كۆنگرێسمانێك له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نامه‌ بۆ تره‌مپ ده‌نێرێ


كۆنگرێسمانێكی ئەمەریكا نامەیەك بۆ سەرۆكی ئەمەریكا دەنێرێ و لە دەقی نامەكەیشدا ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە پشتیوانی كوردەكانی عێراق بین تا ئەنجامی ئەو ڕیفراندۆمەی ئەنجامیان داوە جێبەجێی بكەن و بیهێننە دی، چونكە بەغدا و تاران و ئەنكەرە بە هاوبەشی دژایەتیی كوردستان دەكەن، لە كاتێكدا كوردستان متمانە پێكراوترین هاوپەیمانی ئەمەریكایە لە ناوچە و دەبێ حكوومەتی عێراق و كوردستان لەیەكتر نزیك بكەینەوە و كاتێكی دیاریكراو دابنرێ بۆ ئەوەی كوردستان سەربەخۆیی خۆی بەدەست بهێنێت.

دانكن هنتەر كۆنگرێسمانی ئەمەریكی نامەیەكی بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژی 26ی ئەیلوول/سێپتێمبەر ناردووە و دەڵێ، دووشەم هەرێمی كوردستانی عێراق ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی خۆیان ئەنجام دا، بۆ پێڕەوكردنی مافی چارەی خۆنووسین، خەڵكی كوردستان زۆرینەی ڕەهایان دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە و كوردستانی عێراق یەكێكە لە باوەڕ پێكراوترین هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا و بەشدارێكی سەرەكی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشن.

هەروەها دەڵێ، هاووڵاتییانی كوردستانی عێراق زۆرینەیان باشترین پرۆ ئەمەریكین لە دنیادا، هەرێمەكەیان بە تەواوی ئارام و جێگیرە و دیموكراسی لە ناوچەكە بڵاو بووەتەوە، هێزەكانی پێشمەرگە بەهێزترین هێزن كە بە پشتیوانی ئەمەریكا لە 2003 بەشداری كاران لە پرۆسەی ڕزگاری عێراق كردووە، دوای هاتنی تیرۆریستانیش ئەوان باشترین و سەرەكیترین هێزی شەڕكەرن دژ بە داعش، ئەمەریكا لە ساڵی 1991 هاوكاری كوردی كرد و لە 2003 و 2014یش بەهەمان شێوە، ئەوان بە تەواوی سوپاسگوزاری ئەمەریكان و بەردەوام دەستیان لە نێو دەستی ئەمەریكایە و نەك دووری بخەنەوە.

لە بەشێكی تری نامەكەی ئەو كۆنگرێسمانەی ئەمەریكا بۆ ترەمپ هاتووە، كوردەكانی عێراق خاوەن بەهای خۆیانن و پشتیوانی بەهێزی سیكۆلاریزم و حكوومەتێكی سێكۆلار و دیموكراتن، هاوكات میدیای سەربەخۆی خۆیان هەیە و كۆمەڵگەی مەدەنی كارایە و كولتووری لێبوردەیی و پێكەوەژیان لە سەرتاسەری هەرێمەكە بڵاو بووەتەوە، هەرێمەكە بەشێوەیەكی تۆكمە ئاسایشی ناوچەكەی پاراستووە و بە تەواوی جیاوازە لە ناوچەكانی تر و ئارامی تێدا جێگیرە، هاوكات مافی پێكهاتەكانی ئێزیدی و كریستیان بە تەواوی پارێزراو و هەموو هاووڵاتییەك مافی خۆی هەیە و پارێزراوە لەژێر چەتری ڕەشنووسی دەستوورەكەیان.

لە كۆتادا دەڵێ، ئەنجامی ڕیفراندۆمەكە ڕوونە و كوردەكانی عێراق دەیانەوێ بەرەوپێشەوە بڕۆن و سەربەخۆبوون و خۆیان فەرمانڕەوایی خۆیان بكەن، كە هاوپەیمانێكی متمانە پێكراوی ئەمەریكان و تاكە دیموكراسییەتی پێشكەوتوو دەبن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوان ئێستە لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستیان بە پشتیوانی ئەمەریكا، توركیا و ئێران و بەغدا بە هاوبەشی كار دەكەن بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان، من بە تەواوی دەمەوێ تۆ و حكوومەتەكەت پشتیوانی ئەنجامەكانی ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بكەن، هاوكات كار بكەین لەگەڵ كوردستانی عێراق و حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی لە كاتێكی دیاریكراودا ئەنجامەكانی ڕیفراندۆم جێبەجێ بكرێ و بهێنرێتە دی.

دانكن هنتەر ئەندامی پارتی كۆمارییەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكایە لە بازنەی ویلایەتی كالیفۆرنیا، لە حەوتی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 1976 لە دایك بووە و پێشتر وەك ئەفسەرێكی باڵای هێزەكانی مارێنز لە شەڕی ئەفغانستان و عێراق بەشداری كردووە، لە بواری بەڕێوەبردنی بازرگانی لە زانكۆی ساندیاگۆ بڕوانامەی بەدەست هێناوە و هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی سێ منداڵە و پشتیوانێكی سەرسەختی كوردستانە لە ئەمەریكا.




وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:49:04/10/2017




ئه‌م بابه‌ته 31145 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