یانەیەكی گەورەی ئیسپانیا بڕیاریداوە گرێبەست لەگەڵ فیلاینی بكات

:: AM:10:01:14/11/2017 ‌

یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی هاتووەتە نێو ركابەرییەكان بۆ كڕینی مەڕوان فیلاینی ئەستێرەی بەلجیكی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی.

رۆژنامەی (سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە یانەی مانچستەر یونایتد بڕیاریداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا فیلاینی بخاتە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانەوە كە گرێبەستەكەی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا بەكۆتا دێت.

بۆ ئەم مەبەستەش یانەی ڤالێنسیا كە لەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا تا ئێستا باشترین ئاستی پێشكەش كردووە و بەجیاوازی خاڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە ریزبەندی دووەمی یانەكان دێت، بڕیاریداوە هەوڵ بۆ كڕینی فیلاینی بدات.

بەڵام ئەو پلانەی یانەی ڤالێنسیا دایناوە ئەوەیە كە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا و دوای تەواوبوونی گرێبەستەكی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد، بەشێوەی ئازاد و بێ بەرامبەر گرێبەست لەگەڵ فیلاینی بكات.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد بەرپرسانی یانەی ڤالێنسیا گفتوگۆگانیان لەگەڵ فیلاینی دەست پێ كردووە و پێیان راگەیاندووە كە ئامادەن گرێبەستی لەگەڵدا بكەن، بەڵام لە كۆتایی ئەم وەرزەدا و بەبێ بەرامبەر.

ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژنامەكان بڵاویان كردبووەوە كە یانەی بێشكتاشی توركی بەتەواوی لە گرێبەستكردن لەگەڵ فیلاینی نزیك بووەتەوە و ئامادەییان پێشانداوە بەرامبەر 8 ملیۆن پاوەن لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا گرێبەستی لەگەڵدا بكەن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م