شێخ عەماد ناجی حەسان: بارزانی وەك نوێنەری سونەكانیش دەبینین

:: AM:10:49:09/11/2016 ‌

شێخ عەماد ناجی حەسان یەكێك لە شێخەكانی هۆزی شەمەر لە تكریت لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە" ئاشكرای كرد، بوونی قاسم سلێمانی لە عێراق وەك بوونی تیرۆریستە ئەفغانی و چیچانییەكانە. هاوكات ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوانیش وەك عەرەبی سونە هیواخوازن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیار لەسەر مافی چارەی خۆنووسین و سەربەخۆیی كوردستان بدات و بارزانی بە نوێنەری تەواوی گەلی عێراق و سونە ناو دەبات. 
لەبارەی پرسەكانی دوای نەمانی داعش و رێكخستنەوەی عێراق، عەماد ناجی حەسان كە كەسایەتییەكی كاریگەریی عەرەبی سونەری عێراقە، دەڵێ "دوای داعش دەبێ عێراقی داگیركراو لە دەستی ئێران ڕزگار بكەینەوە".

 سونە زۆر جەخت دەكەن لەوەی حەشدی شەعبی نەچێتە ناو مووسڵ، هۆی ئەمە چییە و چ ئامارێكتان لەبارەی پێشێكارییەكانیان لایە؟
حەشدی شەعبی رێكخراوێكی تیرۆریستییە و پێناسەی لای ئێمە وەك پێناسەی رێكخراوی تیرۆریستی داعشە، ئەوان تیرۆری ژمارەیەكی زۆری خەڵكی ئێمەیان كردووە، تا ئێستەش زۆرێكیان بێ سەروشوێنن، بە ژمارە 300 كەس لە هۆزی شەمەر و جبوور لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە بێ سەروشوێن كراون و چارەنووسیان دیار نییە.
سەركردەكانی حەشدی شەعبی زۆربەیان تیرۆریستن وەك ئەبومەهدی موهەندیس و هادی ئەلعامری و ئەوس خەفاجی و قاسم سولەیمانی كە خۆی سەرپەرشتی تاوانەكانی میلیشیاكان دژی سونە دەكات.



 دەركەوتنی قاسم سولەیمانی و بەرپرسانی سەربازیی ئێران لە عێراق، چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێ لەلایەن ئێوەوە؟
 بوونی قاسم سولەیمانی لە عێراق بەهەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە و مانەوەشی لە عێراق وەك هاتنی تیرۆریستانی چیچانی و ئەفغانی بۆ عێراق لێك دەدەینەوە كە بۆ كردەی تیرۆر لە دەرەوەی عێراق دێنە ناو خاكی وڵاتەكەمان و خوێنی عێراقییەكان دەڕێژن و فیتنە و ناكۆكی دروست دەكەن، قاسم سولەیمانی هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەو تیرۆریستانە نییە.
نیازەكانی ئێران لە عێراق بۆ هەموومان ڕوونە، هیچ شێخێكی هۆزەكان بە داگیركاری ئێران بۆ سەر خاكی عێراق ڕازی نابێ، بەداخەوە زۆرینەی سیاسییەكانی بەغداش لەجیاتی ئینتیمایان بۆ عێراق هەبێ، بەتەواوی عێراقیان بیر چووە و بوونەتە پاشكۆی ئێران لە عێراقدا.

باس لەوە دەكرێ كە حەشدی شەعبی گواستنەوەی نموونەی پاسدارانی ئێرانە بۆ عێراق، واتە لە داهاتوو دەبن بە جێگرەوەی سوپا، ئێوە هەڵوێستتان چییە؟
پاسداران دەستیان بە خوێنی عێراقییەكان سوورە، دوژمنی سەرسەختی گەلی عێراقن بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، بۆیە دژی ئەو هەڵوێستەین كە دەیەوێ عێراق بە ئێرانیی بكات و دەستوەربداتە تەواوی جومگەكانی دەوڵەت لە عێراقدا، بەڵام ئەم وێرانكارییەش بە پشتیوانی سیاسییەكانی بەغدا دەكرێت.

چۆن دەڕواننە دوای نەمانی داعش لە عێراقدا، چ چارەسەرێك بە پێویست دەزانن؟
ئەگەر دوای داعش دەسەڵاتی ئێران بەم شێوەیەی ئێستە لە عێراق مایەوە، ئەوا عێراق وڵاتێكی داگیركراو دەبێ، پێویستی بە ڕزگاركردنەوە دەبێ لەژێر دەستی ئێران، چونكە ئێران پشتیوانی سەرەكیی تەواوی جۆرەكانی تیرۆر و توندوتیژییە، داعش و میلیشیاكانیش بەرهەمی ئێرانن، بۆیە دەبێ عێراق لە ئێران ڕزگار بكەین.



هەڵوێستتان لەبارەی هەرێمی كوردستان چییە؟ لە كاتێكدا كوردستان پێشوازی لە نزیكەی ملیۆنێك ئاوارەی سونە كردووە و حكوومەتی عێراقیش خۆی بە خاوەنیان نازانێ و تەنانەت هاوكاری پێویستیشیان ناكات؟
هەنگاو و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان ناتوانین بە چەند وشەیەك وەسف بكەین، سوپاسگوزارین و كورد خەڵكی خاوەن هەڵوێست و بەخشندەن، كاتێك باوەشیان بۆ هەزاران ئاوارە لە تەواوی پارێزگا سونییەكان كردەوە كە كارەسات لەو ناوچانە ڕووی دەدا، بەهۆی هاتنی داعش بە دەستپێشخەری نووری مالیكی تیرۆریست، بەو هۆیەوە خەڵكی ناوچەكانمان ئاوارەی كوردستان بوون و بە هەزارانیشیان بەهۆی سیاسەتی تایفییەوە كوژران، بۆیە لەو دۆخەدا كە هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ ئاوارەكان كردەوە، ئێمە تا هەین سوپاسگوزارین، بۆ خەڵكی كوردستان و سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

كوردستان لە هەوڵەكانی بەردەوامە دەوڵەت دادەمەزرێنێ، هەڵوێستتان چییە و چۆن دەڕواننە ئەو هەوڵانە لە كاتێكدا كێشەكانی خاكی كوردستان لەسەر زەوی لەگەڵ سونە هاوسنوورە؟
ئێمە هیوا دەخوازین و لەگەڵ هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانین، ئەو نوێنەرایەتی تەواوی گەلی عێراق دەكات، بەو جۆرەی كە نوێنەرایەتی سونەی عێراقیش دەكات، لەگەڵ هەنگاوەكانیداین و رۆڵی برا پێشمەرگەكانمان بەرز دەنرخێنین و لە یادی ناكەین.


وشە - باز ئه‌حمه‌د