بەهۆی میسی یانەی ئۆڵەمپیاکۆس سزا درا

:: AM:10:58:22/11/2017 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) سزای بەسەر یانەی ئۆڵەمپیاكۆسی یۆنانی سەپاند بەهۆی هاتنە ناوەوەی دوو جاری هاندەران بۆ نێو یاریگە لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

كۆتای مانگی رابردوو هەردوو یانەی ئۆڵەمپیاكۆس و بەرشەلۆنە لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی كارایساكی بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.

لەو یارییەدا دووجار هاندەرانی یانەی ئۆڵەمپیاكۆس هاتبوونە نێو یاریگە بۆ ئەوەی لە نزیكەوە بگەن بە میسی.

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) بەهۆی ئەم هەڵسوكەوتە و چەند هۆكارێكی تریش سزای دارایی بەسەر یانەی ئۆڵەمپیاكۆس سەپاند كە 60 هەزار پاوەن بوو.

یوفا ئاشكراشی كرد كە هاندەرانی یانەی ئۆڵەمپیاكۆس لەو یارییەدا تیشكی لێزەریان لەنێو یاریگەدا بەكارهێناوە و هەروەها لە شوێنی دانیشتن رێگەیان لە هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە گرتووە، بەهۆیەوە سزایە داراییەكەیان بەسەردا سەپاندووە.

جێی باسە هەر لەم وەرزەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپادا بەهۆی هاندەرانەوە یوفا سزای دارایی بەسەر چەند یانەیەكی تریش سەپاندبوو كە ئەوانیش برێتین بوون لە یانەی ئەپۆێل نیكۆسیای قوبڕسی بە 51 هەزار یۆرۆ و یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بە 15 هەزار یۆرۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م