مێژووی ژیان و مردنی ویساڵی شاعیر

:: PM:09:25:02/12/2017 ‌
بەشی یەکەم

محەمەد کوڕی شێخ ئەحمەدی شێخ شەهابی شێخ عومەری مەردۆخییە، لە شێخەکانی قەرەداغە. لە گوندی "تەکیە"ی قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی لە مێژووی ٢٢ی سێی ساڵی ١٩٠٢ لەدایک بووە، لەو مانگەی دایکی تێدا کۆچی دوایی دەکات، ئەو لەو مانگەدا دێتە دنیاوە. لە پاش ساڵێک باوکی ژنێکی تر دەهێنێت و وردە وردە ژیانی دەکەوێتەوە ناخۆشییەوە. وەک گوتراوە (کە دایکت بوو بە باجی، لای باوکت بێ ڕەواجی.) لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکیشی کۆچی دوایی دەکات، بەم جۆرە ژیانی لی تاڵ بوو، خانەوێران و ئاوارە بوو، ئینجا چووە بۆ لای ئامۆزاکانی و بووەتە شوان، تا تەمەنی دەگاتە ١٠ ساڵان.

هەر لەو ماوەیەدا، ڕۆژێک لە ڕۆژە جوان و دڵڕفێنەکانی بەهار خەریکی بەخێوکردنی مەڕ و بزنەکانی دەبێت، دەیانبات بۆ قۆپی. (قۆپی دێیەکی نزیک قەرەداغە، ئاووهەوایەکی سازگار و خۆشی هەیە، شوێنێکی دڵڕفێنە...)، ڕۆژی سێشەم دەبێت، کە دەستەیەک لە فەقێ و مەلا لە قەرەداغەوە دێن بۆ دیدەنی شێخ بابە عەلی بۆ تەکییە، لەوێوە دەچنە سەیرانی بۆ قۆپی، کاتێ ویساڵی چاوی بەم کۆمەڵە ڕێک و پێک و جوانە دەکەوێت، لەوپەڕی شەوق و زەوقدان، گران و دڵتەنگ دەبێت. تەنانەت نەختێکیش بۆ حاڵی ناتەواوی خۆی دەگری، لەبەر خۆیەوە ڕازی دڵی دەردەبڕێت و دەڵێت: "منیش ئەگەر دایک و باوکم بمایە، دەمیان کرد بە فەقێ وەک ئەمانە."

ئەوانیش بانگی دەکەنە لای خۆیان، ئەو مەڕەکانی لەژێر دارێکدا کۆ دەکاتەوە. بەخێرهاتنی مەلا و فەقێکان دەکات، مامۆستا شێخ بابە عەلی دەبینێ، بانگی دەکاتە لای خۆی و پێی دەڵێت: "حەمە گیان وەرە بۆچی بۆ خۆت ناخوێنی، تا وەک ئەو فەقێیانە وا بیت." پێی دەڵێت: مامەم ناهێڵێ و ڕێگەم نادات، ئینجا حاڵی خۆی بۆ بابە عەلی و شێخ مستەفای قەرەداغی باس دەکات، کە نە باوکی هەیە و نە دایکی هەیە. مامۆستا شێخ مستەفا دەڵێ بابە عەلی بۆ لە مامەی ناستێنی و پێی بخوێنی، شێوەی وا دیارە زیرەک و ژیر بێت.

شیخ لێی دەپرسێت: "حەمە دەچیت بۆ لای شێخ بۆ قەرەداغ لەوێ بخوێنی، ئەویش دەڵێ زۆر حەز دەکەم، پێی دەڵێت شێخ مستەفا لە مامەکانت باشترە. دوای ئەوەی ڕۆژی دوایی حەمە خۆی دەدزێتەوە و دەچیتە لای بابە عەلی و بابە پێی دەڵێت: حەمە گیان من دەتوانم بەخێوت بکەم و پێشت بخوێنم، لە کوڕەکانی خۆشمت جیا نەکەمەوە، بەڵام مامەکانت نایەڵن و دەتبەنەوە. هەروەها ئەگەر بچی بۆ قەرەداغیش هەر دەتبەنەوە، بەڵام کاغەزێکت بۆ دەنووسم و بڕۆ بۆ لای شێخ عومەر قەرەداغی لە سلێمانی، لە خانەقای خالیدی نەقشبەندییە. ئەو خزمەتی چاکت دەکات، شێخ مارفیش لەوێیە، لە مزگەوتی تەکییە، هەردووکیان بۆ تۆ لە باوکت باشترن و خزمی نزیکن و دەسەڵاتیان هەیە، مەعلووم دەبیتە شتێک.

شێخ نامەیەکی بۆ ویساڵی دەنووسێت و ویساڵی نامەکە وەردەگرێت و دەچێت بۆ سلێمانی. لەتەمەنی ١٠ ساڵیدا هاتۆتە شاری سلێمانی و لەلای مامۆستا شێخ عومەر قەرەداغی دەستی بە خوێندن کردووە، پاشان بۆ خوێندن پێنج ساڵ لای ئەوان ماوەتەوە. لە خزمەتی شێخ عومەر و شێخ مارف خوێندوویەتی. تا دەست بە جامی دەکات، ئینجا لەسەر خواست و فەرمانی مامۆستا عومەر دەچی بۆ هەرزنی، کە گوندێکە لە ئالانی ئێران لەسەر سنووری پشدەرە. 

ویساڵی بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ئالانی باپیر ئاغا دەمێنێتەوە، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا دەچێتە خزمەتی مامۆستا مەلا ساڵحی خوارەمیر، کە هەر لەو ناوچەیەدا دەمێنێ و دووساڵیش لای ئەو دەخوێنێ. پلەی خوێندنی لەو کاتەدا گەیشتبووە "مختسر" توانای هەبوو "شرح العقائد" بخوێنێ، ئەو ماوەیەبوو زیرەکی و بلیمەتی لە ناو هەموو هاوڕێکانیدا، دەرکەوت.

سەرچاوە/ دیوانی ویساڵی، ئامادەکردنی: جەمال محەمەد محەمەدئەمین، چاپی: دار الجاحڤ للتباعە و النشر – بغداد، بڵاوکار: دەزگای ڕۆشنبیری بڵاوکردنەوەی کوردی – بەغدا.



وشە - ژیڤان خۆرانی