هێگڵ فەیلەسووفە ١٨ ساڵییەکەی ئەڵمانیا

:: PM:11:23:13/11/2017 ‌
جۆرج ویلهلم فریدریش هێگڵ، لە ٢٧ی ٨ی ١٧٧٠ لە شاری شتوتگارت، لە باشووری ئەڵمانیا هاتووەتە دنیاوە. فرێدریش ھێگڵ، فەیلەسۆفی ئەڵمانی بوو و لەگەڵ جان گۆتلیب فیچ و فرێدریش ویلھۆڵم جۆزێف شێلینگ دامەزرێنەری ئایدیالیزمی ئەڵمانی بوون. باوكی كارمەندی دەوڵەت بوو. هیگڵ چووەتە قوتابخانەی زێدی خۆی، بەڵام نەیتوانی سەركەوتن بەدەست بهێنێ‌، لە ساڵانی ١٧٨٨ تا ١٧٩٣دا، لە زانكۆی توبینگن خوێندویەتی، لێرەشدا نەیتوانی قۆناغەكانی خوێندنی بەسەركەوتویی ببڕێت.

هیگڵ كەسێكی توندوتۆڵ و جێگر و پایەداربوو، لە سەرانسەری ژیانیشیدا هەر بەو جۆرە مایەوە. ئەم تەبیعەتەیشی لەو زەمەنەدا جیاواز بوو لە كەسێتی دووان لە هاوڕێكانی، ئەوانیش شلینگی فەیلەسووف، كە كەسێكی هۆشیار و لە ڕووی ئەدەبییەوە درەوشاوە بوو، هۆڵدرینی شاعیریش، كە كەسێكی سەیر و پەشێو و شپرزەبوو،پاشان شێت بوو.

لە تەمەنی مناڵییدا چەندان نەهامەتیی بینیوە، وەك ئەوەی كە ئەم دایكی زۆر خۆشویستووە، كەچی لەتەمەنی ١١ ساڵیی ئەمدا دایكی مردووە. براكەی لە شەڕدا كوژراوە و خوشكەكەیشی، كە هیگڵ زۆر گیرۆدەی بووە، شێت بووە، پاشان هیگڵ خۆی منداڵێكی ناشەرعیی لە ژنێك دەبێت، ئەو منداڵە تا هەموو تەمەنی بۆ هیگڵ هەر كێشە دەبێت، بەڵام كاری ڕیكەوت و پێویستی وا كەوتنە یەك، كە هێگڵ پێش تەمەنی ١٨ ساڵی، ببێت بە گەورەترین فەیلەسوفی ئەڵمانیا، بگرە چاخی نوێش. هیگڵ لەساڵی ١٨٢١دا، چوارەمین پەڕتووكی خۆی "فەلسەفەی حەق"ی بە چاپگەیاند، كە كاریگەرییەكی بەهێزی هەبوو لەسەر مێژووی ئەوروپا.

ھێگڵ کاریگەری ھەبوو لەسەر نووسەرانی ھاوبڕوای خۆی وەک باوێر فێوێرباخ ، مارکس، بڕادلی، دێوی سارترێ، کونگ، کوخێوێ و ھەروەھا نووسەرانی ڕەخنەگری وەک شێڵینگ، کیێرکێگارد، شۆپنهاوەر، نیچە‌، پیرس ڕاسێڵ. ھێگڵ چوارچێوەیەکی فەلسەفی تەواوی بۆ بەیان کردنی پێوەندی نێوان مێشک و سروشت، کەریار و بەرکار لە زانستدا و لە دەرونناسی‌، مێژوو، ھونەر، ئایین و فەلسەفە‌دا. ئەو باوەڕەی دامەزراند، کە ھەر دوو مێشک و گیان، کە خۆیان بە دژی یەک و بەرانبەر نیشان دەدەن، لە کۆتا‌دا تیکەڵ دەبن و یەک‌ دەگرن ھەر وەک ئەوەی لەنێوان سروشت و ئازادیدا دەیبینین. بڕوا کاریگەرەکانی لۆژیکی ژیرانە‌ یان دیالێکتیک، ئایدیالیزمی تەواو، بیرۆکەی خراپی، پێگەیشتن، مەنتیقی سەردار - کۆیلە، ژیانی ئەخلاقی و گرنگی مێژوو بوون.


