فه‌رمانده‌ی گشتیی پێشمه‌رگه‌ی شنگال باس له دۆخی ئێزیدییه‌كان ده‌كات دوای هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناوچه‌كه‌یان و ئه‌وه ناشارێته‌وه كه خه‌ڵك له خراپترین ئاستی ژیاندا ده‌یگوزه‌رێنن. هاوكات دووپاتی ده‌كاته‌وه كه شنگال جێی حه‌شدی شه‌عبی نییه تا خۆی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت و ده‌ڵێ، "به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت وه‌ده‌ر ده‌نرێن".
دوای ئه‌وه‌ی باڵێكی ناپاكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له 16ی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو كه به‌هۆیه‌وه كه‌ركووك و به‌شێك له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌وته ده‌ست میلیشیاكان و پاسدار، شنگال جارێكی تر له وێرانكارییه‌كانی داعشه‌وه، كه‌وته ده‌ست حه‌شدی شه‌عبی و تا ئێسته چاره‌نووسی روون نییه.
ئێزیدییان ناتوانن له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی بژین
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شنگال رای ده‌گه‌یه‌نێت كه ئێسته دۆخی خه‌ڵكی شنگال زۆر خراپه و ئێزیدییه‌كان خراپترین ژیان له‌گه‌ڵ حه‌شد ده‌گوزه‌رێنن.
قاسم شه‌شۆ له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا ئاماژه به‌وه‌یش ده‌كات كه حه‌شدی شه‌عبی ئاگایان له ئێزیدییان نییه و كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن ناوچه‌كه به شیعه بكرێت، بۆیه هیچ خزمه‌تگوزارییه‌ك له شنگالدا نییه و خه‌ڵك له كرده‌وه‌كانی ئه‌و هێزانه بێزار بووه، سه‌ره‌تای هاتنی حه‌شد زۆر پێشلكارییان به‌رانبه‌ر خه‌ڵك كرد.
شه‌شۆ گوتی، "هه‌رچه‌نده ئه‌وان زۆر ناتوانن پێشێلكاری به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی ئێزیدی بكه‌ن، چونكه خه‌ڵك لێیان قبووڵ ناكات، به‌و پێیه‌ی روونه حه‌شد به ناشه‌رعی ده‌ستیان به‌سه‌ر شنگالدا گرتووه، به تایبه‌ت كه شنگالییه‌كان به شه‌رعی و ده‌نگی خۆیان له ریفراندۆم، ٩٠%یان ویستی خۆیان ده‌ربڕی بۆ پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ كوردستان، بۆیه مه‌حاڵه ئێزیدی و میلیشیاكان پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن و به‌رده‌وام وه‌ك خۆسه‌پێن و ناشه‌رعی سه‌یر ده‌كرێن".
حه‌شدی شه‌عبی دووجار شنگالی وێران كرد
فه‌رمانده‌ی گشتیی پێشمه‌رگه‌ی شنگال كه له سێی ئابی 2014ـه‌وه كاتێك داعش ناوچه‌كه‌ی داگیر كرد و خه‌ڵكی شنگال چوونه سه‌ر چیا، تا ئێسته به مه‌یدانی له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانی ئێزیدی ده‌ژی و شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ی كردووه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی زه‌وییه‌كانیان له داگیركه‌ران، ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه حه‌شدی شه‌عبی و په‌كه‌كه پێوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه له شنگال.
دووپاتی كرده‌وه كه خه‌ڵكی ناوچه‌كه به‌و لێقه‌وماوه‌ییه‌ی و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه، ئینجا حه‌شدی شه‌عبی چه‌كی به‌رگریی و ئۆتۆمبێلیان لێ وه‌رده‌گرن و و ماڵه‌كانیان تاڵان ده‌كه‌ن. ئاشكرای كرد، "به‌و حاڵه خراپه‌یشه‌وه ئێسته رێی دهۆك-شنگال له‌به‌ر حه‌شدی شه‌عبی داخراوه، ئه‌مه‌ش كارتێكردنێكی زۆری له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ئێزیدی دروست كردووه"
"سه‌ره‌تای هاتنی حه‌شد، په‌كه‌كه به ده‌رفه‌تیان زانی و هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باره‌گاكان و پێشێلكاری زۆریان ئه‌نجام دا له شنگال، ئێسته‌یش له سنووری نێوان سووریا و هه‌رێمی كوردستان باج له خه‌ڵك وه‌رده‌گرن و ئه‌مه خه‌ڵكی ته‌واو بێزار كردووه و كاریگه‌ریی كردووه‌ته سه‌ر ژیانیان". شه‌شۆ وای گوت.
مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌كی تر له شنگال له ئارادایه
له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له هاتنه‌وه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه ده‌كه‌ن كه كچ و ژنی ئێزیدییه‌كانیان ئه‌تك كرد و شاره‌كه‌یان خاپوور كرد، قاسم شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی پێشمه‌رگه‌ی شنگال ده‌ڵێ، "ئه‌وه ده‌نگۆ نییه و راستیی ته‌واوه، حه‌شدی شه‌عبی ئه‌و كه‌سانه‌ی به هاوكاری په‌كه‌كه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه ناو شنگال، چونكه پێشتر كه پێشمه‌رگه شاره‌كه‌ی ئازاد كرد هه‌ڵاتن به‌ره‌و سووریا، ئه‌وانه كۆمه‌ڵكوژیی ئێزیدییه‌كانیان كردووه، به‌ڵام ئێسته ریشیان تاشیوه و حه‌شد پاره‌یه‌كی زۆری بۆ ته‌رخان كردوون و زانیاریمان هه‌یه لیوایه‌كی سه‌ربازیشیان بۆ دروست ده‌كه‌ن".
فه‌رمانده شه‌شۆ له‌باره‌ی دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كان له دۆخی ناوچه‌كه‌دا، ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌وان له حاڵه‌تی به‌رگریدان، به‌ڵام به‌گوته‌ی خۆی، "خۆمان ئاماده كردووه بۆ هه‌ر جۆره پلانێك، چونكه ئه‌وان مه‌ترسین بۆ سه‌ر شنگال و ئێزیدییه‌كان و تا حه‌شد له‌و سنووره بمێنێته‌وه، مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵكوژی له‌سه‌ر ئێزیدی له ئارادایه".
دووپاتی كرده‌وه كه "ئێسته له شنگال سێ هه‌زار پێشمه‌رگه له فه‌رمانده‌یی ئێمه‌یه و دوو هه‌زار خۆبه‌خشیش ئاماده‌ن بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌ناكاو، بۆیه هۆشداریمان داوه به حه‌شدی شه‌عبی كه ده‌بێت شنگال به‌جێ بێڵن و ئه‌و ناوچه‌یه جێی ئه‌وان نییه، ئه‌م په‌یامه‌مان بۆ ناردوون له رێی تایبه‌ته‌وه، چونكه خۆمان پێوه‌ندی راسته‌وخۆمان نییه".
"ده‌بێت رێز له ئێراده‌ی ئێزیدییان بگرن، ئه‌گه‌ر نا وه‌ڵاممان بۆیان ده‌بێت و چه‌ندان رێی تر هه‌یه هه‌ڵیده‌بژێرین بۆ دوورخستنه‌وه‌یان، ده‌بێت میلیشیاكان ئه‌وه بزانن ئێزیدی سازشی بۆ سه‌دام نه‌كردووه و له‌م چیایه به‌رگریمان كردووه، هه‌ر له‌م چیایه‌وه داعشیشمان تێك‌شكاند و له‌ناو برد، هیوادارین ئه‌م په‌یامه روون بێت". شه‌شۆ وای گوت.
فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه كه خۆی ئێزیدییه و دانیشتووی ناوچه‌كه‌یه، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ئه‌وان شه‌ڕخواز نین و ئاواتیشی بۆ ناخوازن جارێكی تر خوێن بڕژێ. به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "پێویسته حه‌شدی شه‌عبی رێز له قوربانییانی ئێزیدی بگرن، چونكه پاشماوه‌ی ٧٤ كۆمه‌ڵكوژین و هیچ نه‌ماوه لێی بترسین و سڵی لێ بكه‌ینه‌وه".
ئێزیدییه‌كان پێكهاته‌یه‌كی ئاینین و شوێنه پیرۆزه‌كانیان ده‌كه‌وێته پارێزگای دهۆك و چڕیی دانیشتوانیان له ده‌كه‌وێته ده‌شتی نه‌ینه‌وا، تا ئێسته 74 جار هه‌وڵی قڕكردنیان دراوه و ماونه‌ته‌وه و به‌رگرییان له ئاینه‌كه‌یان كردووه. داعش سێ هه‌زار كه‌سی ئه‌وانی هێشتا لا ماوه و چاره‌نووسیان نادیاره، به‌ڵام له‌و په‌لاماره‌ی تیرۆریستان‌دا دنیا له‌سه‌ریان به‌ده‌نگ هات و دۆسیه‌كه‌یان بوو به پرسێكی نێوده‌وڵه‌تی.
وشه/ شنگال- كاروان باعه‌درێ