د. فه‌رید ته‌حسین حه‌داد پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی گورچیله و چاندنی گورچیله له دیدارێكی "وشه"دا، هۆكاره‌كانی تووشبوون به نه‌خۆشییه‌كانی گورچیله و چاره‌سه‌رییه‌كانی روون ده‌كاته‌وه. ئه‌و پزیشكه پسپۆڕه رای ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌رگرتنی گورچیله و چاندنی بۆ یه‌كێكی تر، گرنگه له كه‌سه نزیكه‌كانی خۆی بێت، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه هه‌ر ئافره‌تێك گورچیله‌ی بۆ چانرابێت، باشتره رێ له دووگیانبوون بگرێت.
له ماوه‌ی ئه‌و ١٠ ساڵه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریی چاندنی گورچیله له كوردستاندا ئه‌نجام ده‌درێت، نه‌خۆشیی گورچیله روو له هه‌ڵكشان بووه یان داكشان؟
-ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ ئێمه له كوردستان له لوتكه‌ی چاندنی گورچیله بووین، مانگانه ڕێژه‌ی نه‌شته‌رگه‌ریی چاندنی گورچیله ده‌گه‌یشته ٤٠ نه‌خۆش، به‌ڵام له‌دوای ته‌نگژه‌ی ئابووری ڕێژه‌كه كه‌م بووه‌ته‌وه، چونكه ئێسته له سه‌نته‌ره حكوومییه‌كاندا نۆره ده‌گیرێت، به‌ڵام له ئه‌هلییه‌كاندا نه‌خۆش ناتوانێت نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه ئه‌نجام بدات، بۆیه ئێسته ڕێژه‌ی نه‌خۆش كه نه‌شته‌رگه‌ریی چاندنی گورچیله‌ی بۆ بكرێت كه‌م بووه‌ته‌وه، هاتنی ئاواره‌كانیش كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه كرد، چونكه ئه‌و به‌شه ده‌رمانه‌ی له‌ناو سه‌نته‌ره‌كاندا هه‌بوون ته‌نیا به‌شی نه‌خۆشی خۆمان بوو كه مانگانه پێیان ده‌درا، به‌ڵام ئێسته به‌هۆی لێشاوی ئاواره‌كانه‌وه، سێ مانگ جارێك بڕێكی كه‌می ده‌رمان به نه‌خۆشانی گورچیله ده‌درێت.
هۆكاره‌كانی تووشبوون به نه‌خۆشیی گورچیله چین؟
به‌كارهێنانی ده‌رمان به‌بێ چاودێری پزیشك، هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی زۆری ئازارشكێن و هێوركه‌ره‌وه‌كان، كێشانی نێرگه‌له و جگه‌ره و وه‌رنه‌گرتنی ده‌رمان له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه په‌ستانی خوێنیان زۆره، نه‌خواردنه‌وه‌ی بڕی ئاوی پێویست بۆ جه‌سته كه پێویسته له ڕۆژی سه‌رمادا (لیترێك بۆ سێ لیتر) و له ڕۆژی گه‌رمادا (سێ بۆ پێنج لیتر) ئاو بخورێته‌وه.
ئایا ئه‌و ڕێیانه‌ی كه بۆ ئه‌م جۆره نه‌شته‌رگه‌رییه ده‌گیرێنه به‌ر، هاوشێوه‌ی وڵاتانی تره له‌ڕووی كوالێتی و كه‌ره‌سته‌ی نه‌شته‌رگه‌ری و ده‌رمان؟
به‌ڵێ به هه‌مان ته‌كنیك و هه‌مان ده‌رمان به‌كارده‌هێنرێت، ئێمه وه‌ك كوردستان له‌سه‌ر ئاستی عێراق له هه‌موو عێراق باشترین و باشترینیش له كوردستان سه‌نته‌ره‌كه‌ی هه‌ولێره كه له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگارییه، له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش هاوشێوه‌ی وڵاتانی ترین، چه‌ندان نه‌خۆش هه‌ن له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقه‌وه هاتوون و لێره نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌یان بۆ ئه‌نجام دراوه، ئێمه وه‌ك پزیشك پێوه‌ری سه‌ركه‌وتنی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانمان به ستانداردی جیهانی ده‌پێوین كه بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ داده‌نرێت، واتا دوای پێنج ساڵ له ئه‌نجامی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه دڵنیایی ده‌ده‌ین كه ئه‌و جه‌سته‌یه قبووڵی ئه‌و گورچیله‌یه‌ی كردووه یا ئه‌گه‌ری ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌یه كه له زۆر وڵاتانی تر پێوه‌ریان یه‌ك ساڵه.
له هه‌رسێ سه‌نته‌ری هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی گورچیله، نۆره‌ی دوو مانگ بۆ نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله ده‌گیرێت، ئه‌مه تا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستیی نه‌خۆش ده‌بێت؟
بێگومان كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به كه‌مته‌رخه‌می پزیشكانه‌وه نییه، چونكه بۆ هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك تیمێكی پسپۆڕی ٣٠ كه‌سی ئاماده‌یه بۆ ئه‌و نه‌شته‌رگه‌رییه، به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ته‌نیا یه‌ك ڕۆژ له‌ناو سه‌نته‌ره‌كاندا هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ چاندنی گورچیله ئاماده ده‌كرێت، ڕۆژه‌كانی تر بۆ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی تره، بۆیه پێویسته نه‌خۆشخانه‌یه‌ك تایبه‌ت به گورچیله دروست بكرێت، ئه‌وكات ئه‌نجامی زۆرتر و باشتر له ئێسته‌مان له به‌رده‌ستدا ده‌بێت.
