عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە حوجرەوە بۆ پڕۆفیسۆری

:: PM:09:54:03/12/2017 ‌
عیزەدین کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلای دێلێژە، لە ساڵی ١٩٣٤ لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. سێیەم منداڵی باوک و چوارەم منداڵی دایکییەتی، کاتێ دایکی لە مێردی یەکەمی جیا دەبێتەوە، شوو بە مەلا مستەفا دەکات.

عیزەدین لە بنەماڵەیەکی خوێندەوار ژیاوە، حاجی مەلا ڕەسووڵ، کە دەکاتە باپیری یەکێک بووە لە زانا ئاینییەکانی سەردەمی حکوومەتی خوارووی کوردستان، لە لایەن مەلیک و کار بەدەستانەوە گوێی لێ گیراوە.

حاجی مەلا ڕەسووڵ پێنج کوڕی هەبووە، کە سەرجەمیان خوێندەوار و مامۆستای ئاینی بوون، مەلا مستەفا باوکی عیزەدینە، بەکاری مەلایەتییەوە لە سلێمانی ژیانی گوزەراندووە. ژیانێکی مامناوەندی بەڕێ کردووە و بەردەوام خەریکی خوێندنەوەی بابەتی تەسەوف بووە.

عیزەدین لە لای باوکی لە مزگەتی "حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە" خوێندوویەتی، پاشان لە ساڵی ١٩٣٩ لە قوتابخانەی غازی لە بەر وریایی وەک گوێگر وەرگیراوە. کراوە بە خوێندکار و سەری ساڵیش یەکەم بووە. دواتر چووەتە ناوەندی و تاقیکردنەوەی بەکۆلۆری تەواو کردووە. مستەفای سەفوەتی باوکی پێی گوتووە بڕۆ لە کۆلێژی شەریعە بخوێنە، هەم مەلایەتییەکەت دەمێنێتەوە، هەم کۆلێژێکی ئەکادیمیشە. 

دوای ئەوەی چووەتە شاری بەغدا، بووەتە خوێندکاری کۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی شەریعەی پێ تەواو نەکراوە و دەرکراوە. پاشان گەڕاوەتەوە سلێمانی و پۆلی چوارەمی زانستی تەواو کردووە. ئەودەم بەشی ئەدەبی لە شاری سلێمانی نەبووە، ساڵی دواتر کراوەتەوە، یەکێک لە مامۆستاکانی بەناوی مووسا داوای لێ کردووە بچێتە بەشی ئەدەبی لە پۆلی پێنجی دەوامی شەوانە، پاش تەواوکردنی پۆلی پێنج چووەتە بەغدا.

لە ساڵی ١٩٥١دا لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٥٢دا، بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بووە لە شاری بەغدا. بریندار بووە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە، لەبەر بەشداری کردنی لە ڕاپەڕینەکەدا گەڕاوەتەوە سلێمانی، لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بەناونیشانی کرێکار دامەزراوە.

دواتر لەڕێی چەند کەسێک باوکی کردوویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە شارۆکەی قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بەهۆی کاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچۆغە، لەوێش بەکاری سیاسییەوە خەریک بووە، دووپاتە گێڕاویانەتەوە بۆ شاری سلێمانی.


بەهۆی خراپی موتەسەڕیفی سلێمانی هەڵاتووە عێراقی بەرەو شام بەجێهێشتووە. دووبارە لە کۆلێژی ئاداب لە شام دەستی درێژە بە خوێندنی ئاداب عەرەبی داوە و پۆلی دوو و سێی ئادابی تەواو کردووە. هەتا شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بەغدا و لە خانەی سێیەمی خانەی مامۆستایان دانراوە. پاشان تەواوی کردووە و لە شاری بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی، کە یەکەم ساڵ بووە پێکهێنراوە، عیزەدین لەوێ دامەزراوە.

لەو سەردەمەی عەبدولکەریم قاسم کەوتە ناردنی خوێندکارانی لەسەر ئەرکی دەوڵەت دەناردە وڵاتی سۆڤییەت، عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ یەکێک بووە لەو خوێندکارانە.

دوای تەواوکردنی زمان عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لەگەڵ کەما؛ مەزهەر و نەسرین چووەتە باکۆ، لە ٢٤ی شەشی ساڵی ١٩٦٣دا، دکتۆرای وەرگرتووە. پاشان بە داوای حیزبی شیوعی عێراقی چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا، سەرپەرشتی ڕادیۆی بەنهێنی گەلی عێراقی کردووە.

لە ساڵی ١٩٦٥دا، گەڕاوەتەوە کوردستان و بووەتە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای برزانی، لە ٢٦ی ١٢ی ١٩٦٦ بە هەوڵی مەلا مستەفای بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزراوە. ساڵی ١٩٧٩ چووەتە مۆسکۆ و درێژەی بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە. 

عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد، یەکەم دامەزراند و بەیاننامەی بە قەڵەمی ئەو نووسراوە. دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی کورد ١١ کەس بوون، لە ساڵی ١٩٦٩ی زاینی مۆڵەتیان وەرگرتووە و جەمال بابان کراوە بە سەرۆکی دەستەکە، بەڵام دوای گەڕانەوەی نووسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی ١١ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێنراوەتەوە، لە بەغدا هەڵبژاردن کراوە، د. عیزەدین بە کۆی ٦٣ دەنگ بووەتە سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد.

عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ ٨٦ بەرهەمی ناوازەی هەیە، لە سەرەتای گەنجییەوە دەستی بە کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، بە هێندێک بابەتی سیاسی ڕۆژانە دەستی پێ کردووە، دواجار لە گۆڤاری ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. د. عیزەدین مستەفا ڕەسووڵ لە ساڵی ٢٠٠٩دا، خەڵاتی بلەی بۆ کەسایەتی ساڵی لە بواری ئەدەبدا، وەرگرتووە.

سەرچاوە/ مێژووی کورد


وشە - ژیڤان خۆرانی