ئەنچیلۆتی مەرجی بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هەیە

:: AM:10:29:18/11/2017 ‌

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان كارلۆ ئەنچیلۆتی رازی بووە لە شوێنی گیامپێرۆ ڤینتۆرا راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا وەربگرێ، بەڵام چەند مەرجێكی هەیە.

رۆژنامەی (لاگازیتا دیلۆ سپۆرت)ی ئیتاڵی بڵاوی كردەوە: ئەنچیلۆتی تاڕادەیەكی زۆر لە وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نزیك بووەتەوە و ئێستاش لەگەڵ یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا خەریكی گفتوگۆیە.

هەروەها بڵاوی كردەوە: ئەنچیلۆتی داوای لە یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا كردووە گۆڕانكاری گەورە لە ریزی هەڵبژاردەكەیدا بكات و پڕۆگرامێكی باش بۆ ئامادەكردنی یاریزانان ئامادە بكات تا سەركەوتووبێت لە كارەكەیدا.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا لە ئەگەری رێك نەكەوتن لەگەڵ ئەنچیلۆتی، یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا كار بۆ رازیكردنی ماسیمیلیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی دەكات.

بەڵام یەكەتییەكە پێیوایە گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەنچیلۆتی لەسەرجەم راهێنەرانی تر ئاسانترە، بەهۆی ئەوەی ئێستا بێكارە دوای دەركردنی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەهۆی خراپی ئەنجامی یارییەكانەوە.

جێی باسە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا هەفتەی رابردوو بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد دۆڕا و دوای 60 ساڵ بۆ یەكەمجار لە یارییەكانی كۆتای مۆندیال دوور خرایەوە و بەهۆیەوە یەكەتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا ڤینتۆرای لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەكە دوور خستەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م