داستان بارزان یه‌كێكه له‌و قه‌ڵه‌مانه‌ی ماوه‌یه‌كه شیعر ده‌نووسێ و بڵاو ده‌كاته‌وه، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ئاماژه ده‌دات كه خوێنه‌ری شیعر له پاشه‌كشێدا نییه، به‌ڵكو شیعری باشمان كه‌مه، هه‌روه‌ها ده‌زگه‌كانی بڵاوكردنه‌وه ڕێزی شیعر ناگرن و مه‌به‌ستیان نییه، ده‌نا به‌شی ئه‌وه هه‌ر ده‌بێت كه ئه‌وان چاپی بكه‌ن و بایه‌خی پێ بده‌ن. بۆیه لێره‌دا وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت بپرسم ئێوه بۆ شیعر ده‌نووسن و ئه‌و هۆكار و پاڵنه‌رانه چین؟
شیعر شه‌ڕی منه له‌گه‌ڵ ژیان، تووڕه‌بوون و نیگه‌رانییه‌كانی منه به‌رامبه‌ر دزێوی و ئه‌و ڕه‌قایییانه‌ی كه ئه‌گه‌ر هێزی به‌رگه‌گرتنیان له خۆماندا چالاك نه‌كه‌ین ده‌مانپڕووكێنن، من ده‌نووسم بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست بكه‌م هه‌م، نووسین بۆشایییه‌كانی بوونی من پڕ ده‌كاته‌وه و وا ده‌كات وه‌ك مرۆڤێك هه‌ست به قه‌واره‌ی خۆم بكه‌م، ساتی نووسینی من ته‌نیا ئیلهام نییه، به‌ڵكو دۆخێكه گونجاوه بۆ نووسین، له نێوان ئارامی و نائارامیدا، له نێوان ڕه‌قی و نه‌رمیدایه، ته‌نكایییه‌كه له ڕۆخی ده‌ریا ده‌چێت به شوێنكه‌وتنی ده‌مبات به‌ره‌و قووڵایی، ئه‌مه‌ش هه‌موو كات ده‌ستم پێی ناگات، ده‌كرێت شتێكی زۆر ساده هۆكار بێت بۆ ورووژاندنی هه‌ستی نووسینم، به‌ڵام ده‌ستكه‌وتنی ئه‌و شته ساده‌یه ئاسان نییه.
ده‌ته‌وێت له شیعره‌كانتدا چی بڵێیت له ئاست دنیا؟ وه‌ك شاعیرێك چیت هه‌یه بۆ ئه‌م جه‌نجاڵییه‌ی ژیان به‌گشتی؟
بۆ ده‌ستكه‌وتنی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌بێت به وردی شیعره‌كان بخوێنیته‌وه، ده‌كرێت له‌وێدا بۆت ده‌ربكه‌وێت كێشه‌ی من چییه به‌رامبه‌ر دنیا، چۆنیش گوزارشتی لێ ده‌كه‌م، هه‌رچی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌كه‌یه پێم وایه ناشیرینی و جه‌نجاڵی و دزێوییه‌كانی ژیان گه‌یشتوونه‌ته ئاستی به‌رزی خۆی، بڕواناكه‌م هیچ كام له قۆناغه‌كانی مێژوو مرۆڤ به‌م جۆره ئه‌زموونی دزێوی كردبێت، ئه‌مه‌ش به‌ره‌و دۆخێكی ناسروشتی ڕۆیشتووه و زه‌وی پێویستی به ته‌قینه‌وه‌یه‌كی تره، ئه‌م جاره بۆ ئه‌وه‌ی خۆی نوێ بكاته‌وه له‌و هه‌موو خراپی و ناشیرینییه‌ی مرۆڤ به‌سه‌ری هێناوه.
مرۆڤ ده‌ستبه‌رداری ڕۆحی مرۆڤانه‌ی خۆی بووه و له به‌رامبه‌ردا خۆی پڕ كردووه له ڕه‌قی و دزێوی، كه‌م نین ئه‌وانه‌ی وه‌ك بۆمبێكی چێنراو له ئاماده‌باشیدان بۆ ئه‌وه‌ی وێرانمان بكه‌ن.
