یەکەم: لەبارەی ڕۆمانەکانی "میرنامە" و "مارتینی بەختەوەر"ەوە

:: PM:08:01:07/12/2017 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم ٧ی ١٢ی ٢٠١٧، سێیەم چاپی "میرنامە" و یەکەم چاپی ڕۆمانی "مارتینی بەختەوەر"ی ڕۆماننووسی ڕۆژئاوای کوردستان "جان دۆست" لە ناوەندی غەزەلنووس بە وەرگێڕانی وەرگێڕی بە توانا "سەباح ئیسماعیل" بڵاو دەکرێتەوە.

ساباح ئیسماعیل ڕۆشنبیر و وەرگێر لەم بارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ڕۆمانی میرنامە، كە ساڵی 2009 لە ئیستەنبووڵدا بە كوردی چاپ كراوە. باس لە پێوەندیی نێوان ڕۆشنبیر و دەسەڵات دەكات، وەك ڕەمزیش پەنای بۆ لایەنە شاراوەكانی ژیانی شاعیری مەزن ئەحمەدی خانی (1651ز-1707ز) بردووە و كردوویەتی بە تیشكۆی جووڵەكانی ڕۆمانەكە و سیمبولی ئەو ڕۆشنبیرەی هەمیشە نەیار و ناكۆك بووە بە شتە ناتەواوە باوەكانی سەردەمەكەی و خامەی دژ بە ستەمكاران تیژ و لەگەڕدا بووە، چۆن لە مزگەوت بە گوتارەكانی و لە هۆزانەكانیشیدا دنەی خەڵك دەدات بۆ دژوەستانەوەی میر و دەرەبەگە خۆفرۆشە بەرماوەخۆرە كوردەكان و نەچوونی كوردان و بەشداری نەكردنیان لە شەڕی سەفەوی و توركدا. هانیان دەدات خۆیان نەكەنە سووتەمەنیی شەڕی داگیركەران و لە دژیان بوەستنەوە، باس لە خودان خامەیەكی ئازاد دەكات، هەمیشە ڕۆڵی ڕەخنەگر دەگێڕێت، نەك ئەستۆخوار و زوڕناژەن و كەواسووری بەرلەشكری ستەمكار و داگیركەران."

زیاتر گوتی: "دوای ئەوەی ئاگەداری دەكەنەوە، كە دەبێت لە گوتارەكانی مزگەوتیدا بە میردا هەڵ بدات و ستایشی بكات، ئەو ڕەتی دەكاتەوە و دژ بەوانە دەوەستێتەوە بەناوی ئاینەوە داوای غەزا دەكەن و لێ دەگەڕێن براكان شیر و تیر لە یەكتر بسوون، چونكە بەدرێژایی مێژوو هەمیشە میرانی كورد شیری تیژكراویان هەمبەر یەكتر هەڵكێشاوە و ڕەشەكوژییان لە بەرانبەر میلەتەكەی خۆیاندا ئەنجام داوە، كەچی لە ئاست دوژمنانیشدا شیر لە كالان و دەست لەسەر سینە و ملكەچ بوونە. لە ئەنجامی ئەم كارانەیدا میر پیلانی دەرمانخواردكردنی بۆ دادەڕێژێت، ئیدی خانی بە نەخۆشییەكی نادیار گیان لەدەست دەدات."

ئیسماعیل ئاماژەی دا: "لەو ڕۆژەی بەرەو گۆڕستانی بەڕێ دەكەن، سێ جاران چرای ماڵان دەكوژێنەوە، وەك ئەوەی ئاسمانیش بۆی بگری و شینی بۆ بگێڕێت، لەبری باران مەرەكەب دەبارێت. ڕۆمانێكە خوێنەری هۆشیار هەر لە بەرایییەوە درك بەوە دەكات لە بەرانبەر ڕۆمانێكی ئاساییدا نییە، تەكنیكی نوێ و فەنتازیای تێدا بەكارهێنراوە و لە هەر بەشەدا كاراكتەرێك دەیگێڕێتەوە و لە دید و بۆچوونی خۆیەوە بۆ مەرگی خانی دەڕوانێت و ڕاز و نهێنییەک ئاشكرا دەكات، واتە هیچ یەكێكیان گێڕەرەوەی هەمووشتزان نییە. لەگەڵ خوێندنەوەی هەر بەشێكدا لای هەر یەكێكیان زانیارییەكی نوێت لەسەر چۆنێتیی مەرگی شاعیر دەست دەكەوێت. نووسەر وەكو خۆی دەڵێت لە تەكنیكی گێڕانەوەكەیدا سوودی لە كتێبی (یەسووعی كوڕی ئینسان)ی جوبران خەلیل جوبران وەرگرتووە."

