌ندێك پاره كۆ بكه‌مه‌وه، جاروباریش له ڕۆژنامه‌كاندا بڵاوكراوه‌م هه‌بوو و پاداشتم پێ وه‌رده‌گرت، ئه‌وكاته‌ش ده‌رماڵه‌یه‌كى ڕه‌مزیمان وه‌رده‌گرت، به‌هه‌رحاڵ ژیانى خۆمم به‌و پارانه به‌ڕێوه ده‌برد.
یادگارى خۆش و ناخۆشتان هه‌یه له به‌شه ناوخۆیی و تا چه‌ند به‌یه‌كه‌وه پڕۆڤه‌ى كارى هونه‌ریتان ده‌كرد؟
به‌ڵێ شه‌وانى به‌شه ناوخۆیی پڕاوپڕن له چیرۆكى سه‌یروسه‌مه‌ره و شادی به‌خش، ئێمه شه‌ش كچ بووین له ژوورێكدا، من و نیگار حه‌سیب و چوار كچى تر له چوار پارێزگاى جیاوازى عێراقه‌وه هاتبوون و هه‌ر یه‌كه‌یان له به‌شێك له كۆلێژى هونه‌ره جوانه‌كان ده‌یانخوێند، ئه‌گه‌ر رۆڵى نوێم وه‌ربگرتایه به‌هه‌موو كچه‌كان سه‌ر و بۆرى وشه عه‌ره‌بییه‌كانیان بۆ ده‌كردم و له‌گه‌ڵ تێكسته عه‌ره‌بییه‌كه‌دا هاوكارییان ده‌كردم.
ساڵى 2003 بوویت به به‌ڕێوه‌به‌رى یه‌كه‌م دیدارى خانمانى شانۆكار، كاره‌كانى ئه‌و دیداره چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ ئه‌گه‌ر دیدارێكى تر‌ى له‌و شێوه‌یه دووباره بكرێته‌وه و وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر دیاریت بكه‌نه‌وه ئاماده‌یت؟
دیدارى خانمانى شانۆكار ده‌رگه‌یه‌كى كرده‌وه بۆ كۆبوونه‌وه و گفتوگۆ له‌باره‌ى خۆمانه‌وه وه‌ك ژنه شانۆكار كه كارى له‌و شێوازه پێشتر نه‌كرابوو، فێستیڤاڵى گوڵه‌مێخه‌ك نه‌بێت، ئاواتى من ئه‌وه‌یه جارێكى تر دیداره‌كه بكرێته‌وه، گرنگ نییه من به‌ڕێوه‌به‌ر بم ، ئێمه كارێكى هه‌ره‌وه‌زیمان كردووه، هه‌موو پشتوپه‌ناین بۆ یه‌كتر، له‌و دیداره‌دا یه‌كده‌ست و یه‌كدڵ كارمان كردووه، ئێسته‌یش هه‌ر ژنێكى تر به‌و كاره هه‌ڵستى ده‌ستخۆشى لێ ده‌كه‌م و جارێكى تر هه‌موومان له ده‌ورى كۆ ده‌بینه‌وه و پشتیوانى ده‌كه‌ین وه‌ك چۆن له منیان كرد.
له‌گه‌ڵ گرووپێكى شانۆیی ئه‌ڵمانى به‌شدارى چه‌ندان كارى شانۆییت كردووه، كارت له‌گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رى چه‌ند وڵات كردووه؟
جگه له ئه‌ڵمانیا، له وڵاتانى تر‌ى ئه‌وروپا نمایشم هه‌بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێسته جگه له ده‌رهێنه‌رى ئه‌ڵمان و كورد و عه‌ره‌ب كارم له ته‌ك هیچ ده‌رهێنه‌رى وڵاتێكى تر نه‌كردووه .
كێ هانده‌رى سه‌ره‌كیت بوو بۆ كارى هونه‌رى؟
خۆم وه‌ك فرمێسك هانده‌رى ته‌واوى خۆم بووم، بڕوام هه‌بووه به كاره‌كه‌م و به‌و ڕێیه‌ى هه‌ڵمبژاردووه، ڕه‌نگه په‌روه‌رده و باوه‌ڕ به‌خۆبوون باكگراوندێكى خێزان بێت، به‌ڵام مرۆڤ خۆشى رۆڵى هه‌یه له نه‌شونماكردنى یا دامركاندنه‌وه و مردنى ئه‌و كاره‌ى كه ویستوویه‌تى بیكات، یا ئه‌و ڕێیه‌ى گرتوویه‌تییه به‌ر، ڕه‌نگه من به‌هۆى بارى خێزانیشمه‌وه ساڵانێك سه‌رقاڵى په‌روه‌رده‌ى منداڵه‌كانم بووبم و نه‌متوانیبێ به‌و سووربوونه له‌سه‌ر ئاوات و خواسته‌كانم كار بكه‌م، به‌ڵام شێواز و جۆرى كاره‌كه‌مم گۆڕیوه تا له‌كاتى گونجاو‌دا ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه.