ئێسته خوێنه‌رانی شیعر له پاشه‌كشه‌دان و كه‌متر فۆكسی خوێندنه‌وه له‌سه‌ر شیعره، ده‌كرێت گۆشه‌نیگای ئێوه بۆ ئه‌م بابه‌ته بزانین؟
خوێنه‌ری شیعر له پاشه‌كشێدا نییه، به‌ڵكو شیعری باشمان كه‌مه، هه‌روه‌ها ده‌زگه‌كانی بڵاوكردنه‌وه ڕێزی شیعر ناگرن و مه‌به‌ستیان نییه، ده‌نا به‌شی ئه‌وه هه‌ر ده‌بێت كه ئه‌وان چاپی بكه‌ن و بایه‌خی پێ بده‌ن. جگه‌له‌وه‌یش، خه‌می زۆرینه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه كولتوور نییه، به‌ڵكو بازرگانییه به‌هه‌ر جۆرێك بێت، ئه‌وه‌ش وای كردووه به لێشاو كتێبی خراپ به وه‌رگێڕانی خراپ فڕێ بده‌نه بازاڕه‌وه، كه ده‌میش ده‌كه‌نه‌وه به زمانێكی دزێو ده‌كه‌ونه له‌كه‌داركردنی ئه‌وانه‌ی له خزمه‌ت ئه‌و بازرگانییه‌ی ئه‌وه‌ندا نین كه له ناوه‌ڕۆكدا هیچیان له‌و سیاسییانه كه‌متر نییه كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی سه‌ربه خۆی نه‌بوویت و خۆتت بۆ یه‌كلا نه‌كردنه‌وه به دوژمن و خیانه‌تكارت ده‌بینن.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه باسێكی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌وه‌نده هه‌یه له‌وه ئاگادار بین خوێنه‌رانی شیعر له دنیای ئه‌مڕۆدا زۆر نین، به‌ڵكو ئه‌وه ڕۆمانه خوێنه‌رانێكی زۆری له خۆی كۆ كردووه‌ته‌وه و له گه‌شه‌دایه، به‌ڵام دیسانه‌وه به‌و مانایه نییه شیعر گرنگ نه‌بێت وه‌ك ژانرێكی زیندووی ئه‌ده‌بی، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی شیعر له ڕۆمان جیا ده‌كاته‌وه پرۆسه‌ی لێكدانه‌وه و شرۆڤه‌كردنه كه ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نییه و هه‌موو خوێنه‌رێك تاقه‌تی ئه‌وه‌ی نییه له دنیایه‌كدا كه نزیكه مرۆڤ به‌خۆی ڕا نه‌گات، چ جای ئه‌وه‌ی خه‌ریكی ئه‌و كرده قورسه بێت، ئه‌وه‌شی به‌ناوی شیعره‌وه ڕۆژنامه و ماڵپه‌ڕه‌كانی پێوه ده‌گیرێت، وای كردووه خوێنه‌ر تاقه‌تی شیعری نه‌مێنێت، جاری وا هه‌یه به چه‌ند ساڵێك شیعرێكی جوان و باش نا‌بینیت كه شایه‌نی خوێندنه‌وه و بیرلێكردنه‌وه بێت.
شیعری كوردی ئێسته گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌ردا هاتووه، به‌تایبه‌ت له فۆڕم و كه‌ره‌سته و دنیابینیدا، تۆ چی ده‌ڵێیت؟
ئه‌وه‌ی زیاتر كاری توێژه‌ران و ئه‌وانه‌یه كه ده‌یانه‌وێت له شیعر بكۆڵنه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی، من توێژه‌ری شیعر نیم، هه‌روه‌ها ئه‌كادیمیش نیم تا مه‌به‌ستم بێت بزانم ئه‌و گۆڕانكارییانه چین، ئه‌وه‌نده هه‌یه كه ده‌نووسم مه‌به‌ستمه ده‌ستكاریی شیعر بكه‌م له‌چاو ئه‌وانه‌ی له پێش مندا نووسراون، بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كرێت بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر كتێبه‌كان و ئه‌وه‌ی تا ئێسته نووسیومن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌م كردبێت ئه‌وه زیاتر لێی بكۆڵنه‌وه و له‌سه‌ری بوه‌ستن، ئه‌گه‌ریش نا ئه‌وه یان من نه‌متوانیوه ئه‌و كاره بكه‌م، یان ئێوه نایبینن.
