عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: 100% دڵنیام دوای داعش شتێكی ترمان بۆ دێ
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر سیاسه‌توانی عێراق له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا به‌وردی تیشك ده‌خاته سه‌ر داهاتووی عێراق و ئه‌و جه‌نگه گه‌وره‌ی جه‌مسه‌ره‌كان كه ئه‌و ده‌ڵێ، "باوه‌ڕه لای من و روو ده‌دات و ته‌نیا دروستكردنی رووخساره‌كانی ماوه". هاوكات له‌باره‌ی كاردانه‌وه‌كانی دوای ریفراندۆم ده‌ڵێت، به‌هه‌مانشێوه‌ی هه‌ر كوردێك باوه‌ڕم به مافی گه‌لی كورد هه‌یه بۆ چاره‌ی خۆنووسین، به‌ڵام ده‌بێت بزانین هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌س نییه مافه‌كه‌ت ره‌وا بێت، كێشه‌ی كورد جیا له عێراق به‌نده به وڵاتانی دراوسێ و نێوده‌وڵه‌تیش.
شابه‌نده‌ر دووپاتی ده‌كاته‌وه كه پێویسته عه‌ره‌بی عێراق د‌رك به‌وه بكه‌ن كه ئه‌وه‌ی پشتی گرتن له كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ كورد به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بووه، نه‌ك به‌ژه‌وه‌ندی عه‌ره‌بی عێراق.
*له دوای نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتاهاتنی داعش و كاریگه‌رییه‌كانی و ده‌ست پێكردنی قۆناغی دوای داعش و نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، پێتان وایه عێراق به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت؟
له‌دوای رزگاربوون له داعش، به هه‌مانشێوه ته‌نگژه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ناوه‌ند روو له چاره‌سه‌ربوونه، به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ردوولا سوودی لێ ده‌بینن و دۆخه‌كه هێور ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ها نزیكبوونه‌وه‌ی قۆناغی هه‌ڵبژاردن، بۆیه عێراق به‌ره‌و دۆخێكی باشتر هه‌نگاو ده‌نێت، چونكه ململانێی نێوان هێزه‌كانی گه‌یشتووه‌ته ناونیشانی كرده‌نی و راست، كه خۆی له گه‌نده‌ڵی و سته‌م و خراپی به‌ڕێوه‌بردن ده‌بینێته‌وه، بۆیه كاتێك ئه‌وانه ده‌بنه ناونیشانی سه‌ره‌كی بۆ ململانێی و به‌ربه‌ره‌كانی، ده‌بێت به‌هۆی ئه‌گه‌ری ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌ی كه‌ڵكی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌ركرایه‌تیكردنیان نییه، هه‌روه‌ها ده‌رفه‌ت ده‌دات به هاتنه پێشه‌وه‌ی خوێنی نوێ كه سه‌ركردایه‌تی عێراق بكه‌ن له رووی سیاسی و ته‌ناهی و نیشتمانییه‌وه.
* پێوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به ره‌چاوكردنی ئه‌و رووداوانه‌ی له چه‌ند مانگی رابردوو روویان دا، خوێندنه‌وه‌ت چییه و ئه‌گه‌ر هه‌یه دۆخه‌كه هێور ببێته‌وه؟
ئه‌و ململانێیه‌ی ئێسته هه‌یه بووه‌ته قسه‌كردنێكی بێ ناوه‌ڕۆك، له نێوان ناوه‌ندێك ده‌یه‌وێت ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و به‌شێك له سه‌رانی كورد كه ده‌یانه‌وێت ئه‌نجامی ریفراندۆم سڕ بكه‌ن، به‌ڵام دادگای فیدراڵ له‌سه‌ر بنه‌مای یاسا یه‌كلای كردووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كارێكی باش ده‌كات ئه‌و كاته‌ی رێزگرتنی خۆی له بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵ راگه‌یاند، به‌وه كه‌وانه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه بۆ وتوێژێكی رژد و دروست له نێوان هه‌ردوولا كه تێگه‌یشتن كه سوودیان له چیدایه، ئێسته كورد و سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن جیاوازی چییه له نێوان خواست و مافی هه‌بوونی خواست له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به كرده‌نی هه‌یه، ئێمه هه‌موو كات ناتوانین به خواسته ره‌واكانمان بگه‌ین كه واقیع یاریده‌ده‌ر نه‌بێت بۆ به‌دیهاتنی.
