ژوان كه‌ریم ساڵى 1987 له‌شاری كه‌ركووك له‌دایك بووه و له ته‌مه‌نێكى زۆر بچووكه‌وه، خولیاى نووسینى شیعرى بۆ دروست بووه. خاوه‌نى نامیلكه‌یه‌كى شیعرییه به‌ناونیشانى "مه‌مله‌كه‌تێكى درۆزن" و ئێسته‌ش خوێندكارى كۆلێژى یاسایه. ژوان له دیدارێكى "وشه"دا باس له ئه‌زموونى شیعرى خۆى ده‌كات.
ده‌ستپێكى نووسینى شیعرتان بۆكه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
ده‌سپێكى نوسینى شیعرم بۆ كاتى هه‌رزه‌كاریم ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌وكات له‌پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی بووم و له‌و قۆناغه‌دا توانیم یه‌كه‌م كۆپڵه شیعر بنووسم، هه‌رچه‌نده به‌هۆی نووسینه‌كانمه‌وه زۆرجار توشی كێشه ده‌بووم، ته‌نانه‌ت خێزانه‌كه‌شم ده‌یانگوت گرنگی به وانه‌كانت بده، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هیچ شتێك نه‌یتوانی بموه‌ستێنێت و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامم.
شیعره‌كانت ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ژیانى خۆتن؟
بێگومان شیعره‌كانم ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ژیانى خۆمه و پێوه‌ندی به سه‌ختى ژیانه‌وه هه‌یه، هه‌روه‌ك ئه‌گه‌ر شتێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕۆحی شاعیر نه‌بێت، ناتوانێت وشه بهۆنێته‌وه، بۆیه هیچ كات من له زمانى كه‌سانى تره‌وه شتێكم وه‌رنه‌گرتووه.
به‌شداری هیچ فیستیڤاڵ و كۆڕێكى شیعریت كردووه؟
به‌ڵێ، به‌شداری زۆر كۆڕى شیعریم كردووه. له فیستیڤاڵ و بۆنه و یاده‌كانیشدا به‌تایبه‌ت له‌شاری كه‌ركووك ئاماده‌ییم هه‌بووه. ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكیشه له كۆڕه شیعرییه‌كان و چاوى كامێرا‌كان دوور كه‌وتوومه‌ته‌وه.
به‌ڕای تۆ تاچه‌ند ئافره‌تان توانیویانه ئازادانه بنووسن؟
پێم وایه ئه‌وه ده‌كه‌وێته سه‌ر خودى ئه‌و ئافره‌تانه‌ى ده‌نووسن، من وه‌ك خۆم زۆر ئازادانه ده‌نوسم و غه‌در له خۆم ناكه‌م و سڵ له وشه ناكه‌وه، هیچ كۆسپ و له‌مپه‌رێك ناموه‌ستنێت.
ئایا عه‌شق شاعیر دروست ده‌كات؟
بێگومان عه‌شق زۆر شت له مرۆڤ ده‌گۆڕێت، مرۆڤه‌كان له عاشقبووندا جیاوازن. هه‌ندێك جار عه‌شق مرۆڤێكى دڕنده ده‌گۆڕێت بۆ كه‌سێكى میهره‌بان. عه‌شق كاریگه‌ری ته‌واو له سه‌ر ژیانى مرۆڤ داده‌نێت.
هه‌ست ناكه‌ى نه‌بوونى میتۆدێكى ڕه‌خنه‌یی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ڕه‌خساند بێت هه‌ندێك كه‌س شتێك به‌ناوى شیعره‌وه بنووسێت؟
بۆچوونم وایه ڕه‌خنه‌مان هه‌بێت یان نا ده‌قی باش و خراپ ده‌نووسرێت و من خۆم زۆر حه‌زم له نووسینى ساده‌یه.
هیچ به‌رهه‌مێكى نوێتان به‌ده‌سته‌وه‌یه؟
نامیلكه‌یه‌كى چاپكراوم هه‌یه به‌ناوى "مه‌مله‌كه‌تێكى درۆزن"، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له شیعره‌كانى ئه‌زموونێكى سه‌ره‌تاییان پێوه دیاره، چونكه یه‌كه‌مین به‌رهه‌مه‌كانى من بوون، ئێسته‌یش ده‌قه شیعرییه‌كانم ته‌نیا له رێگه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بڵاو ده‌كه‌مه‌وه و هاوكات بیرۆكه‌یه‌كم نییه بۆ چاپ كردنیان له‌و قۆناغه‌دا.
وشه/سلێمانى-ڕێباز حه‌سه‌ن كه‌ڵهوڕى