تا چه‌ند هه‌ست ده‌كه‌یت شیعره‌كانت به‌ر ئه‌م گۆڕانكارییه كه‌وتووه، یان كۆی ئه‌و شێوازه نوێیه‌ی شیعر چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسیاره‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه خۆتان بڕۆن و به‌ناو شیعره‌كاندا بگه‌ڕێن، بزانن تا چه‌ند ئه‌وه‌م كردووه، بێگومان شیعر ده‌بێت نوێ بێت، ماده‌م ئێمه‌مانان له دنیای شیعردا نوێین، خۆ ناكرێت له سه‌رده‌مێكدا كه وه‌ك خۆت وه‌سفی ده‌كه‌یت به جه‌نجاڵی و دزێوی دانیشم باسی په‌روانه‌یه‌ك بكه‌م به ده‌وری مۆمێكدا و ئه‌وه‌ش به عاشق و مه‌عشووق بچوێنم و پێم وابێت ئه‌وه عه‌شقێكی پلاتۆنی په‌روانه‌یه بۆ ئاگر كه وا ده‌كات خۆی بكات به قوربانی و له‌ناویدا بسووتێت، نه‌خێر بۆ من ڕه‌نگه ئه‌و ساته‌وه‌خته كرده‌یه‌كی عه‌ریزیی په‌روانه بێت بۆ ئاگر تا ئه‌و ئاسته‌ی حه‌ز بكات بچێته‌وه ناوییه‌وه، وه‌ك سێكس كه چۆن جاری وا هه‌یه حه‌ز ده‌كه‌یت له‌وه‌ی به‌رامبه‌ردا بتوێیته‌وه و نه‌مێنیت، به‌و نیازه‌ی ئه‌و چێژه بۆ هه‌میشه درێژه‌ی هه‌بێت.
من شاعیرێكم له به‌رده‌م لاپ‌تۆپ و به‌رده‌م هه‌وای سپلیتدا ده‌نووسم، ڕۆژانه له فه‌یسبووك و كه‌ناڵه‌كانی میدیاوه كرده تیرۆری و خراپه‌كارییه‌كانی وڵاتانی زلهێز ده‌بینم به‌رامبه‌ر وڵاته بچووك و كه‌م ده‌رامه‌ته‌كان، من كه‌ركووك ده‌بینم، شنگال و كۆبانێ و بۆرما و ئه‌فریقا ده‌بینم، منداڵانی ناو كه‌مپ و پیره پیاوانی به‌رده‌م كامێرا ده‌بینم كه بۆ خۆیان و ژیانه ناله‌باره‌كه‌یان ده‌گرین، ژنانێك ده‌بینم له جامخانه‌كانی سه‌رمایه‌داریدا ده‌كرێن به كاڵا، مرۆڤ ده‌بینم له‌به‌رده‌م ناو و مۆدێل و ماركه جیاوازه‌كانی مۆبایل و ئاپیاددا بچووك ده‌بێته‌وه، ده‌بینم له سناپ خۆمان ده‌گۆڕین بۆ سه‌گ و پشیله و چه‌نده‌ها جۆری تری گیانه‌وه‌ر و ڕووت ده‌بینه‌وه و ئیتر نهێنیمان نامێنێت، بۆیه ناكرێت ئه‌مانه كارم تێنه‌كه‌ن و نه‌بن به به‌شێك له خه‌می من، له ئه‌نجامیشدا ڕه‌نگ نه‌ده‌نه‌وه له‌وه‌ی كه ده‌ینووسم.
(نالی) كه ده‌ینووسی (چی ماوه چی نه‌ماوه له هه‌یوان و تاق و ژوور؟) و له ڕێی چامه درێژه‌كه‌یه‌وه هه‌واڵی شار و حوجره‌كه‌ی له (سالم) ده‌پرسی، زمانی كوردی و ژیانی كوردی جۆرێكی تربوو، ئێسته شار پڕیه‌تی له ته‌لاری گه‌وره و مرۆڤی بچووك، زانكۆكان به خۆیان و مامۆستاكانیانه‌وه جێی حوجره‌كانیان گرتووه‌ته‌وه، ناكرێت شیعر ئه‌مه له خۆیدا جێ نه‌كاته‌وه، ناكرێت وه‌ك (گۆران) باس له سروشت بكه‌ین، له ڕۆژگارێكدا كه سروشت و جوانییه‌كانی له پاشه‌كشه‌دان و له جێی گوڵ و گیا و دره‌ختی سروشتی ماڵه‌كانمان پڕ بوون له گوڵ و گیا و دره‌ختی ساخته، ناشكرێت وه‌ك (شێركۆ بێكه‌س) دڵمان به شۆڕش و كوردایه‌تی خۆش بێت، له ڕۆژگارێكدا سیاسییه‌كانمان خه‌ریكی وێرانكردنی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌ییمان و فرۆشتنی خاك و ئاون.
ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادارین سه‌رقاڵی پڕۆژه‌یه‌كی تری ئه‌ده‌بیت كه ئه‌ده‌بیاتی نامه‌یه، ئایا ئیشكردنتان له‌م ژانره‌دا حه‌زی خۆتانه یا هۆكاری تری له پشته؟
ئه‌م كتێبه نوێیه‌م كتێبی خۆمه، كتێبی برینی من، پێشم وایه نووسه‌ری هه‌ر ژانرێكی ئه‌ده‌بی بیت پێویستیت به كتێبێكی وا هه‌یه، چونكه نووسین له‌م جۆره جیاواز له هه‌ر ژانرێكی تر چێژی خۆی هه‌یه و هه‌ندێك بابه‌ت و بیرۆكه و ڕووداویش هه‌ن له ژیانی مرۆڤدا به هیچ كام له ژانره‌كانی تر نایه‌نه ده‌ربڕین، بۆ من بیرۆكه‌ی ئه‌م كتێبه له‌و جۆره بوو، ته‌نیا ده‌بوو به‌م جۆره بینووسم، چونكه تۆ بۆ گوزارشتكردن له خۆت پێویستت به‌وه‌یه ده‌ست به ناوه‌وه‌ی خۆتدا بكه‌یت، به‌ڵام له ژانره‌كانی دیكه‌دا مه‌رج نییه 100% ئه‌مه‌ت بۆ بكرێت، شیعرێك ناكرێت سه‌رله‌به‌ری خۆت بیت هه‌روه‌ها چیرۆك و ڕۆمانیش، جگه له‌وه، ڕه‌گه‌ز و پێكهێنه‌رانی هه‌ریه‌كێكیان ڕێگرن له به‌رده‌م ئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه بنووسیت، ئازادییه‌ك ئه‌وه‌ی له ناوتدایه بیهێنێته ده‌ره‌وه، من له‌م كتێبه‌دا بڕێكی زۆرم له ئازادی وه‌رگرتووه بۆ قسه‌كردن له خۆم ئه‌وانه‌ی له ده‌ورم بوون، زۆریش له‌وانه‌ی ناسیومن له منداڵی و ئه‌م دواییانه‌دا لێره‌دا به‌پێی گرنگییان پشكیان به‌ركه‌وتووه و هاتوونه‌ته ناو كتێبه‌كه‌وه.
له رێی ئه‌م كاره نوێیه‌تانه‌وه ده‌تانه‌وێ چیتر بڵێن كه له شیعردا نه‌تانگوتووه؟
ئه‌م كتێبه باوه‌ڵێكه كۆمه‌ڵێك له‌و ڕووداو و به‌سه‌رهات و دیمه‌نانه‌ی تێدایه كه له ڕابردووی مندا ڕوویان داوه، من لێره‌دا كارم تێدا كردوونه‌ته‌وه و ویستوومه له كۆنتێستێكی ئه‌ده‌بیدا بیانووسمه‌وه، ئه‌مه‌ش به پشتبه‌ستن به بیره‌وه‌ریی تایبه‌تی خۆم و سه‌لیقه و خه‌یاڵ و ته‌كنیكێكی هونه‌ریی، له شیعردا ئه‌وه‌ی گوتوومه هه‌وڵم داوه شیعر بێت، به كه‌ره‌سته و سه‌لیقه‌یه‌كی نوێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م كتێبه‌دا ئیشم له‌سه‌ر كردووه برینه هه‌ره تایبه‌ت و قووڵه‌كانی ناوه‌وه‌ی خۆمن، كه حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌دا زۆرتری له‌سه‌ر نه‌ڵێم و خوێنه‌ران خۆیان بیخوێننه‌وه و به‌ری بكه‌ون.
به‌شێكی تری پڕۆژه‌كه سیدییه‌كی ده‌نگییه كه هه‌ڵبژارده‌یه‌كه له شیعره‌كانی هه‌ردوو كتێبی (بووم به ژێر ڕۆژه خێراكانی مۆدێرنه‌وه، ئه‌ستێره‌كان برینی مرۆڤن) ئه‌وانیش له‌لایه‌ن هاوڕێی شانۆكار (ڕۆژ فایه‌ق)ه‌وه خوێنراونه‌ته‌وه و بڕیاره له‌لایه‌ن هاوڕێی سینه‌ماكار (ڕاژان عه‌زیز)ه‌وه كاری ده‌رهێنانی كلیپ بۆ یه‌كێك له تراكه‌كانی بكرێت و له هه‌مان ڕۆژی بڵاوبوونه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌دا هه‌م سیدییه‌كه و هه‌میش كلیپه‌كه بڵاو ببنه‌وه.
وشه/ گۆران ڕه‌ئووف