هه‌میشه مافه‌كان واده‌ی خۆیان هه‌یه، ئه‌وه‌نده به‌س نییه كه مافه‌كه‌ت ره‌وا بێت، ماف ره‌وایه، به‌ڵام واده‌ی گونجاو بۆ گه‌یشتن پێی له مافه‌كه خۆی گرنگتره، چونكه ئه‌گه‌ر هه‌ڵه بكرێت له داواكردنی ماف، ره‌نگه بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك بۆ دواوه بگه‌ڕێیته‌وه، هه‌روه‌ها پێویسته حكوومه‌تی عێراق د‌رك به شێوازی مامه‌ڵه‌كردنی دروست له‌گه‌ڵ سیسته‌می ئیتیحادی فیدراڵی بكات و مافه‌كانی خۆی پێڕه‌و بكات، به‌ڵام له هه‌مان كات ئه‌ركه‌كانیشی له به‌رامبه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كانی ناو پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌موو پێكهاته‌كانی به‌شدارن له بنیاتنانی ده‌وڵه‌تی نوێ له دوای 2003 بزانێت، بڕوام وایه ئێسته وتوێژكردن له نێوان هه‌رێم و عێراق بووه‌ته ئه‌ركێكی نیشتمانی كه هه‌لێكی باشیشه بۆ پێداچوونه‌وه به 14 ساڵ له دڵه‌ڕاوكێ و راكێش راكێش، هه‌روه‌ها هه‌لێكیشه بۆ تێڕامان له چه‌ندان بڕگه‌كانی ده‌ستوور. ئه‌و ده‌ستووره‌ی نه‌یتوانیوه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات به‌تایبه‌تی كێشه‌ی نێوان لایه‌ن و پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق.
كورد و عه‌ره‌ب دركیان به‌وه كرد هه‌موو لایه‌نه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمییه‌كان، لایه‌نی سه‌ره‌كی نین له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراق و یارمه‌تیدانی بۆ گه‌یشتن به سه‌قامگیری و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت، كورد دركی به‌وه كرد پاڵپشتیان نییه جگه له عێراق، پێویسته عه‌ره‌بیش د‌رك به‌وه بكات ئه‌وه‌ی پشتی گرتن له كێشه‌یان له‌گه‌ڵ كورد به‌هۆی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بووه نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق.
بۆیه ده‌ڵێم ئه‌وه‌ی له رایفراندۆم و دوای ئه‌ویش روویان دا، وانه‌یه‌كی گه‌وره بوو بۆ عه‌ره‌ب و كورد، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق، كه ته‌نیا خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته به‌كه‌ڵكی یه‌كتر دێن و ته‌نیا وڵات به‌رژوه‌ندی ئه‌وانه، وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌ند و به به‌ره‌كه‌ت، دادپه‌روه‌ری تاكه رێیه كه وا بكات هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق له خۆشی‌دا بن و به مافی خۆیان شاد ببنه‌وه.
*له‌باره‌ی هه‌رێمه‌وه چی رووی دا، ئاخۆ ریفراندۆم ده‌ستووری و مافی ره‌وای كورد نه‌بوو؟، كه‌چی سه‌رنه‌كه‌وت و زۆرینه‌ی وڵاتان دژی ئه‌و مافه‌ی كورد وه‌ستانه‌وه، بۆچی؟
له‌مێژه باوه‌ڕم به مافی گه‌لی كورد هه‌یه بۆ چاره‌ی خۆنووسین، ئه‌گه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌شم به‌و مافه له كوردێك زیاتر نه‌بێت، له‌وان كه‌متر نییه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی واقیعیانه‌تر، گه‌یشتن به‌و مافه و ئه‌و خه‌ونه‌ی كورد پێوه‌ست نییه ته‌نیا به عێراقه‌وه، به‌ڵكو به هه‌موو ناوچه‌كه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، له رووی هه‌رێمایه‌تی و عه‌ره‌بییه‌وه، هه‌روه‌ها به هه‌ڵوێستی ناوده‌وڵه‌تیشه‌وه، پێویسته كوردی عێراق به‌تایبه‌تی هه‌وڵی لێكگه‌یشتن بده‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌موو شتێك بكه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌و خه‌ونه به ویستێكی نیشتمانی، كه باشتره له حاڵه‌تی ته‌حه‌داكردن و ده‌مارگیری كه هاوه‌ڵی ئه‌و سووربوونه بووه له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا كه دۆستی كورد بوون ده‌یانگوت بڕیاره‌كه په‌له‌په‌لی تیادایه و كاته‌كه‌ی گونجاو نییه.
