به‌یان ئیبراهیم شاعیر و نووسه‌ر كه له‌دایكبووی ساڵی ۱۹۷۱ و نیشته‌جێی شاری سلێمانییه، ساڵانی ساڵه شیعر ده‌نووسێت و خاوه‌نی چه‌ندان وتاری سیاسی و به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیشه. له‌م دیداره‌ی"وشه‌دا"باس له ئه‌زموونه‌كانی له بواری شیعر و نووسیندا ده‌كات و دووپاتی ده‌كاته‌وه كه "ده‌بێت خۆی ئــازاد بكات، نه‌ك داوای ئازادی بكات".
سه‌ره‌تای ئاشنایه‌تیتان له‌گه‌ڵ شیعر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌ی؟
سه‌ره‌تای ئاشناییم له‌گه‌ڵ شیعر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و پانتایییه فراوانه‌ی ڕۆحم پێویستی پێی بوو، هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك خاوه‌نی فه‌رهه‌نگ و ناسنامه‌ی خۆیه‌تی، وه‌ك ده‌ڵێن ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كانن، لای من شیعر گه‌ڕانه به‌دوای خۆمدا له چوارچێوه‌ی جوانییه‌كانی ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستیدا، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ به شیعر ژیان جوانتر بكه‌م، یان به مانایه‌كی تر ژیاندۆستی ببه‌خشم به خۆێنه‌رانم، له په‌نای ئه‌مانه‌دا پێم وا بووه شیعر بۆ تاك و بۆ ژیان تاكگه‌راییه و ناتوانێ پێداویستییه‌كانی مرۆڤ له ڕووی بایه‌لۆجییه‌وه دابین بكات، به‌ڵكو شیعر زیاتر ڕۆحانییه، واتا ئه‌ده‌ب دنیایه‌كه زۆر تایبه‌ته به تاك.
شیعر بۆ كێ ده‌نووسیت؟
من كاتێ شیعر ده‌نووسم و بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه، ده‌بێت بزانم له چی پێك هاتووه و چۆن هۆنراوه، به‌ڵام شیعر پێوه‌ندی به هه‌ستی تاكه‌وه هه‌یه، شاعیر دره‌ختێكه شیعر ده‌گرێت و ده‌رگا به ڕووی ده‌یان پرسیاری جیادا ده‌كاته‌وه، شیعرێكی جوانی په‌یكه‌رئاسا له هه‌ناوی گابه‌ردێكه‌وه ده‌رهێنراوه، شاعیر شیعرێك ده‌نووسێ هیچ بایه‌خ به توێكڵه‌كه‌ی نادات، هه‌ر له وشه‌ی یه‌كه‌مه‌وه په‌نجه‌ره به رووی كرۆكدا ده‌خاته سه‌ر پشت، شیعرێك كه سه‌ر بۆ هیچ كۆت و به‌ندێك نه‌وی ناكات و شاعیر شیعرێك ده‌نووسێ دلۆڤانی لێ بچۆڕێ، شیعرێك با فه‌زایه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر كۆی بكاته‌وه، به‌ڵام ڕاستگۆیانه ده‌ربڕی ویست و خواستی تاكێك بێت.
شاعیر چونكه پیشه‌وه‌رێكه ده‌ستڕه‌نگین، كه ستران ده‌چڕێت، ده‌زانێت چۆن هه‌ڵچوونی ده‌روونی له ئامێزی هونه‌ردا هێور ده‌كاته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی له به‌رده‌م قووڵپی گریانیدا دیوارێك هه‌ڵبچنێت، كه‌واته شاعیر له كه‌ره‌سه‌ی ئاسایی شیعری ناوازه به‌رهه‌م دێنێت، شیعرێك له‌م ڕۆخی زه‌ریاوه بۆ ئه‌و ڕۆخی ده‌په‌ڕێته‌وه، شیعرێك تخووبی نێوان كولتووره‌كان ده‌به‌زێنێت و مرۆڤ له‌وه قوتار ده‌كات كه هه‌ڵگڕی تاقه ناسنامه‌یه‌كی داخراو بێت.
جگه له شیعر، له چ بوارێكی تردا كار ده‌كه‌یت؟
من پێش ئه‌وه‌ی شیعر بنووسم له بواری نووسینی (سیاسی)دا چه‌ندان وتارم هه‌یه كه له سایت و ڕۆژنامه‌كان بڵاو بوونه‌ته‌وه، كتێبێكی چاپكراوم هه‌یه به‌ناوی (نیگای به‌یان) كه زۆربه‌ی وتاره‌كانمی له‌خۆ گرتووه. له‌باره‌ی ڕۆڵی ژنان و كولتووری كورد چه‌ندان وتارم هه‌یه، به‌ڵام ئێسته له‌و پانتایییه سیاسییه كار ناكه‌م، بۆیه ده‌مه‌وێ سه‌رقاڵ بم به ئه‌ده‌ب و شیعره‌وه.
تا چه‌ند ئازادیی ژنان له بواری هونه‌ری و ئه‌ده‌بیدا ده‌بینیت؟
له‌باره‌ی ئازادیی ژنان ئه‌وه كه‌وتووه‌ته سه‌ر ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌كرێت ژینگه‌یه‌كی ئازادی گه‌وره هه‌بێت، هیچ جیاوازییه‌كی نه‌بێت ته‌نیا ئه‌وه‌نده نه‌بێت كه بكه‌وێته سه‌ر توانای ژن كه خۆی تا چه‌ند ئازادیی خۆی پێ قبووڵه، به‌ڵام كولتوور و نه‌ریت ژن وه‌ك مرۆڤ پێشان ناده‌ن، وه‌ك كاڵایه‌ك یان وه‌ك ته‌واوكه‌ری كاری پیاو و ناوماڵ، خۆی ئه‌ركی ژن گه‌وره‌تره له ئه‌ركی پیاو، ژن ده‌بێت خۆی ئازاد بكات نه‌ك داوای ئازادی بكات، به تایبه‌ت له رووی ئه‌ده‌بی شیعره‌وه، ئه‌گه‌ر ته‌واو ئازاد نه‌بێت ناتوانێ بنووسێت، ده‌بێت پێشتر خۆی له كۆتوبه‌ند ڕزگار بكات و كۆیله‌یی له مێشكی خۆی وه‌ده‌رنێت.
