دوو كتێبی جینۆسایدی گەرمیان و ئێزیدییەكان بڵاوكرانەوە

:: PM:03:20:09/11/2016 ‌

لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، پەردە لەسەر دوو كتێبی تایبەت بە كارەساتی جینۆسایدكردنی گەرمیان و ئێزیدییەكان لا درا.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر، بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان، لە شارۆكەی كەلار، رێوڕەسمی بەخشینەوەی دوو بەرهەمی تایبەت بە جینۆسایدی گەرمیان و ئێزیدییەكان بەڕێوە چوو، ئەو كتێبانە لەلایەن نووسەری بواری ئەنفال و جینۆساید، تەها سلێمان، بەرهەم هاتوون.

سەربەست ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان  بە "وشە"ی راگەیاند، جێگەی خۆشحاڵییە سلێمان تەهای نووسەر بێ بەرامبەر كتێبەكانی بەخشییەوە بەسەر نووسەران و خەمخۆرانی بواری ئەنفال و مامۆستایانی زانكۆ.

لە وتەیەكیشدا بۆ ئامادەبووانی رێوڕەسمەكە، تەها سلێمان، نووسەر و لێكۆڵەرەوەی بواری ئەنفال رای گەیاند، ئەو دوو كتێبە بەرهەمی دوو ساڵ ماندوبوون و شەونخوونی منە بە كاركردن و كۆكردنەوەی سەرچاوە و دیكۆمێنت، ئەو نووسراوانە هەمووی دڵۆپێكە لە دەریای تاوانەكانی جینۆساید و ئەنفال .

دوو كتێبەكەی نووسەری كورد لەژێر ناونیشانەكانی "جینۆسایدی كورد – تاوانی ئەنفال" و " جینۆسایدی ئێزیدییەكان – گوندی كۆچۆ" چاپ كراوە و نووسەر بەبێ بەرامبەر بەسەر ئامادەبووانی رێوڕەسمەكەدا دابەشی كرد.

نووسەری بواری ئەنفال و جینۆساید تەها سلێمان زیاتر لە 10 بەرهەمی وەك كتێب لەسەر ئەنفال و جینۆساید نووسیوەتەوە و پێی وایە ئەو تاوانانە بە سەتان كتێب و لێكۆڵینەوە هەڵدەگرن بۆ ئەوەی دنیا بزانێت نەتەوەی كورد چ ستەمێكی لێ كراوە.

گەرمیان – سەبری هۆرینی




وشە - هیدایه‌ت جان