ئه‌وه‌ی رووی دا سه‌ركردایه‌تیی كورد پشتی به به‌ڵێنی چه‌ند لایه‌نێك به‌ست كه ته‌نیا به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان ویست. بۆیه ئه‌وانه‌ی به نهێنی و به ئاشكرا پاڵپشتییان له كورد ده‌كرد هیچ ده‌نگیان نه‌ما. به‌ڵام با ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه، چونكه گه‌ڕانه‌وه‌ی ساڵانێك بۆ خواستی گه‌لان زۆر نییه.
* پێت وایه ئاخۆ متمانه له نێوان كورد و به‌غدا ماوه بۆ مامه‌ڵه و هاوبه‌شی و به‌یه‌كه‌وه ژیان؟
به‌هۆی ئه‌و راكێش راكێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه، چاوه‌ڕوان ناكه‌ین راسته‌وخۆ و به ئاسانی دوای ئه‌وه دۆخێكی هێوری به‌دوادا بێت و ره‌نگه توندتریش بێت، به‌ڵام وتوێژ گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ئه‌وانه نه‌مێنن، من رێنوێنی سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌كه‌م سه‌یری قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنی 2018 بكات، هاوپه‌یمانی ئاقڵ له عه‌ره‌ب بۆ خۆیان دیاری بكه‌ن بۆ لێكگه‌یشتن له‌باره‌ی دواڕۆژی عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه.
باوه‌ڕم وایه پێویسته له عێراق له رووی سیاسییه‌وه به هێڵی درێژی هاوپه‌یمانیه‌تی دروست ببێت نه‌ك هێڵی پانی، واته شیعه و سوننه و كورد، هه‌ولێر با هه‌وپه‌یمانی به‌شێك له سوننه و شیعه بن و سلێمانیش به هه‌مان شێوه، ئه‌و جیاكردنه‌وه‌ش له هه‌ڵوێستی كورد مانای ئه‌وه نییه ده‌ستبه‌رداری ئه‌و راستییه‌ن له‌باره‌ی مافی كورد بۆ چاره‌ی خۆنووسین. بۆیه پێویسته بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی عێراق سه‌رانی كورد ئه‌وانه وه‌ك هاوپه‌یمان هه‌ڵبژێرن كه بتوانن له‌گه‌ڵیاندا بگونجێن له سوننه و شیعه.
ئه‌و ئه‌زموونه تاڵه‌ی پێیدا تێپه‌ڕین وامان لێ ده‌كات به ئاقڵمه‌ندانه‌تر و كرده‌نیتر بیر بكه‌ینه‌وه و به‌ره‌و دوو هاوپه‌یمانیه‌تی بچین، مه‌به‌ستیش به‌ربه‌ره‌كانێیه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و وڵات و بنیاتنانی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دروست.
