لە قوتابخانە ئەهلییەكان بەناو پەروەردەوە بێ ئەخلاقی دەگوزەرێ

:: PM:05:27:15/12/2017 ‌

ژمارەی قوتابخانە ناحكوومییەكان زۆر بوون و بە هەر شەقام و كۆڵانێكدا بڕۆیت، تابلۆی قوتابخانە و باخچەی ساوایان یان دایەنگەیەكی ناحكوومی بەرچاو دەكەوێت، تەنانەت ناردنی منداڵان بۆ ئەو قوتابخانانە بووەتە چاولێكەری و قوتابخانە ناحكوومییەكانیش لە ئاستی ناوەكەیاندا نین و زۆر لە قوتابخانەكان لایەنی ڕۆشنبیریی كۆمەڵایەتی بۆ پەروەردەی منداڵ ڕەچاو ناكەن. بگرە ئازاری قورسیشیان دەدەن.

سوزان كە دایكی یەكێك لەو قوتابییانەی لە قوتابخانەیەكی ناحكوومی دەخوێنێت، گلەیییەكی زۆری لە سیستەم خوێندنی قوتابخانە  ناحكوومییەكان هەیە و دەڵێت، بە داخەوە دایك و باوكان بەشێكیان ڕۆشنبیری ئەوەیان نییە بۆچی منداڵەكانیان بۆ قوتابخانەی ناحكوومی دەنێرن و ناكرێت تەنیا لەبەرئەوەی بە زمانێكی تر دەخوێنن، منداڵ بۆ ئەو قوتابخانانە بنێرن، بەڵكو دەبێت لایەنی پەروەردەیی و رۆشنبیریش لەبەرچاو بگیرێت.

ئەو پێی وایە ئەو قسانەی كە بەرپرسانی قوتابخانەكە دەیان كرد لە ڕووی خواردن و سیستەم و پەروەردەوە، هیچ شتێكی راست دەرنەچوو و تەنانەت منداڵەكەی شەڕانگێزتریش بووە و جنێوی سەیر فێر بووە و بووەتە كەسێكی گۆشەگیر.

بەگوتەی سۆزان بۆ "وشە"، قوتابخانە ناحكوومییەكان لەگەڵ ئەوەی پارەیەكی زۆر وەردەگرن و قسەی بریقەدار زۆر دەخرێتە پاڵیان، كەچی لە ڕاستیدا وا نین و سیستەمیان نییە بۆ وەرگرتنی مامۆستا و قوتابیی باش تا چاوەڕوانیت لێیان هەبێت منداڵەكەت لە ئاستێكی بەرزی كۆمەڵایەتی و زانستی و پەروەردەیی بۆ پێ بگەیەنن.

هاوكات دایكی لاس بۆ "وشە" دیوێكی تری قێزەونی ئەو قوتابخانانە دەخاتە ڕوو كە كاریگەریی لەسەر گەشەی منداڵ هەیە و گوتی، ماوەی ساڵێك زیاترە كوڕەكەم لە دایەنگەیەكی ناحكوومی بوو، سەرەتا لەڕووی پاك و خاوێنییەوە باش نەبوون و گرینگییان پێ نەدەدا، بەڵام دوای ئەوەی ئاگادارم كردنەوە باش بوون و منداڵەكەم بە پاكی دەهێنایەوە، بەڵام "لە ڕووی پێدانی خۆراكەوە هیچ هەوڵیان لەگەڵی نەدەدا و خواردنیان پێ نەدەدا و دەیانگوت خواردن دەخوات"، كەچی وانەبوو، هەر لەبەر ئەو هۆكارەش بوو لەوێ دەرمهێنا، بەداخەوە پارەكانیشیان زۆرە.

لەو قوتابخانانە كە هەریەكەیان ناوێكی زل و دروشمێكی جیهانی هەڵگرتووە، جۆری سیستەمی ئازاردان و ئەشكەنجەی سەیر رووبەڕووی منداڵ دەكرێتەوە و لەلایەن حكوومەتیشەوە بەرەڵا كراون و چاودێری ناكرێن.

جەمال مەولوود بەڕێوبەری یەكێك لە قوتابخانە ناحكوومییەكانی هەولێر، بۆ "وشە" گوتی، سیستەمی خوێندن لە قوتابخانەكەیان لە ڕووی پەروەردەیییەوە بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و شێوەی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ قوتابییان پۆلێن كردووە.

 بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، مامەڵە لەگەڵ قوتابی هەرزەكار، بەشێوەیەكە و منداڵن بەشێوەیەكی تر، بەپێی ڕێنوێنی وەزارەت نابێ توندوتیژییان بەرانبەر بكەن و كەسایەتییان بڕووخێنن، هەر كێشەیەكیشیان هەبووبێت لە ڕێی توێژەری كۆمەڵایەتی و بە یارمەتی دایك و باوكانیان كە سەردانمان كردوون چارەسەر كراوە، هاوكات بایەخمان بەلایەنی دەروونی قوتابی داوە.

سەرەڕای ئەو تەنگژە قووڵەی كوردستانی گرتەوە، ئەمساڵ ژمارەیەك قوتابخانە نرخی خوێندنیان گران كردووە و پارەی قوتابیان كراوە بە قیست، بەڵام لە كاتی خۆیدا پارەكە نەبەیت منداڵەكەت لە قوتابخانە دەردەكەن و رێی نادەن تاقیكردنەوە بكات، هەر بە وریایی كاتی پارەدانیان بەستووەتەوە بە كاتە چارەنووسسازەكانی وەرزی خوێندن.

وەك مامۆستا جەمال ئاماژەی پێ كرد، بە پێی ڕێنوێنیی وەزارەتی پەروەردە، رەچاوی بارودۆخی قوتابی كراوە، ئەگەر داوای پارەش لە قوتابی كرابێت هۆی ئەوە بووە ئەوان پارە نەدەن، گرفت لای قوتابخانەش دروست دەبێت و ناتوانن مووچەی مامۆستا و كارمەندەكانی قوتابخانەی پێ بدەن.

عیسام عیسمەت بەڕێوەبەری قوتابخانە و پەیمانگە ناحكوومییەكان لە وەزارەتی پەروەردە، بۆ "وشە" روونی كردەوە، لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیانەوە لیژنەی تایبەتیان هەیە بۆ قوتابخانە ناحكوومییەكان كە بریتین لە چەند سەرپەرشتیارێك، ئەوان لە ساڵدا سێ جار سەردانی قوتابخانەكان دەكەن. لە كاتی ئەو سەردانانە هەرچی كەموكوڕی و كێشە و گلەیی دایك و باوك و قوتابییان هەیە، بە ڕاپۆرت بەرزی دەكەنەوە بۆ وەزارەت.

"رێوشوێنی پێویست دەگیرێتە بەر و بەدواداچوون بۆ ڕاپۆرتەكان دەكەین، جگە لەوانە هەندێ ڕاپۆرتی تایبەت هەن ڕاستەوخۆ دێن و ئەگەر پێویست بكات مامۆستا و تەنانەت بەرپرسانی قوتابخانەش سزا دەدەین و قورسترین سزایش داخستنی یەكجاری قوتابخانەكەیە" عیسمەت وای گوت.

وشە/ ژاڵە ناسح بەرزنجی



وشە - تایبه‌ت