تاڤگه عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی له ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان، پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌خاته ڕوو ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له نێوان حه‌شدی شه‌عبی و چه‌كدارانی داعش، هیچ جیاوازییه‌كی نه‌بووه و ئاشكرای كرد، هه‌ندێك به‌ڵگه‌ی پێشێلكاری هه‌یه ئێسته كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی نییه.
ڕاپۆرتێكتان له‌باره‌ی پێشێلكاری میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی بڵاو كرده‌وه و هاوئاهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق كردبوو، ئه‌م هاوئاهه‌نگییه چۆن دروست بوو؟
كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له عێراق هاوئاهه‌نگی ته‌واو له مێژینه‌ی هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی عێراق به‌تایبه‌ت نوێنه‌ره كورده‌كان كه له‌وێ به‌رپرسن له پاراستی مافی مرۆڤ له كوردستان، بۆیه ئه‌وانیش به‌شدار بوون له كۆكردنه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كانی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌وان وه‌ك كورد له‌و كۆمسیۆنه به ئه‌ركی خۆیان هه‌ستاون و لایه‌نه مرۆیییه‌كه‌ی له‌به‌رچاو ده‌گرن و به‌رده‌وام هاوئاهه‌نگیمان هه‌بووه له‌كاتی خستنه‌ڕووی پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شهعیش هیچ كێشه‌یه‌كیان بۆ دروست نه‌بووه و ئه‌ركی خۆیان ئه‌نجام داوه.
له ڕاپۆرتهكاندا ژماره‌یه‌كتان له‌باره‌ی پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ بڵاو كردووه‌ته‌وه، له‌وه زیاتر هه‌یه كه دۆكیۆمێنت كرابێت؟
به‌ڵگه‌نامه‌ی گه‌وره‌ی پێشێلكاری میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی دۆخه‌كه به‌ره‌و هێوربوونه‌وه بچێت، ئێسته كاتی بڵاوكردنه‌وه ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه نییه، به‌ڵام گرنگتر ئه‌وه‌یه كه كار بكرێت بۆ ڕاگرتنی ئه‌و شه‌ڕه‌ی ئێسته هه‌یه و پێشێلكاری زیاتری لێ نه‌كه‌وێته‌وه، هێرشی حه‌شدی شه‌عبی و پۆلیسی فیدڕاڵ بۆ سه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تر پێشێلكردنی به‌نده‌كانی ده‌ستووری عێراقه و نابێت هێز له دژی گه‌لانی عێراق به‌كار بهێنرێت، ئێسته ملیۆنێك و 200 هه‌زار ئاواره و په‌نابه‌ری شه‌ڕی دژ به داعش له كوردستانن، له هێرشه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبیش بۆ سه‌ر كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، زیاتر له 150 هه‌زار كه‌س كه نزیكه‌ی 25 هه‌زار خێزانن ئاواره بوونه و 15 هه‌زار خێزان ئاواره‌ی هه‌ولێر بوونه، زیاتر له پێنج هه‌زار خێزانی تریش ئاواره‌ی سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان بوونه، به‌شێكی زۆری ئه‌وانه‌ی له كه‌ركووك، خورماتوو، پردێ و ناوچه‌كانی تری روویان له ناوچه‌كانی تری كوردستان كردووه، خزم و كه‌سوكاریان له ماڵه‌كانی خۆیاندا شوێنی حه‌وانه‌وه‌یان بۆ دابین كردوون و نه‌بوونی خواردن و خواردنه‌وه و كه‌می یارمه‌تییه‌كان یه‌كێكه له‌و گرفتانه‌ی به توندی به‌رۆكی ئاواره‌كانی گرتووه.
میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی ته‌نیا پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر هاووڵاتیی سڤیل كردووه؟
پێشێلكاری له‌سه‌ر هه‌موو ئاسته جیاوازه‌كان هه‌یه به‌تایبه‌ت هاووڵاتیی سڤیل كه به‌شی زۆریان ماڵه‌كانیان تاڵان كراوه و سووتێنراوه، ئه‌وانه‌یشی له شاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستانن، مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه جارێكی تر ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان، چونكه ڕووبه‌ڕووی سهزهنشتكردن و په‌لاماردان ده‌بنه‌وه كه ئه‌وانه هه‌مو پێشێلكاری زه‌قی مافی مرۆڤه و پێشمه‌رگه‌ش ڕووبه‌ڕووی پێشێلكاری بووه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌مان لایه كه پێشمه‌رگه‌ی خۆبه‌خش كه گیراوه دواتر كوژراوه، بۆیه پێویسته به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی حه‌شدی شه‌عبی سزا بدرێن، چونكه به‌پێی هه‌موو یاساكان نابێت دیل بكوژرێت و سووكایه‌تییان پێ بكرێت.
زۆرترین پێشێلكاری به‌رامبه‌ر هاووڵاتییان له كه‌ركووك بووه؟
له خانه‌قین و كه‌ركووك پێشێلكاری گه‌وره‌ی مافی مرۆڤ هه‌یه و خه‌ڵك له‌سه‌ر به‌رگری له ئاڵای كوردستان كوژراوه به‌بێ هیچ هۆكارێكی دیاریكراو و هیچ پاساوێك بۆ كوشتنی كه له‌سه‌ر ئه‌وه داوای لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌مان كردووه، چونكه ئه‌و هاووڵاتییه به دڕندانه‌ترین شێوه كوژراوه و ئه‌و تاوانه‌ی ئه‌نجام دراون به‌ده‌رن له هه‌موو یاسا كار پێكراوه‌كان، خورماتووش به‌ده‌ر نییه له پێشێلكاری گه‌وره.
ڕێوشوێنه‌كانی ئێوه چین، كێتان له‌و پێشێلكارییانه ئاگه‌دار كردووه‌ته‌وه؟
داوامان له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كردووه بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات بڕیارێك ده‌ربكرێت و ڕێ له‌و پێشێلكارییانه بگیرێت و لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی نێوده‌وڵه‌تی پێك بێت له‌سه‌ر ئه‌و چه‌كانه‌ی كه هاوپه‌یمانان داویانه به هێزه‌كانی عێراق و شه‌ڕی كوردی پێ ده‌كرێت، له كاتێكدا پێویست بوو شه‌ڕی داعشی پێ بكرێت. جیا له‌وانه داوا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كراوه له‌ڕێی لیژنه‌یه‌كه‌وه زیانه‌كانی هاووڵاتییان به‌دواداچوونی بۆ بكرێت.
مه‌ترسیدارترین پێشێلكارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی چییه لای ئێوه؟
مه‌ترسیدارترین پێشێلكاری به‌رامبه‌ر مافی مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه هاووڵاتیی به‌بێ هیچ هۆكارێك بكوژرێت، چونكه ئه‌وه به‌هیچ جۆرێك قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه، گه‌وره‌ترین پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌لایه‌ن داعش و حه‌شدی شه‌عبی ئه‌نجام دراوه و هیچ جیاوازییه‌كیان نییه، بۆیه پێویسته كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌وباره‌یه‌وه زانیاری پێ بدرێت.