وه‌ك ئۆشــۆ ده‌ڵێت: "ده‌بێت چاوی خۆمان له كولتوور و نه‌ریت بشۆین"، ده‌بێت ژن بێته سه‌ر ڕێچكه‌ی ئازادی خۆی، ئه‌گه‌ر نه‌ریتی خێڵ رێ بدات، ته‌واوی یاسا و نه‌ریت دژی ژنن، خۆم ئه‌و ئه‌ركه‌م جێبه‌جێ كردووه له ڕێی نووسینه‌كانمه‌وه كه بتوانم ڕه‌خنه‌ی واقیع بكه‌م بۆ دابینكردنی ماف و ئه‌رك و ئازادی، سه‌یركه چونكه ئێران ده‌وڵه‌ته، ده‌نگی "فرووغی" زیندوو به‌رز راگرتووه، به‌ڵام لای خۆمان "كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د" به زیندوویی سه‌رده‌بڕن! چونكه نه‌ریتی خێڵ زاڵ ده‌كرا كه كه‌ژاڵ بووبووایه به سه‌روه‌تێكی نیشتمانی وه‌ك "سیمۆن دیبوفوار یان فرووغ"، به‌ڵام بۆ ژن زۆر سه‌خته ڕووبه‌ڕووی دنیایه‌ك هێرش ببێته‌وه، خۆ رۆشنبیره‌كان له خێڵه‌كییه‌كان خراپترن.
به‌شداریی هیچ كۆڕ و فێستیڤاڵێكی ئه‌ده‌بیت كردووه؟
به‌ڵێ به‌شداری كۆڕم كردووه و زۆر جار كۆڕی شیعریم بۆ ساز كراوه، وه‌ك فێستیڤاڵ تا ئێسته وه‌ك بینه‌ر ئاماده بووم، به‌ڵام له فێستیڤاڵێكی ئه‌مساڵدا به‌شداریم كردووه به ده‌قێكی شیعری به ناوی (رێگه‌یه‌ك له منا گۆرانی ده‌ڵێ)، ده‌بوو مانگی 11 فێستیڤاڵه‌كه بكرایه، به‌ڵام به‌هۆی بارودۆخی ناهه‌مواری كوردستان دوا خرا بۆ كاتێكی نادیار.
وا نا‌بینیت كاڵفامییه‌ك له ئێسته‌ی شیعری كوردیدا هه‌بێت؟
بێگومان زۆر شت هه‌ن كاڵفامی پێوه دیاره، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر شێوازی نووسه‌ره‌كه، چۆن و به شێوه‌یه‌ك شیعره‌كه كامڵ ده‌كات به توانای خۆی، به‌ڵام شیعر تێكشكاندنی شته واقیعییه‌كانه به دیوێكی تردا، شاعیر ده‌بێت پیشه‌وه‌ر بێت و دنیای نوێ بدۆزێته‌وه، شاعیر ده‌بێت وه‌ستای پیشه‌كه‌ی بێت نه‌ك پیشه‌كه له شاعیری تر بدزێ، واتا شیعری شاعیرێكی تر بكات به هی خۆی. لای من ئه‌وه كاڵفامییه كه نه‌توانی هه‌ڵگری ئیلهام و سه‌رچاوه‌ی دیدی شیعری خۆت بیت، وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ ئاسمان یان خۆردا قسه ده‌كه‌ی، ده‌بێت له‌گه‌ڵ بنجه‌گیایه‌ك په‌یڤت هه‌بێت، به‌و مه‌رجه‌ی خوێنه‌ر ماندوو نه‌بێت له ڕووی هاڕمۆنیی و وێنه و زمانه‌وه ته‌كنیكی شیعره‌كه‌ت به شێوه‌یه‌كی جوان بگه‌یه‌نیت.
تا چه‌ند پێویستمان به میتۆدێكی ڕه‌خنه‌یی هه‌یه؟
من كاتێك شیعر ده‌نووسم و بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه، دواتر هه‌ست ده‌كه‌م شیعرێكه ناته‌واو، شیعرێكه پاكنووس نه‌كراوه، شیعرێكه هێشتا ڕه‌شنووسه، ده‌كرێ وه‌ك خۆم ره‌خنه‌ی واقعیم هه‌بێت و ڕه‌خنه‌ی شاعیرانی تر لام گوڵبارانی هه‌ست و مرۆڤدۆستییه‌كه‌م بێت، ڕه‌خنه بۆ شیعر جێی نه‌نگی نییه، به‌ڵكو دروستكه‌ری به‌رهه‌می ئه‌و ده‌قه شیعره‌یه‌یه كه وشه‌ی تێداا ده‌خوڵقێنی، ئه‌وه ئاسانه كه شاعیر كه‌ڵك له ئه‌فسانه وه‌ربگرێ، به‌ڵام ئه‌وه سه‌خته شاعیر خۆی ئه‌فسانه بخوڵقێنێ، ڕه‌نگه ئه‌وه‌نده بوێر بین له هه‌موو ڕێسا دێرین و باوه‌كانی شیعر یاخی بین.
وشه/سلێمانی- ڕیباز حه‌سه‌ن و نمه محه‌مه‌د