ریال مەدرید: یارییەكەی پاریس سان جێرمان مان و نەمانە

:: AM:08:45:12/12/2017 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یارییەكەیان بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یارییەكی زەحمەت دەبێت و بگرە بۆ ئەوان وەك یاریی كۆتا و مان و نەمانە.

دوێنێ دووشەم یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) تیروپشكی بۆ یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام دا و تێیدا هەردوو یانەی پاریس سان جێرمان و ریال مەدرید بەریەك كەوتن.

لەمبارەیەوە ئێمیلیۆ پوتراگینۆی بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی یانەی ریال مەدرید بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: ئەم یارییە وەك یاریی كۆتاییە بەهۆی بەهێزی هەردوو یانەكەوە بەتایبەتیش لەم قۆناغەدا كە دەبێت تیپێك بخرێتە دەرەوە.

زیاتر گوتی: یانەی پاریس سان جێرمان هەموو وەرزێك لە وەرزی پێشووتر بەهێزتر دەبێت، لە قۆناغی كۆمەڵەكانیشدا لەم وەرزەی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا باشترین ئاستیان پێشكەش كردبوو، بەڕاستی ئەوان ئەمساڵ تیپێكی بەهێزیان هەیە.

جێی باسە یارییەكانی چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە رۆژانی 13/14 و 20/21ی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێن، یارییەكانی گەڕانەوەش لە رۆژانی 6/7 و 13/14ی مانگی دواتر بەڕێوە دەچن.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م