سەباح ئیسماعیل ڕوونی کردەوە: "دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە خەمی ئەوەت لە دڵدا دەڕوێت كە بۆچی ئێمەی كورد بە نووسەرانی پارچەكانی تری كوردستان ئاشنا نیین، حەیف و مخابن دەچێژی بۆ ئەو ڕۆمانە ناوازانە، كە نەمان خوێندوونەتەوە، شایانی باسە لە وەرگێڕانە عەرەبییەكەدا پێش چاپكردنی مقەستی سانسۆر بەگەڕ كەوتووە و گرینگترین بەشی (دەمامكدار) قرتێنراوە، ئەوەبوو جان دۆست بەجیا ئەو بەشەی بۆ ناردم، منیش بەناچاری لە دەقە عەرەبییەكەی ناو كتێبەكە دەرچووم، ئەمە و جگە لەملا و لەولا چەندان ڕستە و پەڕەگراف لابراون، ناچار گەڕامەوە سەر دەقە كرمانجییەكە و دێڕ بەدێڕ بەراوردم كردوون و لە كوێ لە دەقە عەرەبییەكەدا بڕابێت، بۆ دەقە كوردییەكە گەڕاومەتەوە."

جان دۆست ڕۆماننووسی باکوری کوردستان لە بارەی ڕۆمانی "میرنامە"ەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ئەم ڕۆمانە، بەرهەمی ماندووبوونی بیست ساڵی منە، كە لەگەڵ هۆزانڤانی مەزن ئەحمەدی خانی دانەری مەم و زین بەسەرم برد. ئەز بە ڕووح و بە ڕۆشنبیریی لەگەڵیدا ژیام، ئاشنا بووم بە بیروباوەڕی ئازادیخوازانەی ئەو و پرۆژە ڕۆشنفكرییە مەزنەكەی و فەلسەفەی وی لە ژیاندا، بەڕاستی سەرسامی كردم. سەرسام بە زمانەكەی، شێوازی، لێبوردەیییە گەورە و مرۆڤایەتییەكەی، كە لە سۆفیگەریی ویژدانیی ئەوەوە هەڵقوڵاون، هەروەها سەرسام بووم بەخۆشەویستیی ئەو بۆ نەتەوەكەی، دوور لە توندڕەوی و كۆششی بەردەوامی بۆ سەربەخۆبوون لە دەست هەردوو داگیركەری سەفەوی و عوسمانیی، بێ ئەوەی بیری بچێت تیری ڕەخنە ئاراستەی فەرمانڕەوایانی كورد بكات."


جان دۆست زیاتر گوتی: "لەبەر ئەوەی من هەستم كرد قەرزی گەورەی لە ئەستۆی كوردانە، ساڵانێكی زۆرم بۆ تەرخان كرد، تا بكۆشم شتێك بكەم شایستەی ئەم پیاوە مەزنە بێت. ئەوەبوو یەكەمین جار دەقی مەم و زینم بەڕاڤەی و شەكانییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی، هەروەها تێكستی مەم و زینم بەهەمان شێوازی شاعیر و بەهەمان كێش و سەرواوە كرد بەشیعر بۆ كرمانجیی هاوچەرخ، بۆ ئاسانكاریی تێگەیشتنی لەلایەن خوێنەرەوە، ئەوانەی مەودایەكی فرەوان لەگەڵ ئەدەبی كلاسیكی جیایان دەكاتەوە. وێڕای گشت ئەمانەش هێشتا هەست دەكەم لە هەمبەر ئەم بلیمەتە كوردەدا كەمتەرخەمم. ئالێرەوە بیرم لەوە كردەوە سەرلەنوێ بیژێنمەوە، لە گۆڕەكەی لە بایەزید هەڵی بستێنمەوە و لێگەڕێم لە نێوانماندا بژێت و ئەوی لە ڕۆژگاری خۆیدا بەر لە سێ سەتە بە گوێی نەتەوەكەیدا دەدا، دیسانەوە بەگوێی ئێمەیدا بداتەوە، ڕەنگە نەوەكان باشتر لە باوباپیران گوێ بۆ قسەكانی ڕادێرن، چونكە ئێستە كورد لە دۆخێكدا دەژی زۆر لەو سەردەمە دەكات لە ڕۆژگاری خانیدا تێیدا ژیاوە، بۆیە پێویست بوو ئەم پەیامبەرە جارێكی دی بە ڕۆح ئامادە ببێتەوە."

جان دۆست زیاتر گوتی: "هەروەها ناكرێت هەوڵ و ماندووبوونی برای وەرگێڕ سەباح ئیسماعیل لەبیر بكەم، كە شەونخوونی بەدیار وەرگێڕانی دەقە كرمانجییەكەوە كرد، ئەمەش بەپشتبەستن بەوەرگێڕانە عەرەبییەكەی بەناوی (میرنامە... شاعیر و میر) بڵاوبووەتەوە. پرۆسەی وەرگێڕانەكە ئارامی و وردەكاریی زۆری بەخۆوە بینی، تاكو لێبووەوە بەردەوام پرسیاری وردترین شتی لێ دەكردم. ئەز دڵنیام ئەو بەو شێوەیە وەری نەگێڕاوە (وەك لە زمانێكەوە بۆ زمانێكی تر ڕوو دەدات)، بەڵكو پتر ڕۆحی كوردانەی تێدا ترنجاندووە، ئیدی چۆن نالی و سالم و حاجی قادر و ئەوانی تری ڕۆخەكەی تری ڕۆشنبیریمان بە كوردییەكی پاراو قسانیان كردووە، بەو ئاوایەی لێ كردووە."


 





وشە - ژیڤان خۆرانی