*له‌باره‌ی ئه‌و هه‌نگاوه چاكسازییانه‌ی ئێسته له عێراق بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت، ئاخۆ راسته‌قینه‌ن جێبه‌جێ ده‌بن یا ته‌نیا بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه؟
ئه‌و دروشمه گرنگه ناتوانین بڵێین هه‌ڵه‌یه، "نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی"، ناونیشانێكی گرنگه، چونكه مه‌ترسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی كه‌متر نین له داعش، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێكی واقیعییانه بۆ ئه‌و بابه‌ته بكه‌ین، من گه‌شبین نیم به‌و هه‌ڵمه‌ته گه‌رمه‌ی له دژی گه‌نده‌ڵی هه‌یه، چونكه هه‌موو لایه‌نه‌كان ئه‌و دروشمه‌یان به‌رز كردووه‌ته‌وه، ئێمه ده‌پرسین ئه‌گه‌ر ئێوه هه‌مووتان پاكن و دژی گه‌نده‌ڵین، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی دزییان ده‌كرد كێ بوون؟، بۆیه ئه‌وه به‌ره‌و گومانكردن پاڵمان ده‌دات له به‌رانبه‌ر ئه‌و ره‌وته‌ی هه‌یه، چونكه گه‌نده‌ڵ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت جه‌نگی گه‌نده‌ڵی بكات، ئێسته هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ڵێن دژی گه‌نده‌ڵین، باشه ئه‌ی كێ بوو گه‌نده‌ڵ بوو؟، ئێسته زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی جه‌نگیان له دژی گه‌نده‌ڵی راگه‌یاندووه زۆرینه‌یان گه‌نده‌ڵه‌كان خۆیانن، بۆیه ناتوانین پێشبینی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌لایه‌ن كه‌سانی گه‌نده‌ڵه‌وه بكه‌ین.
پێشبینی ده‌كه‌م نواندنێك هه‌بێت كه قوربانی به چه‌ند سه‌رێك ده‌درێت له‌وانه‌ی پشت و حزب و عه‌شیره‌تیان نییه و ئه‌وان ده‌خرێنه ناو زیندانییه‌كان، هه‌رچی سه‌ری گه‌وره‌یه كه به‌رپرسن له سوننه‌ت و كولتووری گه‌نده‌ڵی خۆی، پارێزراو ده‌بن.
هه‌موومان ده‌زانین وه‌زیرێك و به‌رپرسێك نییه كه به‌بێ زانیاری بارسته‌كه‌ی و سه‌رۆكه‌كه‌ی دزی بكات، راسته ره‌نگه ئه‌و وه‌زیره كه ده‌ستی كرد به دزی بۆ خۆی نه‌ك بۆ بارسته‌كه‌ی سزا بدرێت، واته بارسته‌كه‌ی سزای ده‌دات، به‌ڵام من بۆیه گه‌شبین نیم، چونكه جه‌نگی راسته‌قینه‌ی گه‌نده‌ڵكاران ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت، پێویسته سه‌رانی بارسته سیاسییه‌كان بگرێته‌وه كه ئه‌وان وه‌زیر و به‌رپرسی گه‌نده‌ڵیان هێناوه. من زۆر گه‌شبین نیم، به‌ڵام ئه‌و هێرشه بۆ سه‌ر گه‌نده‌ڵی ره‌نگه دۆخێكی راستی به‌دوادا بێت.
*داعش هات و داعش رۆیشت، كوشتن و ئاواره‌كردن و رووخان، پرسیار ئه‌وه‌یه مه‌به‌ست له هاتن و چوونی داعش بۆ عێراق چی بوو؟
پێم وایه هه‌موو ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كه‌دا روو ده‌دات، به‌تایبه‌تی له عێراق و سووریا و لبنان، بریتییه له ململانێی ئێران و ئیسرائیل، ئێسته ئاسایشی ئیسرائیل بابه‌تێكی پیرۆزه له دنیا له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا به‌تایبه‌تی، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وڵاته راسته‌وخۆ 45 خوله‌ك قسه ده‌كات له‌باره‌ی دیموكراتیی ئیسرائیلی و له كۆتاشدا ده‌ڵێت با هه‌موومان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل نوێژ بكه‌ین.