ئایا ئه‌و گورچله‌یه‌ی بۆ نه‌خۆشه‌كه داده‌نرێت، باشتره له كه‌سه نزیكه‌كانی نه‌خۆشه‌كه بێت یا هه‌ر كه‌سێكی تر؟
بێگومان زۆر باشتره له كه‌سی نزیكی نه‌خۆشه‌كه بێت، چونكه ئه‌و كاته ڕێژه‌ی سه‌ركه‌وتنی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه زیاتر ده‌بێت، ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئه‌و گورچیله‌یه بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژتر به ته‌ندروستی كار بكات و ته‌مه‌نی كه‌سه‌كه‌ش درێژتر ده‌بێت، بۆیه ئێمه هه‌میشه داوا ده‌كه‌ین گورچیله‌ی وه‌رگیراو له ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه بێت.
ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان به چاندنی گورچیله هه‌یه، ڕه‌چاوی ته‌مه‌نیان ده‌كرێت؟ ئایا له هه‌موو ته‌مه‌نێكدا جه‌سته‌ی مرۆڤ توانای وه‌رگرتنی ئه‌و گورچیله‌یه‌ی هه‌یه؟
بێگومان به‌پێی ته‌مه‌ن جیاوازی له جۆری چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان گه‌وره‌یه به‌هۆی قورسی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه و به‌هێزی ده‌رمانه‌كان، ئێمه وه‌ك پزیشكانی گورچیله پێمان باشه (شووشتنی گورچیله)یان بۆ ئه‌نجام بده‌ین، چونكه سوودی زیاتری ده‌بێت بۆیان، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ته‌مه‌نیان نه‌گه‌شتووه‌ته ٧٠ ساڵ، بێگومان نه‌شته‌رگه‌ری چاندنی گورچیله‌یان بۆ ده‌كرێت.
ئه‌وه روونه كاتێك نه‌خۆشێك گورچیله‌كانی له‌كار ده‌كه‌وێت، دوو ڕێی له به‌رده‌مدا ده‌بێت، یان ده‌بێت گورچیله‌كانی بشۆرێت، یا گورچیله‌یه‌كی تری بۆ دابنرێت، ئه‌ویش له‌دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو پشكنینێكی له‌گه‌ڵ گورچیله‌ی وه‌رگیراودا بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش گورچیله ده‌رناهێنرێت و گورچیله‌یه‌كی تر له شوێنی دابنرێت، به‌ڵكو گورچیله‌ی وه‌رگیراو له سه‌ر میزڵدان داده‌نرێت، ته‌نیا له‌یه‌ك كاتدا گورچیله ده‌رده‌هێنرێت، كاتێك به‌هه‌ر هۆكارێك گورچیله له‌كار كه‌وتووه‌كه هه‌ڵده‌ئاوسێت و ناوسكی نه‌خۆشه‌كه داده‌پۆشێت.
ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كه گورچیله‌یان بۆ چێنراوه ڕێیان پێ ده‌درێت دووگیان ببن؟ ئایا به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌رمانانه دوای نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌یان كاریگه‌ری خراپی هه‌یه بۆ سه‌ر كۆرپه‌ڵه؟
ئێمه وه‌ك پزیشك به باشی نازانین ئه‌و ئافره‌ته‌ی گورچیله‌ی بۆ چێنراوه دووگیان ببێت، هه‌میشه ڕێنوێنییان پێ ده‌ده‌ین ڕیگر بن له دووگیانبوون، چونكه قورسییه‌كی زۆر ده‌خاته سه‌ر گورچیله و له هه‌ندێك حاڵه‌تدا بۆی هه‌یه ببێته هۆیی وه‌ستانی گورچیله‌كه، ئه‌گه‌ر نه‌شبێته هۆی وه‌ستانی، ئه‌وا به‌ڕێژه‌یه‌ك هه‌ر كاریگه‌ری ده‌كاته سه‌ری، زۆرجار ئافره‌تان له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ئه‌و بڕیاره ده‌ده‌ن كه دووگیان ببن، به‌ڵام له‌وكاته‌شدا ده‌بێت ئه‌و ئافره‌ته به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێری پزیشكدا بێت و ده‌رمانی گورچیله‌كه‌ی بۆ بێته گۆڕین، چونكه ئه‌و ده‌رمانانه ئه‌گه‌ر نه‌یه‌نه گۆڕین، كاریگه‌ری زۆر خراپیان ده‌بێت له‌سه‌ر كۆرپه‌ڵه‌كه.
تا ئێسته هیچ ئافره‌تێكی دووگیان هه‌بووه كه پێشتر گورچیله‌ی بۆ چێنراوه، له‌كاتی دووگیانبوونیدا گورچیله‌ی له‌كار بكه‌وێت؟
خۆشبه‌ختانه تا ئێسته حاڵه‌تی ئاوا ڕووی نه‌داوه، ئێمه له كوردستان ڕیكۆردی ئه‌وه‌مان شكاندووه و نه‌خۆشه‌كانیشمان به‌پێی ئه‌و ڕێنوێنییانه به‌ڕێوه ده‌چن كه پێیان ده‌ده‌ین و له‌كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ر نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك بۆ ئافره‌تان، پێشتر ئه‌و ڕێنوێنییانه‌یان هه‌موو پێ ده‌درێت كه پێویسته جێبه‌جێی بكه‌ن.
وشه/ ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان