لە یەکێتیی نووسەرانی هەولێر دوو کتێب بڵاو دەکرێتەوە

:: PM:05:54:21/11/2017 ‌
بڕیارە رۆژی پێنجشەمی داهاتوو ٢٣ی ١١ی ٢٠١٧، لە بارەگەی یەکێتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر، ڕێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی دوو کتێب  بەڕێوە بچیت.

باهۆز مستەفا نووسەر و ڕۆشنبیر لە بارەی ئەم کتێبە تازەیەی بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ئەم کتێبە ئامادەکردن و هەڵبژاردنە، هەڵبژاردەیەکە لە شیعری شاعیرانی شاری هەولێر، نزیکەی لە ساڵانی پەنجاکانەوە تا ئێستە شیعری ئەو شاعیرانەم هەڵبژاردووە، کە لەو ماوەیەدا ژیاون."

زیاتر گوتی: "شیعری ناو ئەم کتێبەم بە زەوق و هەڵبژاردنی خۆمە، مەرج نییە گشت شاعیرانی تێدا بەشداری پێ کرا بێت، بەڵام جوانترین شیعرەکانم هەڵبژاردووە. زیاتر پێشاندانی شیعری شاعیرانی هەولێرە، زۆر شیعر دەنووسرێ، بەڵام شاعیرانی هەولێر کەمتر بایەخیان پێ دەدرێت. 

ئاماژەی دا: "بۆیە پێم باش بووە بۆ خوێنەران شیعری شاعیرانی هەولێر لە دووتوێی کتێبێکدا کۆ بکەمەوە. لەم کتێبەدا ٥٣ شاعیرم هەڵبژاردووە، بەڕێوەبەرایەتی چالاکی وێژەیی ئەرکی لە چاپدانی کتێبەکەی لە ئەستۆ گرتووە."
 
محەمەد حوسێن موهەندس، نووسەر و وەرگێڕ لە بارەی ڕێوڕەسمی ڕۆژی پێنجشەم و کتێبە نوێیەکەی، کە لەم کۆڕەدا دەیبەخشن بەسەر ئامادەبوواندا، بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "گەڕایمە، سووڕایمە، کۆمەڵە شاعیرێکی هەولێری، شیعرەکانیانم هەڵبژاردووە و وەرمگیڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، کە بەشدارن لەم کتێبەمدا."

روونی كردەوە، : "شیعرەکان ژمارەیان زۆربوون، بەڵام بە پیی نەخشەسازی کتێبەکە و جێبوونەوە، ژمارەی ئەو شیعرانەی لە ناو کتێبەکەی مندا هەیە، ژمارەیان ٦٦ شیعرە. ژمارەی ستانداردی کتێبەکەیش ٢٠٠ لاپەڕەیە." 

عەبدوڕەحمان فەرهادی سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر، لەم بارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "پێنجشەم سەعات چواری ئێوارە لە بارەگەی لقی هەولێری یەکێتیی نووسەران، لە ڕێوڕەسمێکدا، ئەو دوو کتێبە "تلاوین شعریە من اربیل - اعداد و ترجمە: محمد حسین المهندس) و "هەڵبژاردەیەک لە شیعری شاعیرانی هەولێرـ ئامادەکردنی: باهۆز مستەفا"، بڵاو دەکرێنەوە.

شایانی باسە لقی ھەولێری یەکێتیی نووسەرانی كورد، خۆبەخشانە و بێ ھاوکاریی حکوومەت و ھیچ لایەنێک چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانیان ھەموو پێنجشەمەیەک ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە.







وشە - ژیڤان خۆرانی