عەلی عەونی: ئەوەی ڕوو دەدا گەلەكۆمەكییە و كوردستان بەسەریدا زاڵ دەبێ

:: PM:02:12:18/10/2017 ‌
عەلی عەونی بەرپرسی لقی سۆران و ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ئەو دۆخەی كوردستانی گرتووەتەوە و سوپای پاسداران و میلیشیاكان بەهاوكاری لایەنێكی ناوخۆ هاتنە كەركووكەوە، دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەمە هەوڵی ڕێگرییە لە سەربەخۆیی و بەغدایش بەم كارە بە تەواوی رادەستی ئێران بوو. پارتی و هێزە نیشتمانپەروەرەكانی كوردستان لە تێكۆشان و خەبات بەردەوام دەبن و نەشمانویستووە كەركووك و ناوچەكان وەك مووسڵ و حەلەب و شارەكانی باكوری كوردستان وێران ببن، بۆیە لەناو شارەكان شەڕ نەكرا، بەڵام گەلی كوردستان دووبارە هەڵدەستێتەوە و پڕۆژەی سەربەخۆیی هەر بە ئامانج دەگات، تیشك دەخاتە سەر ئەوەیش زۆر لەو هێزانەی هاتنە كەركووك و ناوچەكانی ترەوە عەرەبی نازانن و فارسن و سەر بە سوپای پاسدارانن.

چی ڕووی دا لە كەركووك  و ناوچەكانی تری كوردستان و وردەكارییەكەی چییە؟
بە یارمەتی بەشێك لە سەركردایەتیی یەكێتی، دۆخی كەركووك بەم شێوەیەی لێ هات وەك هەمووان بینیمان، ئەمە پیلانێكی زۆر گەورەیە لەسەر كوردستان و پارتیش وەك پێشەنگی خەبات و تێكۆشان بە ئامانج گیراوە، دەیانویست بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە كە بارزانی ڕێبەرایەتیی دەكات بۆ سەربەخۆیی سەركەوتوو نەبێ، بەداخەوە ئەوان بوونە بەشێك لە پیلانەكە و بوونە هۆكاری ئەوەی لە هەموو سەنگەرەكان پیلانەكە سەربگرێ، بۆیە ئێستە ئێمە بیر لەوە دەكەینەوە چۆن هەستینەوە سەر پێ، ئێمە قۆناغی لەوە دژوارترمان بینیوە و ئەم جارەیش هەڵدەستینەوە سەر پێ و ورە بە میلەتی خۆمان دەدەین و خۆمان ڕادەگرین، دوژمنانی ئێمە ئەگەر پێیان بكرێ، نەك لە هێڵی 36، لەسەر گۆیی زەویش ڕێمان نادەن، بەڵام ئێمە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگەدار دەكەین كە ئەگەر بڕیار بێ ئەو میلەتە لە ئارامی و ئازادی و ئاسایشدا نەژێت، ئەوا ئەوانیش ئارامی و ئاسایشیان نابێ، دنیا دەبێ لەسەر ئەمە بێتە دەنگ و ئەو ستەمە قبووڵ نەكات، من دڵنیام ئەگەر ئەو میلەتە منداڵی یەك تاكە شەهیدیشی مابێ، بە تەنیا لەم تێكۆشان و خەباتە بەردەوام دەبێ، سەدام لە كۆتادا كونێكی دەست كەوت و لەوێوە گیرا، ئەم دەسەڵاتەی بەغدا ئەم كونەیشیان دەست ناكەوێ و ئەوان هیچ كات لە سەدام بەهێزتر نین.

بەشداری ئێران و سوپای پاسداران چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
بەداخەوە ئێران دەیەوێ پیلانی هیلالی شیعی تەواو بكات و بە تەواوی عێراق بكەوێنی و خۆی بگەیەنێتە دەریای ناوەڕاست، ئێمە چقڵی چاوی ئەوان دەبین و هیچ كات ڕێ نادەین ئەو پڕۆژەیە سەركەوتوو بێ، دەبوو دنیا بە ڕێزەوە لەوبارەوە سەیری تێكۆشانی گەلی كوردستان بكات و ڕێی نەدایە سەردەمی داگیركاری و خۆسەپێنی دروست بێتەوە كە ئێستە لە دنیادا ئەمە بەسەر چووە، دەبوو دەستخۆشی و پاداشتی ئێمەیش بكەن، بەڵام دنیا بێدەنگی كردووە و بە بزەوە سەیری ئەو كارەساتە دەكەن، ئەوانەی ئێستە هاتوون لە ناو خانەقین و شنگال و كەركووك، ئەوانە سەر بە ئێرانن و زۆربەیان عەرەبیش نازانن و فارسن، هاوكات میلیشیاكانی حەشدی شەعبیش سوپایەكی سەر بە خامنەیین و ئێران ئێستە بەسەر عێراق و بەغدا زاڵ بووە و بەغدا تەنیا ژوورێكی جموجۆڵكردنە ژێر دەستی تارانە، خۆیان سەروەری وڵاتێكیان تێك دا و ڕادەستی وڵاتێكی تریان كرد.

بۆچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن دەخوێننەوە، بۆچی لە بەرامبەر ئەو كارەساتە بێدەنگن؟
ئێمە دەبێ لەسەر پێی خۆمان بوەستین، پشت بە توانا و هێز و ئیرادەی خۆمان ببەستین، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دووڕوون و تا ئێستە هیچیان نەكردووە، زۆر بێ ئومێدم لەو قسە بریقەدارانەیان كە باسی ئازادی و دیموكراتی و مافی مرۆڤ دەكەن، ئەگەر نا ئێمە لە دیموكراتترین و مرۆییانەترین دەروازەوە بەرەو پێشەوە دەڕۆین، ڕیفراندۆم ئیرادەی میلەتە و دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ و شتێكی زیاتر لەوە نەكراوە، دەنگێكمان داوە و میلەت بڕیاری داوە و دەبێ ڕێزی لێ بگرن، ئەوان هەموو پێوەرێكیان هەڵبژاردن و دەنگی خەڵكە، كەچی دەبینین ئەوەی ڕێزی لێ نەگیراوە هەڵبژاردن و دەنگی خەڵكە، بۆیە پێویستە گەلی كوردستان جارێكی تر خۆی بگرێتەوە و هەستێتەوە سەر پێ و دەتوانین ئەو قۆناغەیش تێپەڕێنین، پێویستە لەجیاتی ئەوەی یەكتر تاوانبار بكەین و بەرببینە یەكتر، با ڕیزەكانی خۆمان یەك بخەین و خۆمان ئامادە بكەین بۆ قۆناغێكی تر، ئەمە شیربایی سەربەخۆیییە، ئەو دەوڵەتە ڕادەگەیەنرێ ئەگەر لەسەر گوندێكیش بێ.

پارتی و یەكێتی لە ئاستی لووتكە لە دووكان كۆ بوونەوە و ڕاگەیەنراوەكەیان پێشوازی لێ كرا، بۆچی دواتر بەم شێوەیەی لێ هات؟
بەداخەوە یەكێتی پەرت و بڵاو بووە و كۆمەڵێك بۆچوونیان هەیە، بەشێكی كوردپەروەریان هەیە و شایستەی ڕێز لێگرتنن و بەشێكیش دەیانەوێ دەسەڵات بگرنە دەست، ئەو گرووپەی دەسەڵاتخواز تەنیا بیر لەوە دەكاتەوە لە دەسەڵاتدا بێ، گوێ لە شتی تر ناگرن، بەڵام خەڵكی كوردپەروەریان زۆر تێدایە و خەڵكی كوردستان بە گشتی دڵیان لەمە شكاوە، پێشمەرگەكان هەندێكیان دەگریان و ناڕازی بوون لە كشاندنەوە، باشە ئێمە بۆچی دوو هەزار گەنجی ئەو كوردستانەمان شەهید كرد بۆ ڕزگاركردنی ئەو ناوچانە تا ڕادەستی عێراقی بكەینەوە؟.

دوای ئەو دۆخە، كوردستان چی دەكات؟
بیر لەوە دەكەینەوە ئەو پەرتەوازەیییەی كە هەیە، خۆمانی تێدا ڕێك دەخەینەوە، بەتایبەتی لە پارتی دیموكراتی كوردستان و دەمانەوێ دووبارە هەستینەوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییە تێكۆشەر و كوردپەروەرەكان ببین بە یەك بەرە و بەردەوامی بە تێكۆشان بدەین، بەرگری تەواو دەكەین و زۆر خەڵك ڕەخنە لەوە دەگرێ بۆچی لە كەركووك بەرگری نەكرا و شەڕتان نەكرد؟، ئێمە لاسایی پەكەكە ناكەین لە ناو كەركووك، ئەوان بوونە هۆكار شارەكانی سلۆپی و جزیر و گەڤەر و ئەو شوێنانە بە تەواوی وێران ببێ، داعش بەو شێوە شەڕكردە مووسڵی كردە وێرانە، ئێمە نامانەوێ كەركووك ببێتە وێرانە، ئێمە خۆمان ڕێك دەخەینەوە بۆ ئەوەی شارەكان وێران نەبن و دووبارە ناوچەكانمان ئازاد بكەینەوە.

گلەیی لە پارتی دەكرێ كە بێدەنگە لەو دۆخەدا، هەڵوێستی پارتی چییە و چۆنە؟
هەڵوێستی پارتی خۆڕاگری و خۆڕاگرییە و تێكۆشانی پارتیش تا ژیان مابێ بەردەوامی دەبێ و لە هێڵی پێشەوە دەبین، ئێمە دەزانین ئەوە گەلەكۆمەكییە دژی بەرەی سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە پارتی بڕیاری تێكۆشان و بەرخۆدانی هەیە و هیچ كات رادەست نابێ، ئەم جارە هەستینەوە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  تێك دەچێ، چونكە ئەوان بوونی خۆیان لەسەر نەبوونی ئێمە بینا كردووە، ئێمەیش هەڵبستین خەونیان ئاوەژوو دەبێتەوە و لێیان دەبێتە مۆتەكە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د