ئاسایشی ئیسرائیل پیرۆزه و سه‌ری رمیش له‌و پاراستنه ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپان، ئه‌و ئاسایشه بیروباوه‌ڕییه نه‌ك سیاسی، واته ئیسرائیل بوونێكی سیاسی نییه، واته ئه‌و له‌پێناو بوون و ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی یان ئابوورییانه ناجه‌نگێت له ناوچه‌كه‌دا، واته ئه‌گه‌ر كورد خه‌ونێكی نه‌ته‌وه‌یییان هه‌بێت، ئه‌وا ئیسرائیل خه‌ونی بیروباروه‌ڕییان هه‌یه بۆ گه‌یشتن به ئیسرائیلی گه‌وره، ره‌نگه بگوترێت ئه‌و ململانێیانه‌ی له دنیا هه‌یه سیاسی و ئابوورییه، به‌ڵام لێره نا لێره دوو ده‌وڵه‌تی بنیاتنراو له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕ هه‌ن، ئه‌وانیش ئێران و ئیسرائیلن، ئیسرائیل باوه‌ڕی وایه جوو گه‌لی هه‌ڵبژێردراوی خوان، ئێرانیش هه‌مان باوه‌ڕی هه‌یه بۆ فارس، ئه‌وه لای هه‌ردووكیان بیروباوه‌ڕه، بۆیه ئێران خۆی به‌رامبه‌ر ئیسرائیل داده‌نێت و خۆیان به سزاده‌ری ئیسرائیل ده‌زانن.
ئه‌و ململانێی بیروباوه‌ڕه‌یه كاریگه‌رییه‌كانی پێ ده‌چێت كه سیاسی و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بێت له ناوچه‌كه‌دا، بۆیه داعش دێت و ده‌چێت، یان كورد ده‌بێت به ده‌وڵه‌ت یان نا، عێراق و سووریا دابه‌ش ده‌بن یان نا، هه‌موو ئه‌وانه ورده‌كاری ئه‌و جه‌نگه‌ن، ململانێی ئێران و عه‌ره‌ب نه‌ماوه و كۆتای هات و ئه‌وه‌ی ئێسته هه‌یه نێوانی ئێران و ئیسرائیله، داعش یه‌كێك بوو له ره‌نگدانه‌وه‌كانی ئه‌و ململانێیه. ته‌نیا ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو بابه‌تێكی ترمان بۆ دروست ده‌بێت، داعش كۆتای هات و به‌شێك له ئه‌ركه‌كه‌ی به‌جێ گه‌یاند، بۆیه 100% بابه‌تێكی ترمان بۆ دێت.
*له‌به‌ر رووناكی ئه‌وه‌ی گوتت، ئاخۆ ناوچه‌كه روو له جه‌نگێكی گه‌وره و فره‌وانه كه ره‌نگه عێراق ببێت به به‌شێك له‌و جه‌نگه؟
دروستبوونی ئه‌و جه‌نگه له داهاتوودا بۆ من باوه‌ڕه و دڵنیام له‌وه‌ی روو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ماوه و جه‌نگه‌كه‌ی دواخستووه، دوا داڕشتنی جه‌نگه‌كه‌یه بۆ هه‌ردوو هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی دنیا، واته هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچه‌كه و عه‌ره‌بی و هاوپه‌یمانی رووسیا و ئێران و چین و سووریا و حزبوڵای لبنانی، ئه‌وه رووخساری هاوپه‌یمانێتییه‌كانه، عێراق تا ئێسته هه‌ڵوێستی دیار نییه له نێوان دوو هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێی وایه وڵاته‌كه خۆی دوور بگرێت له هه‌ردووكیان، به‌ڵام ده‌توانێت یان نا دیار نییه، ئه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه‌ی دوا خستووه نه‌بوونی دوا رووخساری پێكهاته‌ی دوو هاوپه‌یمانیه‌تییه‌كه‌یه، پاڵه‌په‌ستۆ له‌سه‌ر عێراق هه‌یه بچێته پاڵ هاوپه‌یمانیه‌تی ئه‌مه‌ریكا یان ئێران، بۆیه كه ته‌واو بوو ئه‌وه جه‌نگه‌كه له پشت ده‌رگه ده‌وه‌ستێت.
پرۆفایل:
عیزه‌ت حاجی حه‌سه‌ن شابه‌نده‌ر له‌دایكبووی 1950یه و ده‌رچووی كۆلێجی ئه‌ده‌بیاته له 1977 به‌شی عه‌ره‌بی و زانسته ئیسلامییه‌كان، له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناودار و سیاسیی به‌غدایه، پێنج جار گیراوه و له 1980 عێراقی جێ هێشتووه و له 2003 گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له 2005-2009 په‌رله‌مانتاری عێراق بووه و ئێسته‌ش وه‌ك سیاسه‌توان و بیرمه‌ندێكی سه‌ربه‌خۆ كار ده‌كات.