ریال مەدرید بەر لە كلاسیكۆ مەترسییەكی گەورەی هەیە

:: AM:11:29:12/12/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یانەی ریال مەدرید لە مەترسیدایە بەر لە بەڕێوەچوونی یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری كە بڕیارە لە رۆژی 23ی ئەم مانگە بێتە ئەنجامدان.

رۆژنامەی (ماركا) بڵاوی كردەوە: بەگوێرەی یاساكانی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) ئەگەر هەر یایزانێك لە یاریی كۆتای جامی مۆندیالی یانەكان كارتی سوور وەربگرێ، لە یاریی داهاتووی خولی وڵاتەكەی یاخود هەر پاڵەوانیەتییەكی تر یاری ناكات.

بەمەش ئەگەر یانەی ریال مەدرید بگاتە یاریی كۆتای مۆندیالی یانەكان وەك پێشبینی دەكرێ، دەبێت سەرجەم یاریزانەكان بەوپەڕی ئاگادارییەوە یاری بكەن و ئەگەر هەر یاریزانێكیش كارتی سوور وەربگرێ ئەوا لە یاریی كلاسیكۆ یاری ناكات.

یانەی ریال مەدرید سبەی چوارشەم لە وڵاتی ئیماڕات یەكەم یاریی خۆی لە جامی مۆندیالی یانەكان بەرامبەر یانەی جەزیرەی ئیماڕاتی ئەنجام دەدات، ئەگەر لەو یارییەدا سەركەوتن بەدەست بێنێ دەگاتە یاریی كۆتای پاڵەوانیەتییەكە كە بڕیارە لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا بێتە ئەنجامدان.

دوای یاریی كۆتای جامی مۆندیالی یانەكان، یانەی ریال مەدرید راستەوخۆ دەگەڕێتەوە ئیسپانیا و خۆی بۆ یاریی كلاسیكۆ ئامادە دەكات.

ئامانجی یانەی ریال مەدرید ئەوەیە لەو یارییەدا بە پشتبەستن بە جەماوەری لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ سەركەوتن بەدەست بێنێ بۆ ئەوەی جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە لە خولی ئیسپانیا كەمتر بكاتەوە.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە ئێستا بەكۆكردنەوەی 39 خاڵ پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیای گرتووە و جیاوازی خاڵەكانی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید 8 خاڵە كە لە ریزبەندی چوارەمی یانەكانە، هەروەها یانەكانی ڤالێنسیا و ئەتلەتیكۆ مەدریدیش بە 34 و 33 خاڵ لە پلەی دووەم و سێیەم دێن.  



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م