بوومەلەرزە كتێبخانەی گشتیی شارەزوور پەك دەخات

:: PM:10:06:15/11/2017 ‌

بە هۆی بوومەلەرزەكەی ئەمدواییەوە ژمارەیەك لە كتێبخانەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانە گشتییەكانی سلێمانی زیانێكی زۆریان بەر كەوتووە، هاوكات دەوامی كتێبخانەی گشتیی شارەزوور رادەگیرێت و لە كتێبخانەی گشتیی پێنجوێنیش، مەترسی لەسەر ژیانی فەرمانبەران هەیە. 

ئالان رەئووف بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی سلێمانی لە لێدوانێكی تایبەتدا، بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكەی ئەمدواییەوە كە باشووری كوردستان و ژمارەیەك ناوچەی تری گرتەوە، بەداخەوە زیانێكی یەكجار زۆری مادی بەر كتێبخانەكانی شارۆكە و شارەدێیەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی كتێبخانە گشتییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین كەوتووە.

زیاتر گوتی، ئێستە 11 كتێبخانەمان بەهۆی بوومەلەرزەكەوە زیانیان بەر كەوتووە و رێژەكەیان زۆر گەورەیە، یەكێك لەوانە كتێبخانەی گشتیی شارەزوورە كە بەهیچ شێوەیەك پاراستنی گیان و ژیانی فەرمانبەری تێدا نەماوە، بۆیە دەواممان لەوێ راگرتووە، لەپێناوی پاراستنی گیانی فەرمانبەرانمان، ئەمە جگە لەوەی كە كتێیخانەی گشتیی پێنجوێنیش زیانێكی زۆری كەوتووە.

روونی كردەوە، ئێستە نووسراوێك بەرز دەكەینەوە بۆ پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی  لیژنەیەك بنرێن بۆ لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی و دیایكردنی زیانەكان.

هاوكات یادگار ئەحمەد، لێپرسراوی كتێبخانەی گشتیی پێنجوێن، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، لە ئاكامی ئەو بوومەلەرزەیە زیانێكی زۆر بە سەقف و دیواری دەرەوە و بەشێكی زۆری ژوورەكانی ناو كتێبخانەكەمان گەیشتووە، كە ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی فەرمانبەرانی كتێبخانەكەمان دروست كردووە.

رای گەیاند، هەر یەك لە قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن و بەڕێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی سلێمانیمان ئاگەدار كردووەتەوە و ئەوانیش بەڵنییان داوە بە زووترین كات سەرووی خۆیان  ئاگادار بكەنەوە، چونكە ئەگەر بەدەممانەوە نەیەن، ئەوان ناكرێت رۆژانە بەو شێوەیە دەوام بكەین.

شایەنی بیرهێنانەوەیە، 40 كتێبخانەی گشتی لە سنووری شار و شارۆكە و شارەدێییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كتێبخانە گشتییەكانی سلێمانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی











وشە - مه‌حموود ئیسماعیل