میسی یاریزانانی نوێی بەرشەلۆنە هەڵدەبژێرێ

:: AM:11:09:18/11/2017 ‌

رۆژنامەنووسێكی ئیسپانی نزیك لە یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد كە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یاریزانێكی نوێی یانەكەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا دیاری دەكات.

یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستادا خەریكی گفتوگۆكردنە لەگەڵ دوو ئەستێرە بۆ ئەوەی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ یەكێكیان بكات كە ئەوانیش برێتین لە ئەنتوان گریزمانی فڕەنسی و فیلیپ كۆتینیوی بەڕازیلی.

ماسكاڕۆ رۆژنامەنووسێكی ناوداری ئیسپانییە و تاڕادەیەكی زۆر لە خاوەن بڕیارەكانی یانەی بەرشەلۆنە نزیكە، ئاشكرای كرد یانە كەتەلۆنییەكە لە ماوەی ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا لەو دوو ئەستێرەیە یەكێكیان هەڵدەبژێرێ، بەهۆی ئەوەی هەردوو ئەستێرەكە لە هەمان شوێنی یاریگە یاریی دەكەن.

رۆژنامەنووسەكە ئاشكراشی كرد كە سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریداوە راستەوخۆ لەگەڵ میسی قسە بكات بۆ ئەوەی لەنێوان ئەو دوو ئەستێرەیەدا یەكێكیان هەڵبژێرێ.

جەختیشی كردەوە كە میسی پێی باشترە یانەكەی گرێبەست لەگەڵ گریزمان بكات، چونكە ئەو ئەستێرەیە شارەزاییەكی باشی لە خولی ئیسپانیادا هەیە و ماوەیەكی زۆرە لە ریزی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید یاریی دەكات.

لە كۆتاییدا رایگەیاند كە میسی رۆلی بەرچاوی لە دیاریكردنی سەرجەم یاریزانانی نوێی یانەی بەرشەلۆنەدا هەیە و سەرۆكایەتی یانەكەش بۆ دیاریكردنی گرێبەستە نوێیەكان هەمیشە بۆچوونەكانی ئەو ئەستێرەیەی بەهەند وەردەگرێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م