ئەنچیلۆتی دەگەڕێتەوە خولی ئینگلیزی

:: PM:12:55:16/11/2017 ‌

كارلۆ ئەنچیلۆتی ئیتاڵی و راهێنەری دوورخراوەی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئارەزوو دەكات وێستگەی داهاتووی خولی نایابی ئینگلیزی بێت.

ئەنچیلۆتی شارەزاییەكی باشی لە خولی نایابی ئینگلیزیدا هەیە و پێشتر راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی كردووە بەر لەوەی بچێتە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی و ریال مەدریدی ئیسپانی و ئەی سی میلانی ئیتاڵی.

رۆژنامەی (لاگازیتا دیلۆ سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد كە ئەنچیلۆتی لە ئێستادا خەریكی گفتوگۆیە لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو یانەی ئارسناڵ و چێڵسی و بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا راهێنەرایەتی یەكێك لەو یانانە بگرێتە ئەستۆ.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا بەنیازە ئەنچیلۆتی رازی بكات ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی وەربگرێ دوای نەگەیشتنیان بە مۆندیالی 2018ی رووسیا و دەركردنی ڤینتۆرا.

ئەنچیلۆتی مانگی رابردوو بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی لەم وەرزەی خولی پلە یەكی ئەڵمانیا و هەروەها كێشەكانی لەگەڵ یاریزانان لە راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشن دەركرا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م