بۆ رزگاركردنی مۆبایلەكەی دەچێتە ناو ئاگر

:: AM:10:33:14/12/2017 ‌

 لە چین كارگەیەك ئاگر دەگرێت و سەرجەم كرێكارەكانیش بۆ رزگاركردنی گیانی خۆیان لە كارگەكە دێنە دەرەوە، بەڵام یەكێك لە كرێكارەكان لە رێ بیری دێتەوە كە مۆبایلەكەی جێ هێشتووە و خێرا بەرەو ئاگرەكە دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی "ئەلعەرەبیە" دوای چەند ساتێك هاوشێوەی فیلمەكانی هۆڵیوود كرێكارەكە لە كاتێكدا هەموو لەشی ئاگرە، لە كارگەكە دێتە دەرەوە و لەوكاتەشدا هاوكارەكانی بەو ئامێرانەی ئاگركوژێنەوە كە لەبەردەستیاندایە هەوڵ دەدەن ئاگرەكەی بكوژێننەوە. زۆری پێ ناچێت ئاگرەكە دەكوژێتەوە و كرێكارەكەش لە مردن رزگاری دەبێت.

میدیاكانی چین ئاشكرایان كرد كە ئەم كرێكارە بە پلەی سێ لەشی سووتاوە، بۆیە بۆ یەكێك لە نەخۆشخانەكانیان رەوانە كردووە بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێت.

خاوەنی كارگەكە لە پارێزگای زیجانگ باسی لەوە كردووە ئەو كرێكارەی ئاگری تێبەر بووە یەكەم كەس بووە دوای رووداوەكە لە كارگەكە هاتووەتە دەرەوە و خۆی رزگار كردووە و پێی سەیرە چۆن بۆ ناو كارگەكە گەڕاوەتەوە و بەم شێوەیە مەترسی بۆ سەر گیانی خۆی دروست كردووە.

میدیاكان ئاشكرایان نەكردووە جۆری ئەو مۆبایلەی كرێكارەكە هەوڵی رزگاركردنی داوە چی بووە.





وشە - سلێمان تاشان