زێدان: داوای هێرشبەری نوێ بۆ ریال مەدرید ناكەین

:: PM:12:03:14/12/2017 ‌

زێنەدین زێدانی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هیچ هێرشبەرێكی نوێ بۆ تیپەكەیان ناكڕن و بڕوای تەواویشیان بە هێرشبەرەكانی خۆیانە.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە قۆناغی پێش كۆتای جامی مۆندیالی یانەكان لە وڵاتی ئیماڕات بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ لە یانەی جەزیرەی ئیماڕاتی بردەوە.

لە یارییەكەدا كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی هەوڵێكی زۆری گۆڵ تۆماكردنی دا و چەندان تۆپی بەر ستوونی گۆڵ دادا، بەڵام لە سەرجەم هەوڵەكاندا سەركەوتوو نەبوو و لە گێمی دووەمیشدا یاریگەی بێ تۆماركردنی گۆڵ بەجێهێشت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەنزیما لەم وەرزەدا لەسەرجەم یارییەكانی یانەی ریال مەدرید لە خولی ئیسپانیا و ئەوروپا ئاستی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و بووەتە جێگەی رەخنەی دەستەی كارگێڕی و هاندەرانی یانەی شاهانە.

لەمبارەیەوە زێدان بۆ دەزگاكانی راگەیاندن گوتی: بەنزیما شەوی رابردوو ئاستێكی باشی پێشكەش كرد و چەندان تۆپی بەر ستوونی گۆڵ دا، بەڵام چانسی نەبوو و نەیتوانی گۆڵ تۆمار بكات.

زیاتر گوتی: بڕوای تەواوم بە بەنزیما هەیە و بەهیچ شێوەیەكیش داوامان لە سەرۆكایەتی یانەكەمان نەكردووە هەوڵی هێنانی هێرشبەری نوێ بۆ ریزی تیپەكە بدەن.

زانیارییە رۆژنامەوانییەكان ئاماژەیان بەوەدابوو كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لە هەوڵی ئەوەدایە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هێرشبەرێكی نوێ بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە و بۆ ئەمەش سێ هێرشبەری كردووەتە ئامانج كە ئەوانیش برێتین برێتین لە ماورۆ ئیكاردی لە یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی، رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی لە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی و تیمۆ ڤێرنەر لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانی.

راهێنەری یانەی ریال مەدرید جەختیشی كردەوە كە ناكرێ لە هەموو یارییەكدا داوای تۆماركردنی گۆڵ لە بەنزیما بكەین، بەڵام گرینگ ئەوەیە ئاستێكی باش پێشكەش بكات و هاوكاری هاوڕێكانی بكات بۆ سەركەوتن.

زێدان جەختیشی كردەوە كە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هیچ هێرشبەرێكی نوێ ناكڕن، بەڵام رەنگە لە هاوینی داهاتوودا چاوخشانەوە بە بڕیارەكانیان بكەن.

جێی باسە یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی ئیسپانیا و ئەوروپا، لەم وەرزەی خولی ئیسپانیا دوای ئەنجامدانی 15 یاریی ئێستا بەكۆكردنەوەی 31 و بەجیاوازی 8 خاڵ لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی پێشەنگ، لە ریزبەندی چوارەمی یانەكان دێت، لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش گەیشتووەتە قۆناغی 16 و رووبەڕووی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دەبێتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م