لە باسی ئازادیدا، هێگل"ئازادی نەرێنی" و "ئازادیی ئەرێنی" لەیەک جودا دەکاتەوە. ئازادیی نەرێنی، ئازادبوونە لە خواستی خەڵکی تر، لە مامەڵەی دەستوور بەدەر. ئازادیی ئەرێنی، وەک باوە، ئازادیی تاکە ئەو کارە بکات ئارەزووی لێیەتی.


هێگل دەڵێ مرۆڤ لە دەوڵەتدا ئازادیی خۆی دەدۆزێتەوە. لە جڤاتێکدا مرۆڤ ئازادیی بزووتنی بێسنووری هەبێ و بتوانێت بەبێ زەبری قانوون بجووڵێتەوە، ئازادیی ئەم دەبێتە ملکەچیی تەواو و نائازادی بۆ ئەوەی تر. لە جڤاتی تاکگەرادا، نە موڵکایەتی دەستەبەر دەبێ و نە کەس دەرفەتی دەبێت پەرە بە بەهرەکانی خۆی بدات. بەڵام لە دەوڵەتی فراژوودا، هەموو کەسێک لە گشتدا تێکبەستە و بە ئەندازەی بەهرەکانی خۆی نۆرەی هەیە، مافێکی هەیەتی و ئەرکێکی لەسەریەتی وەهان دەرفەتی فراژووتنی کەسایەتی و ئاسوودەگی برەخسێنن چ بۆ خۆی، چ بۆ ئادەمیزادانی تر. هێگل دەڵێ: (دەوڵەت داکەوتێکی کۆنکرێتی ئازادییە، بەڵام ئازادیی کۆنکرێت لەوەدایە تاکایەتیی کەسەکی و خواستە تایبەتییەکانی تاکەکەس فراژووتنی تەواویان هەبێ و مافیان بسەلمێنرێت... بەوەیش ئەوەی تاکگەرایە دەبێتە گشتی و گشتاندن دوا ئامانجە‌.)

بە دیدی هێگل جیاوازیی چینایەتی پێویستە بۆ پێشڕەوتی بەڵام لە دەوڵەتی چەسپاودا دەکرێ چینەکان بە هاوئاهەنگی هەڵبکەن. هێگل بڕوای وایە دەوڵەت فراژووتنێکی مێژووکرد دەکات بەرەو ئازادی و هاوئاهەنگییەکی فرەوانتر. بەڵام ئەم فراژووتنە بەردەوام نییە و هەموو دەوڵەتسازییەکیش ناگرێتەوە. تەنیا چەند دەوڵەتێک - تەنیا چەند ڕێبەرێکی دەوڵەت - فەرمانی گیانیان پێیە قۆناغی نوێ لە فراژووتنی دەوڵەت و لەویشەوە هی مرۆڤایەتی دەست پێ بکەن.

بابەتی سەرەکی فەلسەفەی هێگڵ لەسەر بنەمای رۆح یان گیان تۆکمە کراوە. گیان هەر ئەو گیانە گشتییە مەبەستی، کە بونێکە لەسەر بنەمای سروست و خودا پتەو کراوە و جەوهەر و توخمی خولقێنەری هەموو شتێکە. خوای هیگڵ لاو ئەو خودایەک بووە، کە چووەتە ژێر کاریگەریی عەقڵی فەیلەسووفییەوە. هێگڵ عەقڵ و گیان بە ڕەسەنی دەزانی و باوەڕی بەڕەسەنایەتی جیهانی مادی نەبوو.

هێگل تەواو هۆگری بنەماکانی ئابووریی سیاسیی کلاسیکە و ئەو بنەمایانە، لە تێڕوانینی هێگلدا لەبارەی جڤاتی بۆرژوا، ڕەنگی داوەتەوە. لەسەر ڕێچکەی ئادەم سمیت، ئەمیش ئاماژە بۆ گرینگیی دابەشینی کار و فراژووتنی تەکنیکی دەکات. ئەم فراژووتنەی تەکنیک و ئابووری لە چێوەی جڤاتی بۆرژوادا دێتە کایەوە. بەڵام ناکۆکی لەو جڤاتەدا لە ناو ناچێت. لەوێدا خەڵک وەک تاکەکەس خۆ دەنوێنن، تاکەکەسانیش سەرگەرمی ڕکابەرییەکی ناوەکیی بێوچانن. هێگڵ بەهۆی نەخۆشی كولێراوە لە ١٤ی نۆڤەمبەری ١٨٣١دا، مرد.

سەرچاوە/ المعرفە 



وشە - ژیڤان خۆرانی