وادیارە شەری ساردی بووك و خەسووی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەنێوان جۆرجینا رۆدریگیز و دۆلۆرێس ئەڤیرۆی كۆتایی هاتووە.
جۆرجینا كە چەند رۆژێك پێش ئێستا منداڵی چوارەمی رۆناڵدۆی بەناوی ئالانا مارتینا هێنایە سەر دونیا، كۆتایی بە كێشەكانی لەگەڵ خەسووی هێناوە و سوڵحی یەكجارییان كردووە.
جۆرجینا دوێنێ یەكشەم وێنەیەكی خۆی لەگەڵ دایك و خوشكەكانی رۆناڵدۆ (دۆلۆریس و كاتیا و ئیڤانا) لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) بڵاو كردەوە و تێیدا دەردەكەون هەرسێ منداڵی رۆناڵدۆیان (ئەلانا و هەردوو جمكەكەی ماریا و ماتیۆ) لەسەر كۆشیانە.
جۆرجینا لەسەر وێنەكەش نووسیبووی "لەگەڵ خێزانەكەمان".
لای خۆشییەوە دۆلۆریسی دایكی رۆناڵدۆش هەمان وێنەی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكەدا بڵاو كردبووەوە و لە كۆمێنتێكیشدا نووسیبووی "شانازیتان پێوە دەكەم".
پێدەچێت ئەم ئاشتبوونەوەی بووك و خەسووە بۆ چاوی رۆناڵدۆ بێت تا لە رووی خێزانییەوە هەست بە ئارامی بكات و دواجار ئەمەش لە ئاستی یاریكردنی لەنێو یاریگە رەنگ بداتەوە كە ماوەیەكە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بە دۆخێكی باش تێپەڕنابێت.