بۆچی رۆناڵدۆ نەچووبووە یانەی لێڤەرپوول

:: AM:11:14:16/10/2017 ‌

راهێنەرێكی پێشووی یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی هۆكاری گرێبەست نەكردنی یانەكەی لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی ئاشكرا كرد كاتێك لە ریزی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی یاریی دەكرد.

گیرارد هۆلێ كە لەنێوان ساڵانی 1998 تا 2004 راهێنەری یانەی لێڤەرپوول بوو، ئاشكرای كرد كە رەتیان كردبووەوە لە كاتی خۆیدا گرێبەست لەگەڵ رۆناڵدۆ بكەن.

هۆلێ رایگەیاند: كاتێك رۆناڵدۆ لە ریزی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنە یاریی دەكرد، هەوڵی گرێبەستكردنمان لەگەڵی دابوو و سەرجەم كارەكانیشمان تەواو كردبوو، بەڵام بەهۆی زۆری مووچەكەیەوە هاتنیمان رەت كردبووەوە.

زیاتر گوتی: لە راستیدا نەماندەویست ئەو مووچە زۆرە بدەین بە رۆناڵدۆ بۆ ئەوەی كێشە لە ژووری خۆگۆڕینی یاریزانانمان دروست نەبێت، لەبەر ئەمە لە كۆتاییدا رێككەوتنەكەمان رەت كردەوە.

دوای رێك نەكەوتن لەگەڵ یانەی لێڤەرپوول، یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ رۆناڵدۆ كرد و دوای یاریكردنی بۆ ماوەی 6 ساڵ لە 2009 بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م