تا ئێسته ململانێ له نێوان تۆ و شانۆ رووی داوه؟
زۆركات من و شانۆ له ململانێیه‌كى وا داین خه‌ریكه یه‌كتر ده‌كوژین، جارى وا هه‌بووه یه‌خه‌ى یه‌كترمان گرتووه، بزانین كاممان به‌تواناترین، بێگومان هه‌میشه ئه‌و له منى بردووه‌ته‌وه و ملكه‌چى خۆى كردووم، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه بڕواى ته‌واوم پێی هه‌یه و وازى لێ دێنم كه له‌و جه‌نگه‌دا بیباته‌وه، ئه‌و ململانێ و شه‌ونخوونى و شه‌ڕه‌ش به بێده‌نگییه و خێزان ئاگادارى نییه، هێنده‌ى خۆم نه‌بێت.
له‌م ڕۆژانه به‌شداریت له كارێكى نوێ كردووه له ئه‌ڵمانیا به‌ناوى "گه‌رماوى ژنان" یا ژنان به‌نهێنى جگه‌ره ده‌كێشن به‌چه‌ند زمانێكى جیاواز رۆڵت تێدا بینیوه؟
بۆ ئه‌و كاره ئێسته له نمایشى وه‌رزێكى نوێداین و ده‌بێته دوو ساڵ له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك نمایش ده‌كرێت، ده‌قه‌كه‌ى به فڕه‌نسایى نووسراوه و وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى ئه‌ڵمانى، من به ئه‌ڵمانى و عه‌ره‌بی نواندن ده‌كه‌م، به‌ڵام له هه‌ندێ شوێنى كه‌م رسته‌ى كورت كورتم هه‌یه به‌عه‌ره‌بی و هه‌روه‌ها گۆرانییه‌كه ده‌نا به ئه‌ڵمانى رۆڵه‌كه‌م ده‌بینم، دوا به‌دواى ئه‌وه ئێسته به‌هه‌مانشێوه له وه‌رزێكى تردا نمایش ده‌كرێته‌وه، شانۆنامه‌یه‌كى په‌روه‌رده‌یییه و له‌وێدا به‌توركى و كوردى و ئه‌ڵمانى رۆڵ ده‌بینم.
به‌هه‌مان ئه‌و ئازادییه‌ى له وڵاتان به‌تایبه‌ت له ئه‌ڵمانیا هه‌یه كار ده‌كه‌یت له‌سه‌ر سته‌یچى شانۆ، هه‌مان ئازادى هه‌یه له كوردستان بۆ ژنانى ئه‌كته‌ر؟
نه‌خێر به‌و ئازادیی جه‌سته‌یه كارم نه‌كردووه، ئیتر نازانم ژنێك هه‌ستى كردبێت به‌ته‌واوى ئازادى جه‌سته‌یییه‌وه نواندنى كردبێت، ئه‌وه‌ش باسێكى دوور و درێژه و لێره‌دا جێى نابێته‌وه كه به‌چه‌ند دێڕێك باس له هۆكاره‌كانى بكه‌م .
چه‌ند زمان ده‌زانیت بۆ گفتوگۆكردن و جگه له كارى نواندن ڕۆژانه چ كارێكى تر ده‌كه‌یت؟
سێ زمان ده‌زانم، جگه له كارى نواندن وه‌ك چالاك كار ده‌كه‌م بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، به‌ڵام كارى خۆبه‌خشییه كه ماوه‌ى 10 ساڵه به‌رده‌وامم له‌و كاره له‌گه‌ڵ شاره‌وانى فیلباخ.
له‌گه‌ڵ چه‌ندی ژنى تر سه‌رقاڵى مه‌شق و ڕاهێنانى، ئه‌و كاره‌تان چ په‌یامێكى هه‌ڵگرتووه؟
ئێسته له‌گه‌ڵ شاره‌وانى شتوتگارت له‌گه‌ڵ 24 ژنى تر مه‌شق و ڕاهێنانمان پێ ده‌كه‌ن و ئاماده‌كاریمان پێ ده‌كه‌ن كه چۆن بتوانین پاڵپشت و هانده‌رى ئه‌و ژنانه بین كه توندوتیژییان به‌رامبه‌ر كراوه، هه‌روه‌ها خێزان و لاوه‌كانى دێنه ئه‌ڵمانیا چۆن له سیاسه‌تى خۆگونجاندا له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ى ئه‌ڵمانى كارئاسانییان بۆ بكه‌ین، جگه له‌وه‌ش دایكم و ئه‌ركى دایكایه‌تى له شانۆ و له كارى چالاكیى قورس‌تر و هه‌ستیارتره.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى