خولی پاڵەوانان.. مانچستەر سیتی شاختاری لەگەڵ خۆی بردە قۆناغی 16

:: AM:08:49:07/12/2017 ‌

یانەی شاختار دۆنیتیسكی ئۆكڕانی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی تووشی یەكەم دۆڕان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرد و هەردووكیشیان بەیەكەوە گەیشتنە قۆناغی 16ی خولەكە.

شەوی رابردوو لە دوایین یاریی كۆمەڵەی شەشەمی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو یانەی شاختار لەنێو یاریگەی دۆنباس ئەرینا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یانەی مانچستەر سیتی بردەوە.

هەردوو گۆڵەكەی یانەی شاختار لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا لەلایەن بێرنارد ئەنیسۆ و ئیسمایلی لە خولەكانی 26 و 32 هاتنە تۆماركردن، تاكە گۆڵەكەی یانەی مانچستەر سیتیش لە لە كاتی زیادكراوی گێمی دووەمدا بەرێگەی لێدانی سزا لەلایەن سێرجیۆ ئەگوێڕۆ تۆمار كرا.

یانەی مانچستەر سیتی ئەمە یەكەم شكستە لەم وەرزەدا لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان دووچاری دەبێت، بەڵام ئەم شكستە كاریگەری لەسەر نەبوو و هەر بەیەكەمی كۆمەڵەكەی بە 15 خاڵ خۆی گەیاندە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا، یانەی شاختاریش بە 12 خاڵ بەهەمانشێوە گەیشتە قۆناغی داهاتوو.

لە یارییەكی تری كۆمەڵەی شەشەمدا یانەی ناپۆلی ئیتاڵی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرامبەر یانەی فینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی دۆڕا.

بەمەش یانەی ناپۆلی خاڵەكانی لە 6 راوەستان و بە ریزبەندی سێیەمی كۆمەڵەكەی چووە ریزی یانەكانی خولی ئەوروپا، یانەی فینۆردیش بەیەكجاری ماڵئاوایی لە پاڵەوانیەتییەكانی ئەوروپا كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م